هەڵبژاردەی بەرازیل و ئەگەری سەرنەكەوتنی بۆ مۆندیالی 2026

12:23 - 2024-09-24
وەرزش
64 جار خوێندراوەتەوە

عەلی كەریم

هەڵبژاردەی بەرازیل -ی خاوەن پێنج نازناوی مۆندیال، لە بەردەم هەڕەشەی سەرنەكەوتندایە بۆ مۆندیالی داهاتووی ئەمریكا و مەكسیك، ئەمەش بە هۆی ئەو ئەنجامە خراپانەی كە لە پاڵاوتنەكانی کیشوەرەکەیدا بۆ مۆندیالی 2026 تۆماریکردووە.
بەرازیل لە كۆی هەشت یاری کە کردوونی، چوار یاری دۆڕاندووە و تەنها یەك یاری بردۆتەوە و بەمەش لە مێژووی هەڵبژاردەی سیلیساودا ئەمە یەكەمجارە بەم شێوازە ئەنجامی زۆر خراپ تۆمار دەکات.
ئامادەبوونی ئەستێرەکانی
ئەم هەڵبژاردەیە كۆمەڵێك لە یاریزانی ناودار و ئەستێرەی موحتەریف یاریی تیادا دەکەن،  بە تایبەتی کە لە یانە ناودارەکانن، لە پێش هەموویانەوە (ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ و ئەندرێك) لە ریاڵ مەدرید كە رۆڵی بەرچاویان لە بردنەوە و یەكلاكردنەوەی ئەنجامەکانی ئەو یانەیەدا هەیە، بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردەكەیان بەپێچەوانەوە دەبینرێن.

هۆكاری ئەنجامە خراپەكان
ئەگەر شیکارییەک بۆ ئەم ئەنجامە خراپانەیان بکەین ئەوا ئەم خاڵانە هۆکارە سەرەکییەکانن؛
*گۆرێنی زۆری راهێنەر، لە دوای شكستە یەك لە دوای یەكەكانی هەڵبژاردەی بەرازیل لە دوای مۆندیالی 2002  - كۆریا و ژاپۆنەوە، بەرازیل كێشەی راهێنەری هەبوو.
*پەرش و بڵاویی یاریزانەكانی هەڵبژاردەی بەرازیل بە تایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپادا وەک ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ئینگلترا و ئیسپانیا و پورتوگال .....هتد، ئەمەش كاریگەریی زۆری هەیە هەر لە كۆكردنەوەیانەوە تا جیاوازی شێوازی یارییكردنیان لەو خولانە و نەگونجانیان لەگەڵ شێوازی یاریی هەڵبژاردەی بەرازیل.
* کەمی یاریكردنی ئەو یاریزانە پیشەگەرەکان پێکەوە لە هەڵبژاردەی بەرازیل، چونکە هەموو هەڵبژاردەیەک كات و یاریی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی یاریزانەكان شارەزای شێوازی یاریكردنی یەكتری ببن، ئەمە وای کردووە ئێستا بەرازیلییەکان   لێكتێگەیشتنیان نەبێت و ناتوانن بە تەواوی یەكتری بخوێننەوە.
* ماندووبوونی زۆری یاریزانەكان بە هۆی زۆری بەشدارییكردنیان لە پاڵەوانیتی و خولەكانی ئەو وڵاتانەی یارییان بۆ دەکەن و پشووی کەمیان هەیە.
*نەبوونی متمانە لەنێوان یاریزانە هێرشبەرەکاندا بۆ گۆڵكردن، چونكە نەبوونی متمانە گۆڵكردنیش کەم دەکات و ئەو ئەركە لەسەر راهێنەر و ستافەكەیە كە رێگاچاریەک بدۆزنەوە بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانانە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان