سەرۆك بافڵ: كوردستان بەهەشتە ئەگەر بە جوانی بیبەین بەڕێوە، نەوتمان هەیە، غازمان هەیە، ئاومان هەیە، میللەتێكی دڵسۆز و بەتوانامان هەیە

10:09 - 2024-09-30
کوردستان
290 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ لە یاریگای یانەی وەرزشی سلێمانی (مەلعەبەكە) لە گەڕەكی چوارباخ، یەكەمین كەرنەڤاڵی گەورە و فراوانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ بانگەشە و ناساندنی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان كوردستان، بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای كەرنەڤاڵەكەدا، كاندیدەكانی یەكێتی لە هەر چوار پارێزگای (هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە) هاتنە سەر ستەیج و سەرۆكی لیستەكانیش لە هەر چوار بازنەكە، ناسێنران.

 


پەیامەكانی یەكێتی زۆر روون و ئاشكرایە

پاشان، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وتەیەكی پێشكەشكرد و وتی: هەڤاڵانی ئازیز، كادر و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان؛ یەكێتییەكەی جەنابی مام جەلال، یەكێتیی شەهیدان، یەكێتیی نیشتمانیی هەموو كوردستان، ئەمڕۆ لێرە كۆبووینەتەوە تا بەندە پەیامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەم بە ئێوەی بەڕێز و لایەنگران و خەڵكی كوردستان بگەیەنم، هەم بە نەیارەكانمان بگەیەنم، كە پەیامێكی زۆر روون و ئاشكرایە و پەیامەكەش ئەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا بە پشتیوانی خوای گەورە، بە پشتیوانی خەڵكی كوردستان، ئەم دەسەڵاتە بۆگەنە، ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە، دەڕوخێنین.

 

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی:
ئەگەر تاقەتتان چووە لەم حوكمڕانییە و دەتانەوێ وەكو جاران كوردستانەكەمان ببریسكێتەوە وەكو ئەستێرە، زابخودێ دەبێت دەنگ بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بدەن

 

 

ئەوان یەكتری دەخۆن، ئێمە یەكین و بەهێزین
لە درێژەی پەیامەكەیدا، سەرۆك بافڵ، رایگەیاند: دەمەوێت لەم كەرنەڤاڵەدا باسی یەكێتی، كوردستان، خیانەت و نەیارانمان كە خاكفرۆشانن، بكەم. پەیامێكی تایبەتیشم هەیە بۆ ئەو دەنگدەرانەی كە یەكێتی نین و نازانن دەنگ بۆ كێ بدەن و وتی: خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لە خزمەتتاندام و سوپاستان دەكەم بۆ ئەو متمانەیەی داوتانە بە سەرۆكەكەتان، بە یەكێتی، ئەو یەكێتییەی كە یەكێتی هەموو كوردێكە كە دڵسۆزبێت و خاكفرۆش نەبێت، هەمووان دەزانن كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چەند ساڵێك بوو چەندین كێشەی هەبوو، جەنابی مام جەلال نەخۆشكەوت و كۆچی دوایی كرد، جەنابی كاك كۆسرەت نەخۆشكەوت، هێرۆخان نەخۆشكەوت، حزبەكەمان چەند تەكەتولێك بوو، هەموو لەناو یەكتریدا شەڕی یەكتریمان دەكرد، بەڵام خۆشبەختانە، بە پشتیوانی خوای گەورە، بە پشتیوانی ئێوە، قەت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هێندەی ئەمڕۆ بەهێز و بەتوانا نەبووە، هێندەی ئەمڕۆ یەكدەنگ نەبووە، وتیشی: لە رابردوودا و سەردەمانێك ئێمە ڤایرۆسێكمان هەبوو، ڤایرۆسی تەكەتول و شەڕ لەگەڵ یەكتر و ڤایرۆسی چەندین كێشەی تر، خۆشبەختانە ئێمە چاكبووینەوە، ئێستا نەیارەكانمان تووشی ڤایرۆسەكەی ئێمە بوون، لەناو خۆیاندا ناكۆكن و بێبەرنامەن، بێهێزبوون لە بەغدا و لە لای وڵاتانی نێودەوڵەتی، شەڕی ئامۆزایان هەیە، كە من ئەزانم ئەو شەڕە چۆن چارەسەر دەكرێت، بەڵام ئەوان ئەوەیان نییە، ئەوان یەكتری دەخۆن، ئێمە یەكین و بەهێزین.

پارتی ئەمڕۆ لە هەڵبژاردن رادەكات، پێشتر پشتبەستوو بە یاسای سەقەتی هەڵبژاردن بەرەو هەڵبژاردن رایان دەكرد
بەشێكی دیكەی قسەكانی سەرۆكی یەكێتی، ئاماژەكردن بوو بە یاسای هەڵبژاردن و ئاماژەی بەوەكرد كە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا، بەهۆی یاسای هەڵبژاردنەوە، كە هەموو شتێك بوو بەس یاسای هەڵبژاردن نەبوو، كراسێك بوو بۆ حزبێك و بۆ بنەماڵەیەك دوورابوو، بەڵام ئێمە ئەو كراسەمان دڕاند، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سێ ساڵ پێش ئێستا كە گۆڕانكاریی زۆر گەورە روویدا لە یەكێتی-دا، زانیمان هەڵبژاردن بەڕێوەیە، بۆیە لە مەكتەبی سیاسی دانیشتین و كۆبووینەوە و وتمان ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە بۆ كوردستان و میللەتەكەمان، بەڵام دەبێت یاسای هەڵبژاردن گۆڕانكاریی تێدا بكرێت، چونكە یاسا نەبوو، بۆیە پێشنیار كرا بچینە بەغدا بۆ دادگای فیدراڵی، بەڵام نەمانویست ئەوە بكەین، هەوڵماندا رێكبكەوین، 16 جار منتان ناردە لای جەنابی كاك مەسعود، بەڵام بێ ئەنجام بوو، دەیان جار مەكتەبی سیاسیی یەكێتی چووە هەولێر، كە هەولێر هی خۆمانە، هەروەها پارتیش هاتە ئێرە، تكامان لێكردن با لە نیوەی رێگە یەكبگرینەوە، وەڵامیان ئەوەبوو نایكەین، ئێمە جارێكی تر كۆتا جوابمان بۆ ناردن كە ئەگەر یاسای هەڵبژاردن ناگۆڕن، با لە یەكتری تێبگەین، پێمان بڵێن ئێوە چیتان دەوێت دوای هەڵبژاردن، بەرنامەتان چییە بۆ كوردستان، ئێمەش پێتان دەڵێین چیمان هەیە بۆ كوردستان، با دانیشین رێكبكەوین، بەڵام رێكنەكەوتن، وایانزانی زۆر گەورەن و زۆر بەهێزن، جوابیان ئەوەبوو و وتیان رێكناكەوین لەگەڵ ئێوە، با بزانین لەم هەڵبژاردنە حەجمی خۆمان چەندە، ئەوەبوو دواجار نەگەیشتینە ئەنجام، بەڵام هەمووان ئەوە باش دەزانن كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆر لەوان گەورەتر و بەهێزتر و دڵسۆزترە، زۆر لەوان كورد و كوردپەروەرترە، ئێستاش تەماشابكەن كەی بینیوتانە ئەو حزبە وەك ئێستا لە هەڵبژاردن رابكات، ئێستاش بۆ بیانوو دەگەڕێت هەڵبژاردن تێكبدات، قەت وەك ئێستا نەبووە، بەڵام ئەمڕۆ وایە لە هەڵبژاردن رادەكەن، كە پێشتر بەپشتبەستوو بە یاسای سەقەتی هەڵبژاردن بەرەو هەڵبژاردن رایان دەكرد، ئێستاش ئەوە حاڵیانە و رادەكەن و نایانەوێت بكرێت، هۆكارەكەشی ئەوەیە ئێمە ئەو كراسەی هەڵبژاردنەمان دڕاند كە بۆ بەری ئەوان دوورابوو.

پاڵپشت بە خەڵكی كوردستان كاتێكی گونجاو لەبەردەستدایە كە گۆڕانكاریی راستەقینە بكەین
سەرۆك بافڵ، ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئێستا دەتوانین بڵێین یاسایەكمان هەیە كە یاسای هەڵبژاردنە لە كوردستاندا، كاتێكی گونجاو لەبەردەستدایە كە گۆڕانكاریی راستەقینە بكەین لە هەرێمی كوردستاندا، ئێستاش ئێمە كە بڕیارمانداوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەسلیم بكەین بە ئێوەی خۆشەویست و خەڵكی كوردستان تا بە دەنگەكانتان سەری بخەن و متمانەی خۆتانی پێ ببەخشن، وتیشی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جارێكی تر بە هیچ سەركردەیەكی تر ناڵێت ئەزبەنی، لەو رۆژەوەی لەگەڵ تاكە حزبی نەیارمان، كە تەنها پارتی نەیارمانە و ئەوانی دیكە عەیبە بەراورد بكرێن بە یەكێتی، زاب خودێ ئەو حزبانە هیچیان پێناكرێت، یان ئێمەین یان پارتی، كە پارتیش تووشی ڤایرۆسەكەی ئێمە بووە و ئەو ڤایرۆسەش زۆر ناخۆشە.

 

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی:
پارتی دەست دەخاتە ناو مزگەوتەكان، مەلا بە كەیفی ئەو قسە نەكات دەینێرێتە ماڵەوە، ئێمە لە سلێمانی چەندین شوێنمان رووخاند كە نەشیاوبوون

بەڵێ ئێمە ئەم بارودۆخە رێكدەخەینەوە و دڵنیاتان دەكەینەوە كە چەند راستگۆدەبین لەگەڵتاندا
لە درێژەی قسەكانیدا، سەرۆكی یەكێتی، وتی: دەزانم ئێوە دڵتان زۆر خۆشە و ناختان زۆر گەرمە، داواتان لێدەكەم ئەو دڵخۆشییەتان ببەنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و وەكو رەشەبای سلێمانی پاكی بكەنەوە، منیش پەیامەكانم جددییە، پەیامەكانم بۆ گەنجان و ژنان و هەموو خەڵكی سلێمانی و كوردستانە، كە بێزارن لە پرۆسەی سیاسی كە هەر بێزیان نایەت چوار ساڵ جارێك دەنگ بدەن، تكاتان لێدەكەم خەڵكی كوردستان، ئێوە كەسانێكی زۆر زیرەكن و هەموو شتێك دەزانن، بەس كەس نەبووە بە سەراحەت هۆكارەكانتان پێ بڵێت، من ئێستا پێتان دەڵێم كە لە 19 ساڵی رابردوودا 17 ساڵ و نیوی سەرۆك وەزیران لای حزبێكی ترە، هەموو وەزارەتە ئەساسییەكان لای حزبێكی ترە، كە ئەم بارودۆخە ناخۆشەی لێكەوتووەتەوە و هۆكارەكەی ئەوانن و كەس ئەم بارودۆخەی پێ خۆش نییە، ئەو هەموو گەنجە زیرەك و بەتوانایەمان هەیە كەس نییە لێیان بپرسێتەوە و ئیهمال كراون، كوردستانەكەمان بەوشێوەیەیە كە ئەو هەموو خوێنەمان بۆ رشت؟، خزمەتگوزاریی وەك پێویست نییە و هیچ شتێك وەك پێویست ناكرێت، لە 17 ساڵی رابردوودا 750 هەزار گەنج ئەم وڵاتەیان بەجێهێشتووە، بۆیە پێتان دەڵێین داوەشێن بۆ ئەو حوكمڕانییە، بۆیە ئێمە هاتووین و دەڵێین بەڵێ ئێمە ئەم بارودۆخە رێكدەخەینەوە، ئەم وڵاتەمان بەهەشتە، ئەگەر بەجوانی بیبەین بەڕێوە كە نەوتمان هەیە، غازمان هەیە و ئاومان هەیە، میللەتێكی دڵسۆز و بەتوانامان هەیە، من كە لێرەم راستگۆم لەگەڵتان، ئەوانەی دەنگتان نەداوە و بێتاقەتن، ئەم جارە لەم هەڵبژاردنەدا بچن دەنگ بدەن، دەنگ بدەن بەو حزبەی كە دەڵێت شتێك دەكەم دەیكات، دەنگ بدەن بەو حزبەی كە ئێستا تەنها دەنگی ئەو لە بەغدا دەخوات و حسابی بۆ دەكرێت، ئەو حزبەی كە دەتوانێت مووچەتان بۆ دابین بكات، كە كردوویەتی، دەنگ بدەن بەو حزبەی كە دەتوانێت ئەم بارودۆخە رێكبخاتەوە و دڵنیاتان دەكاتەوە كە چەند راستگۆیە لەگەڵتاندا.

پارتی هیچ موناقەشەیەكیان نییە لەگەڵ ئێمە بیكەن،
ئەوەی كە پێیان نییە سیاسەتە، ئەوەی كە پێیان ناكرێت بردنەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا
لە درێژەی قسەكانیدا، سەرۆك بافڵ، باسی لەوەكرد كە پارتی لە قسەكانیدا باس لە یەكڕیزی دەكات، لەكاتێكدا ناوماڵی خۆی یەكڕیز نییە و قەت وەك ئێستا بە تەنها نییە، پارتی چ كاتێك هاوكاریی هاوڕێكانمانیان كردووە لە سوریا. پارتی باسی دین دەكات، بەڵام وەك دەبینین پارتی دەست دەخاتە ناو مزگەوتەكان، مەلا بە كەیفی ئەو قسە نەكات دەینێرێتە ماڵەوە، ئێمە لە سلێمانی چەندین شوێنمان رووخاند كە نەشیاوبوون، بەڵام لە هەولێر بەڕەسمی چەند گوند و شوێنێكیان هەیە كاری نەشیاو و بەدڕەوشتی تێدا دەكرێت، كە ئەوە دوورە لە دین و نەریت و ئادابی كۆمەڵگەكەمان، شەرم بكەن لە خۆتان، ئەو شوێنانە دابخەن و بیڕوخێنن، مەسئولەكانیان شەڕدەكەن لەسەر پارەكەی، ئەو پارەیەی چڵكی دەستە. پارتی باسی هێزی پێشمەرگە دەكات لەكاتێكدا هەر خۆیەتی جیاوازی دەكات لەنێوان هێزەكاندا و مووچەی ئەم دەبڕێت و هی ئەو نابڕێت. پارتی هیچ موناقەشەیەكیان نییە لەگەڵ ئێمە بیكەن، ئەوەی كە پێیان نییە سیاسەتە، ئەوەی كە پێیان ناكرێت بردنەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا. هەمووان دەزانن كە چەندین كیلۆمەتری ئەم خاكە جوانەمان، كە ئەو هەموو خوێنە پاكەی لەپێناودا رژاوە، رۆژ بەڕۆژ تەسلیم بە وڵاتێكی نێودەوڵەتی دەكەن كە هەر باوەڕی بە كورد نییە، پارتی كە خاوەنی چەندین شەهید و قارەمانی شەهیدە و خوێنیان بۆ ئەم خاكە رشتووە، كەمئەندامیان هەیە، ئەو هەموو بارزانییە ئەنفالكران لەسەر ئەم خاكە، بۆیە شەرمە رۆژ بەڕۆژ ئەم خاكە تەسلیم بەو وڵاتە دەكەن.

هەر ئێمە دەتوانین بڵێین
پارتی دیموكراتی كوردستان خاكفرۆش لۆمارێ

سەرۆك بافڵ، راشیگەیاند: ئەگەر رازین رۆژ بەڕۆژ ئەم خاكە تەسلیم بكرێت، درۆنی چەندین وڵات بەسەرماندا بفڕن، رۆژ بەڕۆژ خەڵكی ئێمە شەهیدبكرێن، ئەگەر رازین ئەم حكومەتە ببێت بە بانكێك بۆ بنەماڵەیەك، ئەگەر رازین هەرێمەكەمان بەرەو پۆلیسی بڕوات، رۆژ بەڕۆژ لە بەغدا بێهێزتر بین و لەلای وڵاتان بچووك بینەوە و باوەڕیان بە ئێمە نەمێنێت، ئەگەر رازین رۆژ بەڕۆژ دادگاكان لە عەدالەت دووربكەونەوە، بڕۆن دەنگبدەن بە جەنابی مودیرعام، ئەگەر تاقەتتان چووە لەم حوكمڕانییە و دەتانەوێ وەكو جاران كوردستانەكەمان ببریسكێتەوە وەكو ئەستێرە، زابخودێ دەبێت دەنگ بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بدەن، هەر ئێمە دەتوانین بیگۆڕین، هەر ئێمە دەتوانین بڵێین پارتی دیموكراتی كوردستان خاكفرۆش لۆمارێ.

ئەمە ئەو كوردستانە نییە كە خەڵكی دەیانەوێت

لە كۆتایی قسەكانیشیدا، سەرۆكی یەكێتی، وتی: زۆر سوپاستان دەكەم، قسەم زۆر ماوە، لە شوێنەكانی تر دەیانكەم، خەڵكی كوردستان خۆتان باش دەزانن كە ئەمە ئەو كوردستانە نییە دەمانەوێت، بۆیە جارێكی تر داواتان لێدەكەم بڕۆن دەنگ بدەن، تاقیمان بكەنەوە، بە ئەڵڵا ئەوەی كە دەتانەوێت جێبەجێی دەكەین.

#129 #هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان