لە دیدی پەیوەندیدارانی دۆسێکەوە..

هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان بەشێك لە بارگرانیی سەرشانیان كەم دەکاتەوە

11:11 - 2024-09-24
ڕاپۆرت
103 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: تەها عەبدوڵڵا

دوای چاوەڕوانییەكی زۆر مووچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان هاوتای بەغداكرا و لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوتدا، بەشێكی زۆر لەو توێژە مووچەكەیان بەهاوتاکراوی وەرگرت و بڕیارە لەگەڵ جێبەجێكردنی تەواوی یاسا و رێنماییەكان و رێكەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ، مووچەی بەشەكەی تری خانەنشیانیش زیاد بکرێت، خانەنشینان پێیانوایە ئەو گۆڕانکارییە لە مووچەکەیان دەبێتە هۆی باشتركردنی ژیان و گوزەرانیان، بە وتەی ئابووریناسانیش زیادبوونی مووچەی هەر توێژێکی کۆمەڵگە بۆ بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان، دەبێتەوە هۆی بوژانەوەی بازاڕ و رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان.
عومەر فەرهادی ماوەی زیاتر لە 25 ساڵە خانەنشینكراوە لە بارەی زیادكردنی مووچەكەی بۆ كوردستانی نوێ وتی: بێگومان زیادكردنی مووچەی خانەنشینان لە بەرژەوەندی هەموانە و كاریگەریی باشی لەسەر ژیان و گوزەرانی خێزانەكان دەبێت بە گشتی، بەڵام تا ئێستا هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان بەو جۆرە جێبەجێ نەكراوە كە لە یاساكەدا هاتووە، چونكە تا ئێستا بەشێكیان مووچەكەیان زیادنەبووە، كە من یەكێكم لەوانەی لەمانگی حەوتدا مووچەكەم بێ هیچ دەستکارییەک پێدراوە و هەر وەکو جارانە.

پێویستە ژیانێکی شایستەیان هەبێت
وتیشی: پێویستە بڕیاری هاوتاكردنی مووچەی خانەنشیانی هەرێم لەگەڵ ناوچەكانی تری عیراق وەك خۆی جێبەجێ بكرێت تا سەرجەمیان مووچەكەیان زیادبكات، چونكە ناكرێت بەشێك بگرێتەوە و بەشەكەی تر لەو زیادکردنە بێبەش بكرێت، لەبەر ئەوەی توێژی خانەنشینان كەسانی بەتەمەنن و هەندێكیان پەككەوتەن، یان نەخۆشن و كێشەی تەندروستییان هەیە، بەهۆی ئەوەشەوە ناتوانن هیچ كارێكی تر بكەن، بۆیە پێویستە مووچەكەیان لە ئاستێكدا بێت بتوانن ژیانێكی شایستە بەرێبكەن.
ئەو خانەنشینە راشیدەگەنێت: لە وڵاتان جگە لەوەی خانەنشینان گرفتی وەرگرتنی مووچەكەیان نییە، بەڵكو حكومەت خۆی مووچەكەیان بۆ دەباتە ماڵەوە، هاوكات لە رووی تەندورستی و دابینکردنی یەكەی نیشتەجێبوونەوە هاوكاری دەكرێن، كەچی لە هەرێمی كوردستان بە تەمەنێكی زۆر و تەندورستییەكی خراپەوە چەندین سەعات لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەكەیدا چاوەڕوان دەبێت.
هەرلەو بارەیەوە سوهەیلە فەتاح مامۆستای خانەنشین بۆ كوردستانی نوێ وتی: زیادكردنی مووچەی خانەنشینان یەكێكە لە بڕیارە گرنگەكان، دەبوو زووتر یاسای تازەی خانەنشینی عیراق لە كوردستان جێبەجێ بكرێت، چونكە بەشێكی زۆر لە ئێمە مووچەیەكی زۆركەم وەردەگرین، كە بە هیچ شێوەیەك بەشی ژیانێكی ئاسایی و سادە ناكات.

 

زیادبوونی داهاتی هەرتاکێکی کۆمەڵگە هۆکارێکە بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی داهات بەسەر چین و توێژەکاندا و بەدیهێنانی دادپەروەری و کەمکردنەوەی بارگرانیی سەرشانی هەژاران

 

ئەگەر مووچە لەکاتی خۆیدا بدرێت
باسی لەوەشکرد: لەگەڵ وەرگرتنی مووچەی مانگی حەوتدا كە لە سەرەتای مانگی ئەیلول وەرمانگرد، مووچەكەمان بە رێژەیەكی باش زیادكرد، ئەمەش وادەكات بەشێك لەبارگرانی سەرشانمان كەمبێتەوە، بە تایبەتی ئەگەر مانگانە مووچە لەکاتی خۆیدا بدرێت، چونكە ئێمەی خانەنشین جگە لە ژیانی رۆژانە پێویستمان بە چارەسەر و كڕینی دەرمانی زیاتر هەیە، ئەمەش وادەكات پارەیەكی زیاترمان پێویست بێت.
راشیگەیاند: خانەنشینبوون بە مانای ئەوە نییە ئەو كەسە ئیتر پێویستی بەهیچ نییە یان بەرپرسیارێتی خێزانی لەسەر نەماوە، بەڵكو بەشێكی زۆر لە ئێمە هێشتا ئەركی خێزانەكانیان لە ئەستۆیە و كۆڕ و كچەكانیان بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کار و دامەزراندنەوە پشت بە مووچەکەی ئێمە دەبەستن، بۆیە پێویستە هاوشێوەی هەر فەرمانبەرێكی تر مووچەكەمان بەرزبكرێتەوە، بە جۆرێك لە ئاستی ئەو خزمەتەدا بێت كە لە كاتی ئەركی وەزیفی خۆیاندا پێشكەشیان كردووە.
لە رووی ئابوورییەوە مامۆستاییەکی زانکۆ رایدەگەنێت بە دڵنیایی زیادبوونی مووچەی بەشێک لە خانەنشینان کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر حکومەت، خێزان، هاوڵاتی، ئابووری و بازاڕ، جا ئەم کاریگەرییانە دەکرێ ئیجابی بێ هەندێک جاریش سلبی بێ، ئەمەش پەیوەستە بە شێواز و سیاسەتی ئیدارەدانی حکومەت بۆ ئەو پرسە.

دەبێتە هۆی زیادبوونی توانای کڕین
محەمەد موحسین مامۆستای زانکۆ لەشاری هەولێر لەو بارەیەوە بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئەوەی پەیوەستە بە زیادبوونی بڕێک لە مووچەی خانەنشینانی مەدەنی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە دەبێتە زیادبوونی توانای کڕینی ئەو تاک و خێزانانەی، کە پشت بەم سەرچاوەیەی داهات دەبەستن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان، ئەمەش کاریگەریی دەروونیی باشی هەیە، لەبەر ئەوەی ئەم توێژە خەرجی زۆرە و داهاتی کەمە، واتە زیادبوونی مووچەکەی هۆکارێکە بۆ دابینکردنی بڕێکی زیاتر لەو پێداویستییانەی کە هەیانە.
ئاماژەی بەوەشکرد: لەلایەکی دیکەوە زیادبوونی مووچەی خانەنشینی هاندەرێک دەبێت، بۆ بەشێک لە مووچەخۆران تا زووتر هەوڵی خانەنشینکردنی خۆیان بدەن، ئەمەش دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ سوودوەرگرتن لە توانای گەنجەکانمان ئەوانەی کە بێکارن تا بەکاربخرێن، هەروەها بەشێک لە خانەنشینان بەهۆی کەمیی مووچەکانیان و خراپی گوزەرانیانەوە کاری دووەمیان هەیە، بەڵام زیادبوونی مووچەکانیان جۆرێک لە دڵنیاییان پێدەدات و وادەکات لە بازاڕی کار بکشێنەوە، بەمەش دەرفەتی کاری زیاتر بۆ خەڵکی بێکار و گەنجان دەرخسێ . پێشیوایە: زیادبوونی داهاتی هەرتاکێکی کۆمەڵگە هۆکارێکیشە بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی داهات بەسەر چین و توێژەکاندا، بە مەبەستی بەدیهێنانی دادپەروەری و کەمکردنەوەی بارگرانیی سەرشانی هەژاران.
سەبارەت زیادبوونی مووچە و مەترسی دروستبوونی هەڵاوسان، ئەو مامۆستایەی زانکۆ وتی: پێموانییە زیادبوونی مووچە ببێتە مایەی هەڵاوسان، لەبەرئەوەی مووچەی هەموو مووچەخۆران زیاد نەکراوە، بەڵکو ئەوەی هەیە بڕێک لە مووچەی خانەنشینی تەنها بۆ توێژی خانەنشینانی مەدەنی زیادکراوە، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان خۆی لە دۆخێکی سست و خراپدایە و پێویستی بە بوژانەوەیە، بۆیە ئەمە دەکرێ ببێتە رێگەیەک لە رێگەکان بۆ بوژانەوەی بازاڕ نەک هەڵاوسان.

لەم سەردەمەدا پێداویستییەكان زۆرن
هەر لەو چوارچێوەیەدا توێژەرێکی کۆمەڵایەتی پێیوایە گۆڕانكاری لە مووچەی خانەنشینان و ئاوەڕدانەوە لە بژێوی ژیانی ئەو توێژە كاریگەریی ئەرێنی دەبێت لە سەر خێزانەكان و سەقامگیری ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە، چونكە بەهۆی زیادبوونی مووچەكانیانەوە دەتوانن باشتر پێداویستییەكانی خۆیان بین بكەن، هەندێك جاریش دەتوانن بەشێكی لێ پاشەكەوت بكەن، یان هیچ نەبێت بتوانن بگەنەوە بە مانگی داهاتوو، بۆ ئەوەی تووشی قەرز و قەیرانی بێپارەیی نەبنەوە.
بێخاڵ عوسمان توێژەری كۆمەڵایەتی و خوێندكاری ماستەر لەو بوارەدا بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەشێكی زۆر لە گرفتی خێزانەكان بۆ بابەتی دارایی و خەرجیی رۆژانە دەگەڕێتەوە، چونكە لەم سەردەمەدا پێداویستییەكانی مرۆڤ زۆرن و هەندێکیان ناتوانی جێبەجێیان نەكەی، لەم حاڵەتەشدا پێویستی بە بڕێكی زیاتری پارە دەبێت، بۆیە زیادكردنی مووچەی خانەنشینان وادەكات بەشێكی زۆر لەو گرفتانە كەم بێتەوە و خێزانەكان لە رووی دەروونی و كۆمەڵایەتییەوە ئاسودەتر بژین. ئەو توێژەرە كۆمەڵایەتییە جەختیشی کردەوە، بۆئەوەی كۆمەڵگەیەكی تەندروستمان هەبێت، پێویستە نەک تەنیا خانەنشینان بەڵکو بایەخ بە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بدەین.

 

زیادکردنی مووچە وادەکات خانەنشینان لە رووی کۆمەڵایەتییەوە ئاسوودەتر بژین

بابەتە پەیوەندیدارەکان