ئەمڕۆ شەممە 28ی ئەیلول، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەگەڵ بەشێکی زۆر لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی سنووری سلێمانی کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لەهۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن بەڕێوەچوو و هەریەک لە هەڤاڵان بڵێسە جەبار فەرمان لێپرسراوی مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەران و زیاد جەبار، لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و هەڤاڵان جوتیار نوری و مامۆستا جوامێر ئامادەیبوون، لێپرسراوی ئەنجومەن باسی لەجوامێریی شەهیدان و خانەوادەکانیان کرد و رایگەیاند: ئێوە ئەو کەسانەن کە جێگای تایبەتیتان هەیە لە دڵ و دەرونی خەڵکی کوردستاندا، تەواوی دەستکەوتە مێژووییەکانی گەلەکەمان دەرەنجامی گیانبازیی و خوێنی گەشی رۆڵە قارەمانەکانی ئێوەیە، بۆیە هەرچیتان بۆ بکرێت هەر کەمەو ناگاتە ئاستی دڵۆپێک لە خوێنی پیرۆزی رۆڵەکانتان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جەختیشیکردەوە کە لە کابینەکانی پێشووی حکومەتی هەرێمدا، کۆمەڵێک کاری باش بۆ کەسوکاری شەهیدان کرا، دەشکرا خزمەتی زیاتر بکرێن، بەڵام بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا، زۆربەی کاروبارەکانی پەیوەست بەژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک بەگشتی و خانەوادەی شەهیدان بەتایبەتی، پەکیان کەوت و رووبەڕووی ئاڵینگاریی جددی بوونەوە.
لێپرسراوی ئەنجومەن، تەئکیدیکردەوە کە سەرباری ناکارامەیی و کەموکوڕییەکانی دەسەڵاتدارێتی لە هەرێم، دەبێت حکومەتی خۆمان کەبەری خوێن و رەنجی شەهیدان و کەسوکاریانە، وەک چاومان بپارێزین و بەخوێن بەرگری لێبکەین، چونکە ئەو قەوارەیە تاکە هیوای هەموو کوردێکە.
پاشان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، هاتەسەر باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرۆسەکەی بە چارەنووسساز وەسفکرد و رایگەیاند: پێویستە هەمووان لە 20ی مانگی داهاتوو ئامادەی سەر سندوقەکانی دەنگدان بن و دەنگ بەلیستی 129ی یەکێتی و ئەو کاندیدانە بدەن کە ئازارو مەینەتییەکانتان دەبەنە نێو هۆڵی پەرلەمان و کار بۆ چارەسەکردنیان دەکەن و هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێکی کوردستانی سەرتاسەریی دەدەن، حکومەتێک کە جیاوازی نەکات لەنێوان شارو ناوچە جیاوازەکاندا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لەهەڤاڵان بڵێسە جەبار فەرمان و زیاد جەبار، تیشکیان خستەسەر کۆمەڵێک بابەت و گرفتی پەیوەندیدار بەژیان و گوزەرانی کەسوکاری شەهیدان و هیوایان خواست لە کابینەی داهاتووی حکومەتدا کاریان لەسەر بکرێت.
لە کۆتاییشدا، ژمارەیەک لە کەسوکاری شەهیدان هەندێک پێشنیارو سەرنجیان خستەڕوو، هاوکات پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ لیستی 129ی یەکێتی دووپاتکردەوە.