کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان جەماوەری نیشتمانپەروەری پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە دانیشتووانی خۆڕاگری ئیدارە خۆجێیەکانی (گەرمیان، راپەڕین، سۆران، زاخۆ دەنگدەرانی سەرجەم شار و شارۆچکە و گوندەکانی هەرێمی کوردستان
هەرێمی کوردستان لەڕووی سامانی سروشتییەوە هەرێمێکی دەوڵەمەندە و لەڕووی گەشتیارییەوە ناوچەیەکی دڵگیرە، لەڕووی کشتوکاڵیشەوە خاوەن خاکێکی بەپیتە، ئەم تایبەتمەندییانە کۆڵەکەی بونیاتنانی نیشتمانێکی ئاوەدان و پێشکەوتوون کە لە سایەیدا خۆشگوزەرانیی سەرجەم چین و توێژەکانی فەراهەم دەبێت، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی لادان لە پرەنسیپەكانی هاوبەشیی حكومەت و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ناواقیعی و ئیدارەدانێکی نادروستەوە، هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە پاشەکشەی کردووە و جۆرەها هەڕەشەو مەترسی جددی بەرۆکی هەرێمەکەمانی گرتووە. رۆژ لەدوای رۆژیش ژیانی هاووڵاتیان بەرەو خراپتر و سەنگی هەرێمی کوردستانیش بەرەو لاوازی دەچێت، ئەمەش لە ئاست خواستی یەکێتی و خەبات و قوربانیدان و خۆڕاگریی گەلی کوردستاندا نییە، بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڵێنی داوە بە ئەرکی مێژوویی خۆی هەڵسێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە بە بەرنامەیەکی هەمەلایەن و گشتگیرەوە لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و باشترکردنی بژێویی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەرەو راستکردنەوەی رێڕەو هەنگاو بنێت، چونکە یەکێتی دامەزرێنەری راستەقینەی سیستمی فیدراڵییە لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992، دوای رووخاندنی رژێمی بەعسیش بە هەوڵەکانی سەرۆک مام جەلال و یەکێتی، ئەم سیستمە لە دەستووری عیراقدا جێگیرکرا، بۆیە کاتی ئەوەیە ئێستا ئەم ئەزموونە لە شکست و قۆرخکاریی بپارێزێت.
ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی چارەنووسسازە، هەروەک بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی دەخاتە سەرشانی هەموومان کە پێکەوە ئەم هەلە لەدەست نەدەین و هەوڵی راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانیی لە هەرێمی کوردستان بدەین
چارەسەری مووچەی هەرێم
سیاسەتی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ روونە کە لە بەغدایە، نەک لە پایتەختی وڵاتێکی دیکە و دەبێت لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا رێککەوتنی هەمیشەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و سەرجەم کێشەکانی دیکە بکرێت، بەشێوەیەک مافی خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی هەرێم پارێزراوبن .
دیدی یەکێتی ئەوەیە کە ئابووریی سەربەخۆی هەرێم بەوە نابێت پەیوەندییە ئابوورییەکان بە تەواوەتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا ببڕین و شادەماری ئابووریی هەرێم راستەوخۆ بە لایەنێکی دەرەکییەوە ببەستینەوە، چونکە رۆژێک دێت ئەو شادەمارە لە رەگەوە هەڵدەکەنن، بەداخەوە دواجار هەر ئەوەش روویدا، بۆیە نەمانهێشت غازەکەش بە دەردی نەوتەکە ببرێت.
ئێمە خۆمان دەسەڵاتداری رەها نین
پرەنسیپی جێگیر لای ئێمە ئەوەیە هەر تەنها خۆمان دەسەڵاتداری رەها نین، بەڵکو سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان، بەپێی شایستەیی هەڵبژاردن و رێککەوتنی پێشوەختە لە بەڕێوەبردنی ئیدارەکاندا هاوبەشن، لای ئێمە رێز لە بەرکەوتەی هەڵبژاردن دەگرین، فرەیی سیاسی و ئازادیی كاركردنی پارتەكان لە ترۆپکدایە و هەموو هێزەكان، لەروانگەی دیموكراسییەت و یەكتر قبووڵكردنەوە مامەڵە دەكرێن، بارەگا داناخرێن و ناسوتێندرێن و لایەنگرانی لایەنەکانی تر دووچاری راوەدونان نابنەوە .
لای ئێمە، کەرتی (کشتوکاڵ، پیشەسازی، خوێندنی باڵا، ئاژەڵداری، گەشتوگوزار، تەندروستی) و کۆی سێكتەرەكانی دیكە لە هەڵکشاندایە و دەستی ئاوەدانی گەیشتۆتە دوورترین گوندی سەر سنوورەکان و ئامانجمانە لەوە زیاتریان بکەین.
دژی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسانین لەسەر بیروڕای جیاواز و ئازادیی رادەربڕین و رەخنەگرتن لە حکومەت.
-مافی خۆپیشاندان مافێکی سەرەتایی هەموو چین و توێژێکە، لە رابردووشدا ئەوەمان بە پراکتیکی سەلماندووە، بەردەوامیش داکۆکی لێدەکەین .
-رێگەچارە سیاسی و دیپلۆماسییەکان بۆ پاراستنی ئارامیی سنوورەکان و پاراستنی هاوڵاتییان لە پێشینەی کارەکانمانە .
-هەموو شوێن و شارێکی کوردستان بە شوێن و شاری خۆمان دەزانین و هەوڵمان نەداوە لەڕێی میدیاوە روخسارێکی ناشیرین بە هیچ شار و شارۆچکەیەک ببەخشین، چونکە یەکێتی هێزی تەواوی نیشتمان و کوردستانە و خزمەتکردنی سەرجەم شار و شارۆچکە و دێهاتەکانی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێت.
- لە روانگەی ئێمەوە، هاووڵاتیان لە ئەرک و ماف و ئیمتیازدا یەکسانن، وەلائی حزبی پێوەر نییە بۆ ئیمتیاز بەخشینەوە .
- یەکێتی هیچ پێکهاتەیەک بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکارناهێنێت و رێز لە ئیرادەیان دەگرێت، باوەڕی نەگۆڕی وایە كە پێویستە پێكهاتەكان خۆیان نوێنەرایەتیی خۆیان بكەن .
-باوەڕی نەگۆڕمان وایە، کۆچبەرەکان (نازیحەکان) بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، چونکە شارەکانی عیراق ئارامن و پێویست ناکات چیتر لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە، بەزۆر هێشتنەوەیان، پێچەوانەی بنەما ئەخلاقی و یاساییەکانە و ناکرێت بۆ سوودی ئابووریی و بەکارهێنانیان لە هەڵبژاردن، رێگە لە گەڕانەوەیان بگیرێت.
- ئێمە لە دوای ریفراندۆمەوە، هەوڵێکی زۆرمان دا بۆئەوەی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دابنێین و بەشێک بوو لە رێککەوتنی پێکهێنانی کابینەی حکومەتیش، بەڵام لایەنی دیکە بە پێچەوانەی رێککەوتن و بەرپرسیارییەتی کوردانە هەوڵێکی زۆریاندا بۆئەوەی پارێزگاری سەپێنراو بمێنێتەوە و ئێستاش پشتگیریی لە غەیرە کورد دەکەن بۆ ئەو پۆستە.
-ئێمە لەروانگەی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانییەوە داوامانکرد کورد بە یەک لیست بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی کەرکوکدا بکەن بۆئەوەی نوێنەرایەتیمان زیاتر بێت و کوردێک ببێتە پارێزگار و کۆتایی بە خۆسەپێنی و تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافی بێت، بەڵام لایەنی دیکە لەروانگەی بەرژەوەندیی تەسکی حزبییەوە بەجیا بەشداریانکرد و بەهۆی خۆخۆرییەوە کورد کورسییەکی لەو شارە لە دەستدا.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم چین و توێژەکان ..
گەنجان، ژنان ، کرێکاران، کاسبکاران، جووتیاران، مووچەخۆران:
ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی چارەنووسسازە، هەروەک بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی دەخاتە سەرشانی هەموومان کە پێکەوە ئەم هەلە لەدەستنەدەین و هەوڵی راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان بدەین.
پێکەوە بڕیاری راستکردنەوەی رێڕەوی سیاسی و ئیداری و دیپلۆماسی و خزمەتگوزاری لە هەرێمی کوردستان بدەین و خەڵکی هەرێمی کوردستان لە دەست تاکڕەویی و خۆسەپێنی و بێ مووچەیی رزگار بکەین.
یەکێتی تاکە هێزە، بە دەنگ و پشتیوانی ئێوە دەتوانێت لە سایەی حکومڕانییەکی خەمخۆردا خزمەتێکی شایستە و راستەقینە پێشکەش بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات، هەموو ئەو مەترسی و قەیرانە هەمەجۆرانەی کە بەرۆکی کوردستانیان گرتووە، بڕەوێنینەوە.
پشتیوانمان بن بۆ بەهێزترکردنی یەکێتییەکەتان، چونکە بە بەهێزتربوونی یەکێتی هەرێمێکی بەهێزتر مسوگەر دەبێت و کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە یەکجاریی چارەسەر دەبێت.
لەگەڵمان بن بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە فرەلایەنەکەی یەکێتی کە هەڵقوڵاوی هەناوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و بەرژەوەندیی سەرجەم چین و توێژەکانی لەخۆگرتووە.
لە کۆتاییدا دەڵێین:.هەرێمی کوردستان پێویستی بە (هێز) ێکی بەهێزە، بە پشتیوانیی ئێوە، ئەو هێزەش هەر یەکێتی بووە و هەر یەکێتی دەبێت .
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێزە و بەو هێزە دەتوانین سنوورێک بۆ یاساشکێنی لە هەرێم دابنێین .
پێکەوە دەتوانین جەماوەری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لە دەسەڵاتی تاک حزبی و چەوسانەوە رزگاربکەین.
پێکەوە دەتوانین کۆتایی بە سزاکانی سەر پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین و گەرمیان و قەزای کۆیە بهێنین.
هەر بە هێزێکی وەکو یەکێتی دەتوانین هەرێم بەرەو ئیدارەیەکی سەرتاسەریی و ئارام و خزمەتگوزار ببەین.
بۆ پێشەوە بەرەو سەرکەوتنی لیستی (129)ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانیی لە هەرێمی کوردستان.
لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژمارە (129)