لە سەکۆی میدیا جیهانی و ئیقلیمییەکانەوە

02:38 - 2024-09-29
جیهان
72 جار خوێندراوەتەوە

لە لوبنان چی روودەدات؟
لە دوسێی رۆژی رابردوودا هێرشی ئاسمانی و تۆپپارانەکانی ئیسرائیل بۆسەر باشووری لوبنان چڕتر بووەتەوە و تادێت کوشتار زیاد دەکات و حزبوڵڵاش مووشەک دەگرێتە باکووری ئیسرائیل و دۆخەکە دژوارتر بووە.
لەوبارەیەوە رۆژنامەی تایمزی چاپی بەریتانیا پێیوایە کە راستە حزبوڵڵا بەهێزترین پارتی ئیسلامیی رادیکاڵە لە هەموو جیهاندا، بەڵام ئەوان بەوە هەڵخەڵەتان  کە پێیانوابوو ئێران بەشداریی جەنگەکەیان دەکات، بۆیە ئێستا زیانێکی کوشندەیان بەردەکەوێت، ئیسرائیلیش ناتوانێت لەناویان ببات، تەنها لاوازیان دەکات و لەوانەیە لە قۆناغێکی دیکەدا ئەکتیڤ ببنەوە، بەڵام زەرەرمەنی گەورە خەڵکی بێتاوانە کە لەو جەنگەدا دەکوژرێن.


پلانی سەرکەوتنی ئۆکرانیا خەیاڵ پڵاوییە یان چارەسەر؟
«ڤلادیمێر زیلینسکی»سەرۆکی ئۆکرانیا لە ئەمریکایە و پرۆژەیەکی پێشنیارکردووە بۆ گوشار خستنەسەر روسیا تا بەزەبری چەکی خۆرئاوا ناچاری بکات جەنگ بووەستێنێت، لەو رووەوە میدیاکان قسەی خۆیان هەیە و سایتی گازیتای ئۆکرانی پێیوایە کاتی پرۆسەی ئاشتی هاتووە ئەگەر ئەو پایزە نەبێت، ئەوا رەنگە بەهاری داهاتوو بێتەدی، بەڵام ئەو پرۆژەیە سوریالییە و لەگەڵ واقیعدا ناگونجێت، چونکە وڵاتە زلهێزەکانی وەک چین نایانەوێت روسیا لە دۆخی شکستدا جەنگ رابگرێت.

هەشت ملیاری تر بۆ ئۆکرانیا
هەروەها هەفتەنامەی HVG  هەنگاری وایدەبینێت کە سەرۆکی ئۆکرانیا لە پرۆژەکەیدا دووپلانی هەیە، یەکەمیان بە زەبری چەکی دوورهاوێژ و پێشکەوتووی خۆرئاوا بۆردومانی ناو خاکی روسیا بکات کە تائێستا رێگەی پێنەدراوە، پلانی دووەمیش بریتییە لە وەستاندنی جەنگ لە بەرامبەر لەدەستدانی بەشێک لەو پانتاییەی خاکەکەی کە روسیا دەستی بەسەرداگرتووە، بەو مەرجەی هەندێک گەرەنتی لە خۆرئاوا بەدەستبهێنیت، بەڵام گەرەنتییەکان بۆ کریملین قەبووڵکراو نین.

گۆڕانکاری دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەمریکا
هەر لەسەر ئەو بابەتەش، فرانکفۆرتە ئەلگێماینەی ئەڵمانی بۆچوونی وایە کە بەرلە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هیچ روونادات، رۆژنامەکە دەنووسێت: «جیاوازیی نێوان ترەمپ و هاریس لەسەر ئەم پرسە گەلێک زۆرە، پێدەچێت گۆڕانکاری لە بەکارهێنانی ئەتۆمی روسیادا، کاریگەرییەکی درێژخایەنتریان هەبێت، کە بێگومان مشتومڕی ستراتیژیی لە خۆرئاوا دروستکردووە، هەروەها بڵاویکردووەتەوە کە جۆ بایدن بڕیاری هاوکاری 8 ملیار دۆلاری تری پێشکەش بە ئۆکرانیا کردووە بۆ سەرکەوتن لەو جەنگەدا، بەڵام ئەو هاوکارییانە سەرکەوتن دروست ناکەن.

ناوچەکە گڕدەگرێت
رۆژنامەی «ڤیکەرنژی لیست» کە لە کرواتیا دەردەچێت، باسی ئەو هێرشە زەمینییە دەکات کە ئیسرائیل نیازی وایە لەناو خاکی لوبناندا جێبەجێی بکات و دەنووسێت ئەمە بارەکە وا ئاڵۆز دەکات کە رەنگە دامرکاندنەوەی ئاسان نەبێت و پێدەچێت ناوچەکە بەخۆیەوە گڕبدات، چونکە حزبوڵڵا  دەیان ساڵە خۆی بۆ سیناریۆیەکی لەمجۆرە ئامادەکردووە و توانای بەرگریی هێزەکانی تۆکمە کردووە و پڕی کردووە لە مووشەکی دژە زرێپۆش و تانک و هاوەن و دەیان جۆری تری چەک کە بەدڵنیاییەوە هەموو توانای خۆی تێدا بەکاردەهێنێت و خۆکوژەکانیشی ئامادەن، چونکە پێیانوایە ئەمجارە شەڕی مان و نەمانە.

نەتەوەیەکگرتوەکان چۆن خۆی نوێ دەکاتەوە؟
لە چەند رۆژی رابردوودا رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک کۆبوونەوەی خۆی کرد، نوێنەرانی وڵاتان لەوەیان کۆڵییەوە کە چۆن چاکسازیی بکەن تا ئەو رێکخراوە لەگەڵ داخوازییەکانی سەردەم و بەرژەوەندیی هەموواندا بگونجێت، رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی-ش لەوبارەیەوە نووسیوییەتی: «جەنگەکانی ئسرائیل و فەلەستین و لوبنان، روسیا و ئۆکرانیا، جەنگی ناوخۆی سودان، قەیرانی کەشوهەوا، کۆچ، گرانی، نەخۆشییە کوشندەکان و برسێتی، هەمووی کێشەی گەورەی زۆربەی وڵاتانی جیهانن و ئەنجومەنی ئاسایش بەهۆی ڤیتۆی روسیا و ئەمریکاوە هیچی پێناکرێت، بۆیە دەبێت ریگەچارەی گونجاو بدۆزرێتەوە.


ئەنجومەنی ئاسایش متمانەی لەدەستداوە
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی کریستێلگت داگبلادی دانیمارکیش پێیوایە ئەو رێکخراوە نەیتوانیووە لەئاست کێشەکانی جیهاندا مامەڵە بکات و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. رۆژنامەکە ئاماژە بە توێژینەوەیەکی سەنتەری  Pew  ی ئەمریکا دەکات کە ئاشکرایکردووە لەماوەی 79 ساڵەی تەمەنی ئەو رێکخراوەدا وا لاواز نەبووە و ئێستا 35 ٪ ی دانیشتووانی جیهان متمانەیان بە نەتەوەیەکگرتووەکان نەماوە، ئاماژەی بەوەشکردووە کە دانیمارک بەمزووانە دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش.

بابەتە پەیوەندیدارەکان