تەها عەبدوڵڵا
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، كاروان گەزنەیی وتەبێژی لیستی ١٢٩ی ی.ن.ك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، پەیامی لیستەكەی راگەیاند و گرنگی و بایەخی ئەم هەڵبژاردنەی بۆ خەڵكی كوردستان روونكردەوە.
وتەبێژی لیستی ١٢٩ی یەكێتی، هیوای خواست ئەم هەڵبژاردنە خاڵی وەرچەرخان بێت لە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستاندا و داواشی لە كاندید و لایەنگرانی ی.ن.ك كرد، پابەندبن بە رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان. وتیشی: هەڵبژاردنی ئەمجارە چارەنووسسازە، وەك سەرۆكی یەكێتی كاك بافڵ تەئكیدی لەسەر دەكاتەوە كە «ئەم هەڵبژاردنە خاڵێكی وەرچەرخانی گرنگە لە مێژووی گەلەكەماندا». بۆیە ئەم جارە دەنگی هاووڵاتیان سەنگی مەحەك و یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ دیاریكردنی چارەنووسێكی روون بۆ داهاتووی هەرێمەكەمان، بۆ كۆتاییهێنان بە حوكمڕانیی چەوت و شكستخواردوو كە ئێستا هەرێمەكەمان و خەڵكی كوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنن، ی.ن.ك كاردەكات بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی و گەڕاندنەوەی كوردستان بۆ سەر شاڕێی راستەقینەی خەباتی دیموكراسی و مەدەنی.
كاروان گەزنەیی، روونكردنەوەی لەسەر دروشمی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن «كۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنین» خستەڕوو و وتی: وەك یەكێتی، مەبەستمانە كۆتایی بە كپكردنی دەنگی ئازاد بهێنین، كۆتایی بهێنین بەوەی كە چارەنووسی رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لەسەر كۆمێنتێك و بۆچوونێكی جیاواز بە پێنج ساڵ و شەش ساڵ زیندانی دەكرێن، كۆتایی دەهێنین بە كێشەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و نەدانی مووچە و بەشێوەیەكی گشتیش خەڵكی كوردستان لە نەهامەتییەكان رزگاردەكەین، مەبەستمانە كۆتایی بەو جۆرە حكومەتە پۆلیسییە بهێنین كە چووەتەناو هەموو جومگە ئیدارییەكانی حكومەتی هەرێمەوە و هەموو شتێكی شێواندووە و جیاوازی لەنێوان شارەكاندا دەكات.