جەماوەری خۆڕاگری هەولێری قەڵا و منارە..
دەنگدەرانی ئیدارەی سۆران و کۆیە و سەرجەم قەزا و ناحیە و گوندەکانی پارێزگای هەولێر ..
ساڵەهایە ئێوەی خۆڕاگر بەدەست کێشە و گرفتی جیاکاریی، نادادپەروەری و قۆرخکاریی دەسەڵات و نەبوونی ئازادیی رادەربڕین و ئیدارەیەکی خۆسەپێنەوە دەناڵێنن ئێمە لەپێناوی یەکڕیزیی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ناچاربووین هەڵوێست و نیگەرانییەکانی خۆمان لەڕێی میدیاوە بە رای گشتی رانەگەیەنین، بۆیە ئەمڕۆ بە دەرفەتی دەزانین کە هەڵوێستی خۆمان سەبارەت بەو زوڵم و ستەم و نادادی و دۆخە ئاڵۆزە ئیدارییەی پاریزگای هەولێر بۆ ئێوەی نیشتمانپەروەر و هەموو گەلی کوردستان بخەینەڕوو..
هەولێر بەهێزە و لەگەڵ هێزێکی وەکو یەکێتی بەرەو سەرخستنی لیستی ژمارە (129) و راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانیی لە هەرێمی کوردستان هەنگاو دەنێت
بەداخەوە هەولێری قەڵا و منارە و پایتەختی هەرێم، لە وەرزی هاویندا لە بێ ئاوی و تینوێتیدا دەخنکێت و لە وەرزی زستانیشدا بەهۆی باران و لافاوەوە دەخنکێت.
خەڵکە رەسەنەکەی لە بچووکترین ماف و ئازادیی بێبەشکراوە و تەنانەت ناتوانن لەڕێی خۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆتیشەوە نیگەرانییەکانی خۆیان دەرببڕن و لەبەردەم دەزگایەکی حکومی یان بارەگایەکی حزبی یان رێکخراوی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی هێمنانە و مەدەنییانە داوای مافی خۆیان بکەن.
هەولێرییەکان ئێستا لە شارەکەی خۆیان بە میوان سەیردەکرێن، کەسانی نامۆ دەستیان بەسەر شادەماری شارەکەدا گرتووە و لەڕێگەی گۆڕینی دیمۆگرافیاوە، خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن.
پایتەختی ئێمە تاکە حزبێک قۆرخی کردووە
لەهەموو بستێکی ئەم جیهانە پان و بەرینە، هەمیشە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی و دروستکردنی گوشار بۆ سەر دەسەڵات، لە پایتەختەکانەوە ئەنجام دەدرێت، کەچی لە پایتەختەکەی ئێمەدا هەموو جۆرە خۆپیشاندانێکی مەدەنییانە قەدەغەیە و تەنانەت گردبوونەوەیەکی ئاشتییانەش چارەنووسی سەرکوت کردنە.
لە سیستمە دیموکراسییەکان و لە پایتەختی وڵاتە دیموکراتی و فرەحزبی و پەرلەمانییەکاندا، ئیدارەیەکی هاوبەش هەیە، کەچی لە پایتەختی وڵاتی ئێمە تاکە حزبێک دەسەڵاتی ئیدارە ناوخۆییەکەی قۆرخکردووە و تەنانەت لەو قەزا و ناحیانەش کە خۆیان شکستیان هێناوە، ماف بە حزبە سەرکەوتووەکان نادەن ئیدارە خۆجێیەکەی ئەو شوێنانە بەڕێوەببەن، یان هیچ نەبێت نوێنەریان هەبێت لە دامودەزگاکانیاندا.
چۆڵکردنی دێهاتەکان و دەربەدەر کردنی هاووڵاتیانی گوندەکانی پارێزگای هەولێر بەهۆی کردەوە سەربازییەکانەوە لە ناوچەکانی باڵەکایەتی و سۆران، دیاردەیەکی مەترسیدارە و دەبێت کۆتایی پێبێت، چونکە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە مەترسی لەسەر ئایندەی هەرێم دروست دەکات.
لەسایەی ئەو دەسەڵاتە تاک حزبییەدا، دێهاتەکانی هەولێر ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر چوڵ دەبن و خەڵکەکەی ئاوارە و دەربەدەر دەکرێن. هەر لەو شارە هەژاری و بێکاری زیاتر دەبێت و دەیان گوند و دێهاتەکانی دەڤەری برادۆست و باڵەکایەتی و سۆران و سیدەکان کەوتوونەتە ناو بازنەی ئاگری شەڕێکەوە کە ساڵ لەدوای ساڵ شەڕەکە بەرەو قووڵایی پارێزگاکە تەشەنە دەکات. بۆیە ئێمە وەکو (ی.ن.ک) بەرامبەر بەم دۆخە ناهەموارەی کە پارێزگاکەمانی پێدا تێپەڕدەبێت، بێدەنگ نابین.
بەرنامەی گشتگیر و گونجاومان هەیە
بۆ ئەو مەبەستە بەرنامەیەکی گشتگیر و گونجاومان لە هەموو سێکتەرەکانی (ئیداری، سیاسی، ئەمنی، ئابووری، ئاوەدانی، ژینگەیی، تەندروستی، پەروەردە و خوێندنی باڵا، کشتوکاڵی، ژنان و گەنجان) و سێکتەر و کایەکانی دیکە ئامادەکردووە و بە سەرکەوتنی لیستی (ی.ن.ک) کۆتایی بەو دۆخە ناهەموارە دەهێنین و هەولێر و هەولێرییەکان ژیانێکی ئارام و ئازاد و پڕ لە ئاشتی و ئاوەدانی و یەکتر قبووڵکردن دەستپێدەکەن.
کۆمەڵانی خەڵکی هەولێر، سۆران، کۆیە، رواندز، باڵەکایەتی، خۆشناوەتی، شەقڵاوە، خەبات و تەقتەق، ئێوە شایستەی ژیانێکی باشترن، شایستەی خزمەتگوزاریی زیاترن، شایانی رێزلێنانی زۆرترن .. شایستەی ئارامی و سەقامگیرییەکی هەمیشەیین بۆیە با ئەم دەرفەتە زێڕینە لەدەست نەدەین و بەدەنگی خۆتان، کۆتایی بە ستەم و جیاکاریی و چەوساندنەوە و نادادی و برسیکردن و بێکاری بێنن، ئێمەش بەدەنگی ئێوە، بە ئیرادەی ئێوە، بە پشتیوانیی ئێوە، دەتوانین رێڕەوی حکومڕانی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان راستبکەینەوە و ئازادی و ئارامی و خزمەتگوزاری و ئاوەدانی بۆ هەموو شار و شارۆچکە و دێهاتەکانی پارێزگای هەولێر مسۆگەر بکەین و هەولێری قەڵا و منارەش ببێتە پایتەختی گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتە و خاوەن بۆچوونە جیاوازەکانەوە.
لەگەڵمان بن بۆ:
-جێبـــەجێکردنــــی بـــەرنــــامـــە فرەلایەنەکەی یەکێتـــــی کــــــە بۆ بوژاندنەوەی زیاتری پارێزگای هەولێر دایڕشتووە و بەرژەوەندیی سەرجەم چین و توێژەکانی لەخۆدەگرێت.
لە کۆتاییدا دەڵێین... هەولێر بەهێزە و لەگەڵ هێزێکی وەکو یەکێتی بەرەو سەرخستنی لیستی ژمارە (129) و راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان هەنگاو دەنێت.
لیستی ژمارە (129)ی (ی.ن.ک) لە بازنەی پارێزگای هەولێر