شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ بەشێک لە ژنان و چالاکوانانی سنووری سلێمانی کۆبووەوە

09:26 - 2024-09-24
کوردستان
477 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئەیلول، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و رەفعەت عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی، لەگەڵ بەشێک لە ژنان و چالاکوانانی مەدەنی سنووری سلێمانی کۆبوونەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن بەڕێوەچوو و هەریەک لە هەڤاڵ بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی سەرکردایەتی و هەڤاڵان جوتیار نوری و رووناک شێخ جەناب و مەهاباد شێخ محەمەد ئەمین کادری پێشکەوتووی یەکێتی و چرۆ شەهاب مامۆستای زانکۆ ئامادەیبوون، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، باسی لەڕۆڵی دیاری ژنان کرد لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا.

 لەو چوارچێوەیەدا تیشکی خستەسەر پێگەی ژن لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا کە پێگەیەکی رێزلێگیراوو شایستەیەو هەمیشە رۆڵی پێشڕەوانەیان هەبووەو شانبەشانی باوک و هاوسەرو کوڕو براکانیان بەشداری کارایان کردووە لەتەواوی کارو چالاکییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکانداو لەو نێوەندەشدا بەشداریی کاریگەریان هەبووە لەشۆڕش و راپەڕینەکانی گەلی کوردستاندا، بەتایبەت لە شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا نەخشی بەرچاویان هەبووە و قوربانیی زۆریان بەخشیووە. هەروەک لە مێژووی کورد دا چەندین کەڵە ژنی هەڵکەوتوو هەبوون کە هەندێکیان رۆڵی گەورەیان لەسەردەمەکەیاندا گێڕاوەو جێ پەنجەیان لەچەندین کایەدا دیاربووە. 

لێپرسراوی ئەنجومەن، تەئکیدیشیکردەوە کە دەبێت دەرفەتی زیاتر بدرێتە ژنان بۆ بەشدارییکردن لەگەشەپێدان و پەرپێدانی کۆمەڵگەدا، چونکە لەم سەردەمی تەکنەلۆژیاو پێشکەوتنەدا پیاوان بەتەنها توانای راییکردنی کاروبارەکانیان نییە، هاوکات داوای لەئامادەبووان کرد بەشدارێکی کارابن لەو گۆڕانکارییە سیاسییەی چاوەڕوان دەکرێت لەهەرێمی کوردستان لەڕێی خەباتی پەرلەمانیی بێتەئاراوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، هەڤاڵ رەفعەت عەبدوڵڵا، کورتە باسێکی لەسەر دۆخی ئێستای هەرێم و ئاڵنگارییەکانی بەردەم خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک پێشکەشکرد و جەختیکردەوە کە بۆ ئەم قۆناغە، یەکێتی بەرنامەی تازەی لەسەر ئاستی ناوخۆی حزب و دەرەوەی حزب هەیە و رایەڵەی پەیوەندییەکانی تووندوتۆڵتر و هەمەلایەنەتر کردووە و بەئومێدێکی گەشەوە هەنگاو بۆ پێشەوە دەنێت.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ژمارەیەک لە ژنانی ئامادەبوو، چەندین پرسیار و تێبینییان هەبوو، ئازادانە تێڕوانینی خۆیان لەبارەی کۆی بابەتەکانی کۆبوونەوەکە خستەڕوو.

#129 #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان