خەلیل عەبدوڵڵا
بۆ بێ لەو چاوە كاڵانەت چی شك ئەبەم؟
لێم مەپرسە بۆچی هاتووم
وەك كۆترێكی لانەواز تەرەو ماندووم
هاتووم لەناو چاوەكانتا تێر تێر بنووم
(دڵشاد مەریوانی)
حەمەی نێرگز هونەرمەندی ناسراوی كوردستان، لە رێی هونەری گۆرانییەوە خزمەتێكی زۆری بەكاروانی هونەریی كوردی كردووە، بۆیە بەزیندووییو نەمری لەدڵو دەروونی خەڵكی كوردستاندا دەمێنێتەوە.
محەمەد ساڵح شەریف ناوی تەواوی ئەو هونەرمەندەیە و لەدنیای هونەردا بە حەمەی نێرگز ناسراوە.
نازناوی نێرگزی لەناوی دایكییەوە وەرگرتووە، ئەو دایكەی، شوێنی باوكیشی بۆ گرتبوونەوە، چونكە باوكی بینایی هەردوو چاوەكانی لەدەستدابوو، توانای كاركردنی نەبوو، ئیدی نێرگز خانی دایكی ئەركی بەخێوكردنی 7 جگەر گۆشەكەی گرتە ئەستۆ، وەك كرێكارێكی رۆژانەكار بژێوی خانەوادەکەی دابین دەكرد و سەربەرزانە پەروەردەی كردن.
حەمەی نێرگز، وەك خۆی باسی دەكات، بەهۆی هەژاریی خانەوادەكەیەوە، نەیتوانی بەرۆژ بچێتە قوتابخانە، بەرۆژ كاری دەكرد و شەوان لە قوتابخانەی فەیسەڵییە دەیخوێند، لەو دۆخە ناهەموارەی خانەوادەكەیدا توانی تاپۆلی پێنجەمی سەرەتایی بخوێنێت. ئیدی خۆی گوتەنی وێڵی دوای پەیداكردنی نان بوو، بەشی زۆری ژیانی بە كرێكاریو شاگردی بردە سەر، شاگردی (خەیات، چایچی، نانەوا).
حەمەی نێرگز هەر لەتافی لاوییەوە خولیای هونەری گۆرانی بوو، مامۆستا (گۆران)ی شاعیر كە گوێی لەدەنگی دەبێت، پێی سەرسام دەبێو ئامۆژگاری دەكات كە لاسایی هونەرمەندانی تر نەكاتەوە، ئەویش ئامۆژگارییەكەی لەگوێ دەگرێ، دەبێتە خاوەن ستایلی دەنگی خۆیو رازیش نابێ كەس لاسایی بكاتەوەو گۆرانییەكانی بڵێتەوە، تەنانەت وەسێتیشی كردووە دوای مردنی كەس گۆرانییەكانی نەڵێتەوە.
سەرەتای ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو، لە رێی قادر برسیی شاعیر و شەماڵ سایبی هونەرمەندەوە دەچێتە رادیۆی كوردی بەغدا، سەرباری دەنگە خۆشەكەیو تاقیكردنەوەی، رازی نابن لەو ئەو ئیزگەیە گۆرانی بۆ تۆمار بكەن!
ئەو هەڵویستە لە هونەر ساردی ناکاتەوە، لە رێی تیپی مۆسیقای مەولەوی و تیپی مۆسیقای هونەر و وێژەی كوردییەوە، گۆرانییەكانی تۆمار دەكات و دەبێتە ئەو هونەرمەندە گەورەیەی لە سەرانسەری كوردستانی گەورەدا بناسرێو خەڵكی ئاشقی دەنگە بەسۆزەكەی بن.
ئەو ئەگەری چی گۆرانی زۆری نییە و بەدوای بەرهەمی پوخت و نەختدا گەڕاوە، خۆشی لە چاوپێكەوتنێكدا باسی ئەوە دەكات كە بڕوای بەزۆری و بۆری نەبووە و كەمیو پوختی شیعرەكانی مامۆستا ئەحمەد هەردی بەنموونە دەهێنێتەوەو دەڵێ: (من بە دوو گۆرانی ناسرامو ناوم دەركرد، ئەوانیش گۆرانی خەو و ئاواتی دووری بوون).
بێ لە هونەری گۆرانی، حەمەی نێرگز خولیای هونەری شانۆ بوو، وەك ئەكتەر لە شانۆگەری جەنابی موفەتیشدا بەشداری كردووە و بەشێوەیەكی جوان رۆڵی بازرگانەكەی بینیوە.
دوای ژیانێكی سەربەزرانە و خزمەتێكی زۆر بەهونەری كوردی، رۆژی 23ی ئەیلولی 2013، هونەرمەندی ناوداری كوردستان كاكە حەمەی نێرگز كۆچی دوایی كردو لەگردی سەیوان بەخاک سپێردرا و چووە ریزی نەمرانی كوردستانەوە.
دروودی رێزو وەفا و ئەمەكداری بۆ گیانی پاكی حەمەی نێرگزی هونەرمەندی بەتواناو بەهەڵوێستی كوردستان.