کەرتی گەشتیاریی لە هەڵەبجە

10:55 - 2024-09-23
دیدار
126 جار خوێندراوەتەوە

دیداری/ محەمەد رەزا 

هەڵەبجە كەوتۆتە نێوان چیاكانی باڵامبۆ، شنروێ،‌ زنجیرە چیاكانی هەورامان و سورێنەوە چەندین شوێنی گرنگی گەشتیاریی تێدایە، لەگەڵ ئەوەی ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی دەکەن، بەڵام تائێستا وەک پێویست ئاوڕ لەو کەرتە گرنگەی شارەکە نەدراوەتەوە.

حەمەی حاجی شەریف:  بۆ زیاتر گەشەسەندنی شارەکە داوای کردنەوەی سینەما، هۆڵی شانۆگەری، بۆنەکان، کۆڕ و سیمینار دەکەین

حەمەی حاجی شەریف لێپرسراوی لقی هەڵەبجەی كۆمەڵەی رۆشنبیری موختارەكانی كوردستان دەڵێت: شوێنمان هەیە لە دەوروبەری هەڵەبجە بەتایبەتی لە رێگەی چاوگ - باوەكۆچەك زەوییەكی زیاتر لە 10 دۆنمی سیاج كراوە لەسەر شێوازی ئەندازیاریی و شارستانی تەختكراوە هەرئەوەی ماوە دیزانێکی باشی بۆ بکرێت و بکرێتە پارکێکی نموونەیی بۆ هاووڵاتیانی شارەکە و گەشتیارانیش.

وتیشی: سەرچاوەی ئاوی چاوگمان هەیە بە درێژایی ساڵ ئاوی لێدەڕوات و وشك نابێت، دەتوانرێت چواردەورەكەی بكرێتە کابینەی گەشتیاریی و تەلەفریكی لێ دروست بكرێت، ئەوە سیمایەکی جوان بە ناوچەکە دەبەخشێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: قیرتاوکردنی رێگەی گوندی باوەكۆچەك بۆ چاوگ هاوکارێکی باش دەبێت بۆ بوژانەوەی کەرتی گەشتیاریی ناوچەکە و خزمەتێکی باش بە پارێزگاکە.
لێپرسراوی لقی هەڵەبجەی كۆمەڵەی رۆشنبیری موختارەكانی كوردستان باسی لە هۆتێلی هەڵەبجە پاڵاس کرد و وتی: هۆتێلی هەڵەبجە پاڵاس چەند ساڵێكە بە نرخێكی یەكجار كەم دراوە بە كەسێكی خەڵكی دەرەوەی شارەکە بە نرخێکی رەمزی، ئەگەر بدرێتە کەسێک رێکی بخاتەوە و بیخاتە خزمەتی گەشتیارانەوە وادەکات ناوچەکە زیاتر ببوژێتەوە و ببێتە سەرچاوەی داهاتێکی باش بۆ حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە.
لە بەشی سەرەوەی هەڵەبجە پاركی شاری یاری هەیە، كە دیمەنێکی جوانی شارستانی بە شارەکە بەخشیوە سەوزایی زۆر، هەروەها شوێنێکە چالاکی جۆراوجۆری تێدا دەکرێت و هاووڵاتیانیش سەردانی دەکەن، حەمەی حاجی شەریف دەڵێت: ئەو پارکە جوانەی شار دەرەوەی تائێستا خۆڵە لە زستان و هاوینیشدا دەبێتە هۆكاری بێزاربوونی هاووڵاتیان لە كاتێكدا بە تێچوویەکی کەم قیرتاو دەکرێت.
هەڵەبجە هەر لە کۆنەوە دەیان نووسەر و رۆشنبیری تێدا هەڵکەوتووە و چەند تیپێکی مۆسیقای هەبووە لەوانە، تیپی مۆسیقای شنروێ کە ئێستا وەک فێرگەیەک وایە بۆ فێربوونی مۆسیقا لێپرسراوی لقی هەڵەبجەی كۆمەڵەی رۆشنبیری موختارەكانی كوردستان دەڵێت: داوا لە وەزارەتی رۆشنبیری دەکەین هاوکاری تیپی مۆسیقای شنروێ بێت بۆئەوەی بتوانن زیاتر پەرە بەبواری مۆسیقا بدەن لە شارەکەدا.
وتیشی: بۆ زیاتر گەشەسەندنی هەڵەبجە داوای کردنەوەی سینەما، هۆڵی شانۆگەری، هەروەها هۆڵی بۆنەکان و کۆڕ و سیمینار دەکەین لەلایەنی بەرپرس.

بابەتە پەیوەندیدارەکان