د. سەمەد ئەحمەد
رۆمانی (مردووخانه‌كه‌ی به‌غدا) نووسینی رۆماننووسی دیاری عیراق (بورهان شاوی)، هه‌وڵێكی دانسقه‌ی ئه‌ده‌بیی و هونه‌ریی تره كه قسه له نائاسایی بوونی كۆمه‌ڵگه و سیستمی سیاسی و ئه‌منی عیراقی سه‌رده‌می سه‌دام و دوای سه‌دام حسێن ده‌كات. نووسه‌ر له‌م رۆمانه‌دا هه‌وڵیداوه له ده‌می مردووه‌كانه‌وه خوێنه‌ر ئاگادار بکاتەوە له رووداوه پڕ مه‌ترسییه‌كان، له تاوانه كه‌م وێنه‌كانی تیرۆریستان، له سه‌ربڕینی مرۆڤ، له گه‌نده‌ڵی سیاسیی، له داوێنپیسی و به‌دڕه‌وشتی ده‌سه‌ڵاتداران، له دووڕویی تاكی كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقی و.. هتد بێگومان بێ فه‌لسه‌فه و حیكمه‌ت نییه كه رووداوه‌كانی ناو رۆمانه‌كه له ده‌می مردووه‌كانه‌وه ده‌گێڕدرێنه‌وه، چونكه نووسه‌ر له‌و بڕوایه‌دایه زیندووه‌كان، له گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌كاندا هیچ كات نه‌یانتوانیووه و ناتوانن راستگۆبن، بۆیه په‌نای بردووه‌ته به‌ر ته‌رمه‌كان، ئه‌وانه‌ی رۆژانه تیرۆر ده‌كرێن یان له ته‌قینه‌وه‌كاندا گیانله‌ده‌ست ده‌ده‌ن و ده‌هێنرێن بۆ مردووخانه‌كه‌ی به‌غدا، تا رووداوه پڕ له تراژیدییه‌كانی عیراق بگێڕنه‌وه!
ئێستا كه‌سێك كه ئه‌م رۆمانه‌ی نه‌خوێندووه‌ته‌وه، ره‌نگه ئه‌و پرسیاره بكات: چۆن مردووه‌كان قسه ده‌كه‌ن؟ كه‌ی ده‌بێت ته‌رمه‌كان له زیندووه‌كان به ئاگا و بە هۆشتربن و بزانن كه له رابردوو و ئێستادا چی روویداوه و چی ده‌گوزه‌رێت؟! به‌ڵكو له‌مه زیاتر پێشبینی بۆ ئایند‌ه‌ش ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ی رۆمانه‌كه بخوێنێته‌وه، هه‌رگیز پرسیاری له‌م جۆرانه ناكات. له‌بری ئه‌مه سه‌رسام ده‌بێت به‌و فه‌نتازیا و هونه‌ركارییه‌ی نووسه‌ر له‌م شاكاره ئه‌ده‌بییه‌دا كردوویه‌نی. مه‌گه‌ر هونه‌ر هه‌ر ئه‌وه نییه كه لێزانانه واقیع و دۆخی ئاسایی باو هه‌ڵبگێڕیته‌وه و سه‌ره‌وخواری بكات، به‌بێ ئه‌وه خوێنه‌ر تووشی سه‌رگێژخواردن، یان هێڵج و رشانه‌وه ببێت؟!
له‌م رۆمانه‌دا، خوێنه‌ر ناپرسێت چۆن مردوو قسه ده‌كات و چیرۆک ده‌گێڕێته‌وه؟ بۆ سه‌گێكی ره‌ش كه هێنده‌ی گامێشێك ده‌بێت حاكمه و دادگایی خه‌ڵكی ده‌كات؟ چۆن چۆنی ته‌رمه‌كان له مردووخانه هه‌ڵدێن و.. هتد.
له‌مانه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه پاسه‌وانی مردووخانه‌كه‌ی به‌غدا، كه ناوی (ئاده‌م)ه و به (ئاده‌می پاسه‌وان) ناسراوه، به‌درێژایی رۆمانه‌كه وا ده‌زانێت زیندووه و ئه‌ركی پاسه‌وانیی خۆی زۆر دڵسۆزانه له مردووخانه‌كه جێبه‌جێ ده‌كات، به‌ڵام دوایی بۆیده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌و له مێژه مردووه و زیندوو نییه! ئه‌م نهێنی و رازه، ئه‌م سه‌مه‌ره‌یه‌ش ته‌رمی منداڵێك ئاشكرای ده‌كات.
له په‌راوێزی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌دا ده‌مه‌وێت بڵێم: چۆن (جۆرج ئۆریل) توانی له رێگه‌ی كورته رۆمانی (باخچه‌ی ئاژه‌ڵان) ه‌وه، حه‌قیقه‌تی پڕ له تاوانی سیسته‌می كۆمۆنیستی ئاشكرا بكات، (بورهان شاوی)ش له‌م كورته رۆمانه‌دا كه (185) لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره مامناوه‌نده، توانیویه‌تی حه‌قیقه‌تی پڕ له تراژیدیای كۆمه‌ڵگه‌ی عیراق و گه‌نده‌ڵیی سیاسی و به‌دڕه‌وشتی ده‌سه‌ڵاتدارانی رابردوو ئاشكرا‌و ریسوا بكات.
سه‌باره‌ت به عیراق، سه‌دان كتێب و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌كادیمی و هه‌زاران وتار و ریپۆرتاژی رۆژنامه‌یی و.. هتد، له‌باره‌یه‌وه نووسراون. له زۆربه‌یاندا ئه‌وه سه‌لمێندراوه كه به‌درێژیی مێژوو و ئێستاش له‌هه‌ر كاتێك زیاتر، عیراق له رووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌زهه‌بییه‌وە كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئاسایی نه‌بووه و نییه. پێشناچێت له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئاسایی ببێته‌وه. هۆكاری ئه‌مه‌ش فره ره‌هه‌نده و ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی ئێمه له‌لایه‌ك به ئه‌ركی خۆی نازانێت، له‌لایه‌كی تریشه‌وه له هه‌ق نایه‌ت كه قسه‌ی له باره‌وه بكات.
ماوه‌ته‌وه بڵێم: ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌م رۆمانه‌ی پڕ چێژ و بایه‌خدارتر كردووه، ئه‌و زمانه جوانه‌یه، ئه‌و كوردییه پاراوه‌یه كه كاك (حه‌مه ره‌شید) له وه‌رگێڕانی ئه‌م رۆمانه و رۆمانی (وێڵگه‌ی شه‌یتان) كه هه‌ر له نووسینی (بورهان شاوی)یه، خستویه‌تییه كار. ئێمه جگه ده‌ستخۆشی و پێ‌زانین و ستایش بۆ كاكی وه‌رگێڕ، هیچی دی شكنابه‌ین، هیوادارین كاك (حه‌مه ره‌شید) سه‌رجه‌م رۆمانه‌كانی (بورهان شاوی) بكات به‌كوردی.. سوپاسی زۆریشمان بۆ ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م كه ئه‌م رۆمانه‌ی به كه‌مترین هه‌ڵه‌وە به چاپ گه‌یاندووه.