راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
سایە دانا کچێکی تەمەن 18 ساڵە، بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بۆ یەکەمجار مافی دەنگدانی هەیە، کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتۆتەوە و دەڵێت: دوو مانگ لەمەوبەر مامەڵەی دەرهێنانی کارتی بایۆمەتری دەنگدانم کرد و ئێستا وەرمگرتۆتەوە.
وتیشی: دەنگدان مافە، بە وەرگرتنەوەی کارتەکەم و چوونم بۆ دەنگدان رۆژی هەڵبژاردن پیادەی مافی خۆم دەکەم و دەنگ دەدەم بەو لیست و کاندیدەی دەتوانێت شەڕی مافەکانم بکات لە پەرلەمان.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڕیارە لە رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە بەڕێوەبچێت، کە بەشێوازی فرەبازنەیی دەبێت و هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەشکراوە، هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە.
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم
بۆ کوردستانی نوێ : هەر دەنگدەرێک کارتی بایۆمەتری دەنگدانی نەبێت، ناتوانێت دەنگ بدات، کە پێویستە کارتەکە وێنەی کەسەکەی لەسەر بێت و پەنجەمۆری لەسەر بێت کە شوێنێکی سیمکارتییە
گرنگیی کارتی بایۆمەتری دەنگدان
نەبەرد عومەر سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق بە کوردستانی نوێی راگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەلیکترۆنییە و پێویستە دەنگدەر کارتی دەنگدانی هەبێت ئەگەر نەیبێت ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردن بکات.
وتیشی: تائێستا نزیکەی 180 هەزار کارتی دەنگدان لە بنکەکانی کۆمسیۆن لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ماون و وەرنەگیراونەتەوە و داوا لە خاوەنەکانیان دەکەم بچن کارتەکانیان وەربگرنەوە بۆ ئەوەی مافی دەنگدانیان نەفەوتێت.
هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ملیۆن و 800 هەزار دەنگدەری هەیە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوو ملیۆن و 672 هەزار و 43 کەس لە دەنگدانی گشتی و 216 هەزار و 119 کەسیش لە دەنگدانی تایبەت دەتوانن دەنگ بدەن کە دەکاتە ٪76 دانیشتوانی هەرێمی کوردستان.
خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان یەکەمین خولی پەرلەمانە کە ژمارەی ئەندامانی دەبێتە 100 ئەندامی هەڵبژێردراو.
نەبەرد عومەر نەبەرد عومەر سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق بۆ کوردستانی نوێ دەڵێت: هەر دەنگدەرێک کارتی بایۆمەتری دەنگدانی نەبێت ناتوانێت دەنگ بدات، کە پێویستە کارتەکە وێنەی کەسەکەی لەسەر بێت و پەنجەمۆری لەسەر بێت کە شوێنێکی سیمکارتییە.
تائێستا نزیکەی 180 هەزار کارتی دەنگدان لە بنکەکانی کۆمسیۆن لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ماون و وەرنەگیراونەتەوە
ژمارەی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان
لە تەواوی هەرێمی کوردستان، هەزار و 266 بنکە بۆ رۆژی دەنگدان ئامادەیە، بە جۆرێک لە سنووری پارێزگای هەولێر 498 بنکە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 477 بنکە، لە سنووری پارێزگای دهۆکیش 264 بنکە و لە پارێزگای هەڵەبجەش 27 بنکەی هەڵبژاردن دەبێت. هەروەها کۆی گشتیی وێستگەکانی دەنگدانیش بریتین لە شەش هەزار و 298 وێستگە، کە دوو هەزار و 203 وێستگەیان لە هەولێر، دوو هەزار و 364 وێستگە لە سلێمانی، هەزار و 595 وێستگە لە دهۆک و 136 وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای هەڵەبجە دەبێت.
نەبەرد عومەر ئاماژەی بەوەکرد: لە سەرجەم شارەکان 173 بنکەی وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانمان هەیە و رۆژانە کارمەندەکان لە سەعات هەشتی بەیانی بۆ سێی دوای نیوەڕۆ لە دەوام دەبن بۆ پێدانەوەی کارتەکان.
وتیشی: لە رۆژی دەنگدانیش هاووڵاتیان دەتوانن بچنە بنکەکانی کۆمسیۆن کارتی دەنگدان وەربگرنەوە و پاشان بچن دەنگ بدەن.
دەنگدانی گشتی لە چوار فۆڕمی دەنگدان پێکدێت بۆ پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە و بۆ دەنگدانی تایبەتیش یەک فۆڕمی دەنگدان دەبێت بۆ هەموو ناوچەکان.
سزای پێشێلکاری
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەڵێت: هەموو ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە و راهێنانەکانمان چڕکردۆتەوە بۆ بەکارهێنانی سیستمەکە بە شێوەیەکی دروست.
وتیشی: سیستمی دەنگدان بە تەواوی پێشکەوتوو و پارێزراوە، دەنگدان نهێنییە و هیچ کەسێک نازانێت دەنگدەر دەنگی بە چ لیست و کاندیدێک داوە.
بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رۆژی 25/9 دەستی پێکرد و بڕیارە تا 48 سەعات پێش رۆژی دەنگدان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەردەوام بێت کە بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بەڕێوە دەچێت. جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند: بەکارهێنانی دامەزراوە و باڵەخانە حکومییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
وتیشی: هەر کەس و لایەنێک پێشێلکاری بکات، سزاکان روون و ئاشکران، لە سەپاندنی پێبژاردنی مادییەوە تاوەکو دوورخستنەوەی کاندید و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەگرێتەوە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق لە رۆژی (16ـی نیسانی 2024) لە 180 بنکەی دەنگدان کە حەوتیان بنکەی دەنگدانی تایبەت بوو، لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی دەنگدانی بەشێوەی ئەزموونی بەڕێوەبرد کە تایبەت بوو تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان و گواستنەوەی زانیارییەکان.