چاودێران و شارەزایانی بواری سەربازی لە کوردستانی نوێ -وە:

بارودۆخی ناوچەكە لەبار نییە بۆ كشانەوەی سوپای ئەمریکا لە عیراق و هەرێمی کوردستان

10:39 - 2024-09-25
ڕاپۆرت
139 جار خوێندراوەتەوە

لەچەند رۆژی رابردوودا جارێكی تر پرسی کشانەوەی هێزەكانی  ئەمریکا لە عیراق و هەرێمی كوردستان سەریهەڵدایەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانیش لیژنەیەك لە نێوان حكومەتی عیراق و  ئەمریکا بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنراوە، تاكو خشتەیەكی زەمەنی بۆ كشانەوەی بۆ ئەو هێزانە دابنرێت، بەوتەی شارەزایانی بواری سەربازی پێشنیاری كشانەوەی ئەو هێزانە لەسەر داوای عیراق بووە، بەو پێیەی لەكاتی ئێستا هەڕەشەی تیرۆر نەماوە و ئەركی ئەو هێزانە لە عیراق كۆتایی هاتووە، لەو بارەیەوە نووسەران و چاودێرانی سەربازی كاریگەری كشانەوەی هێزەكانی  ئەمریکا لە عیراق و هەرێمی كوردستان دەخەنەڕوو و پێیانوایە بارودۆخی ئێستای ناوچەكە لەبار  نییە بۆ كشانەوەی ئەو هێزانە و بەدووریشی دەزانن  ئەمریکا دەستبەرداری ئەو ناوچەیە بێت.

راپۆرتی/ تەها عەبدوڵڵا

لەبەژەوەندیی عیراقدا  نییە
باڵامبۆ محەمەد ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەو بارەیەوە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: كشانەوەی  ئەمریکا لەم كاتانەدا لەبەژەوەندیی عیراقدا  نییە، چونكە عیراق هیچ دۆستێكی راستەقینەی  نییە لە ناوچەكە، بەڵکو وڵاتانی دەوروبەر هەمیشە لەگەڵ ئەوەدان عیراق سەقامگیر نەبێت و هاووڵاتیانی لە ژیانێكی خۆشدا نەژین.
وتیشی: هەر كشانەوەیەكی  ئەمریکا وادەكات وڵاتان هیچ ترسێكیان لە دەستێوەردان لە عیراق نەمێنێت ‌و بەدوای بەژەوەندیی خۆیان بگەڕێن، بۆیە هەموو ئەو وڵاتانەی دەوروبەر، تەنانەت هەندێك وڵاتانی دوورتریش بۆ بەرژەوەندی خۆیان عیراقێكی لاواز و بێ سەروەریان دەوێت، بەدڵنیایەوە ئەوكاتە عیراقیش بێ هێز دەبێت كە  ئەمریکا بكشێتەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی پێشمەرگە هەورەها دەڵێت: سەبارەت بە كورد بەهەمانشێوە، بوونی هێزەكانی هاوپەیمانان بە تایبەتی  ئەمریکا پاڵپشتییەكی باشە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە بەدرێژایی مێژوو كورد بەدەست وڵاتە داگیركەرەكانەوە چەوساوەتەوە و زوڵمی لێكراوە، بۆیە هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی  ئەمریکا هەمیشە پاڵپشتی گەلی كورد بوونە، بەتایبەتی دوای رووخانی رژێمی بەعس و لە شەڕی تیرۆردا هاوكار و پشتیوانی هێزەكانی پێشمەرگە بوون، بۆیە كشانەوەی  ئەمریکا لە عیراق و كوردستان بێگومان كاریگەری لەسەر ئەو پشتیوانیانە دەبێت.

ئەمریکا ناكشێتەوە
لای خۆیەوە د.عەبدولواحید ئیدریس نووسەر و شارەزای بواری سەربازی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: من پێموایە  ئەمریکا لە عیراق و هەرێمی كوردستان ناكشێتەوە، چونكە بەئاسانی دەستی لەم ناوچەیە بەرنابێت، بەتایبەتی هەرێمی كوردستان باشترین و ئارامترین شوێنە بۆ هێزەكانی  ئەمریکا، واشنتۆنیش باش دەزانێت شوێنەكانی تر دوژمنی  ئەمریکان و جگە لە كوردستان لە هیچ شوێنێكی تر دڵنیا نییە لەمانەوەی بە ئارامی.
وتیشی: دەبوو ئێمەی كورد لە هەرێمی كوردستان، سوود لەپێگەی خۆمان وەربگرین و بەرژەوەندیی  ئەمریکا تێكەڵ بەبەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان بكەین، دەكرا لەو ماوەیەی  ئەمریکا لێرە بوو، لەرووی سەربازی و پێشمەرگایەتی باشتر خۆمان رێكبخەینەوەو ئەو بۆشاییانە پڕبكەینەوە، كە تاكوئێستا هەڕەشەیە لەسەر قەوارەی هەرێم و کارمان بۆ یەكخستنەوەی سەرجەم هێزەكان لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە بکردایە.
 باسی لەوەشكرد: لەحاڵەتێك ئەگەر ئەمریکا لە عیراق و كوردستان بكشێتەوە، كە من بەدووری دەزانم، ئەوا چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ لەبەرژەوەندیی بەغدا یەكلادەبێتەوە، چونكە ئەوان لە رێگای دەستوور و یاساوە هەوڵدەدەن، هەرێم زیاتر بچوك بكەنەوە و بەكەمینە ‌و زۆرینە ئەو یاسا و بڕیارانە تێپەڕێنن كە لەبەژەوەندیی خۆیاندایە، هەرێمی كوردستانیش بەبێ هیچ پاڵپشتیەكی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە.

هەرێم و رۆژئاوای كوردستان
هەرلەو بارەیەوە خالید گڕاوی نووسەر و پێشمەرگەی دێرین بە كوردستانی نوێ راگەیاند و وتی: من پێموایە  ئەمریکا بە زەحمەت لە عیراق و بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان دەكشێتەوە‌ و گۆڕەپانەكە چۆڵ ناكات، چونكە باشترین شوێن بۆ ئەمریکا لە ناوچەكە هەرێم و رۆژئاوای كوردستانە.
ئەوەشی خستەڕوو وتی: جگە لەوەی كشانەوەی  ئەمریکا لە بەرژەوەندیی خۆی  نییە، هاوكات لە رووی ئەمنی و سەربازیی و ئابووری لەبەرژەوەندیی عیراقیش  نییە، هەربۆیە حكومەتی عیراق ئەگەر فشاری لایەنە سیاسییەكانی لەسەر نەبێت، بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان و بەتایبەتی  ئەمریکا  نییە.
خالید گڕاوی پێشیوابوو: راستە ئەمریکا لە رووكەشدا باس لەكشانەوە دەكات، بەڵام رووداوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی شەڕی غەزەو ئیسرائیل و لوبنان، هەروەها هەڕەشەی تیرۆر، بەهیچ شێوەیەكی رێگا بەوە نادات،  ئەمریکا لە عیراق بكشێتەوە، لەكاتی هەر كشانەوەیەكیش بۆ ماوەیەكی كەم دەبێت و دواتر دەگەڕێتەوە، وەك چۆن لە ساڵی 2011 لە عیراق كشایەوە، كەچی لە 2014 دا بەناوی شەڕی داعشەوە جارێكی تر گەڕایەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان