حەسەن جومعە
1
لەوەتەی کەوتوومەتە قوژبنێکی
ئەم گەردوونەوە
لەسەر پشتی نهێنییەک
راکشاوم!
2
گشت ئێوارەیەک،
دڵم لە باخچەیەکی غەمگیندا
جێدەمێنێت و
جەستەیشم بەرەو کۆڵانێکی هەمیشە بێدار
رێ دەگرێتە بەر
3
پەنجەرەکەم گیرۆدەی قووڵترین تاریکییە
هەر بۆیە رووناکیم
بۆ شرۆڤە ناکرێت.
4
وەختێک شەو دادێ و
چۆلەکەکانی سەردار قۆخی حەوشەکەمان
لە جریوە دەکەون
تەنیایی دووبارە بەر شانم دەکەوێ.
5
هەر جارێک
کە ئاوڕ لە کاتژمێر دەدەمەوە
هەست دەکەم
هەنگاوێکی تر لە مردن نزیک دەبمەوە.
6
دیمەنی هەموو جەنگەکان
لە چاوەکانی مندا
کۆتاییان دێت، ئیدی من چۆن فریای
پێکەنینێک بکەوم!
7
کە بیر لە گیانەڵای باڵندەیەکی بەندکراوی
نێو قەفەس دەکەمەوە
لە نێو گریانێکی بە خوڕدا
دەتوێمەوە.
8
تا پەتی سێدارە
لە فەرهەنگی مرۆڤدا نەسڕێتەوە
من پێیەکانم لەم قوڕی
شیوەنە دەرناهێنم.
9
هەمیشە دەڵێم:
تاکو سنوور شەڕی گەورەی نێوان
مرۆڤەکان بێت
ئەوا تفەنگ هیچ کات
نائومێد نابێت!