قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال، سەردانی حاكم قادر حەمەجان-ی كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا هەردوولا هاوڕابوون كە گۆڕانكاریی گەورە تەنها بە یەكێتی دەكرێت و بە گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی هێز و بەهێزبوونی یەكێتی، دەتوانرێت باشتر خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان بكرێت.
دوێنێ، قوباد تاڵەبانی لە سلێمانی سەردانی ماڵی حاكم قادر حەمەجان-ی كرد و پێكەوە گفتوگۆیان كرد سەبارەت بە دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان لە هەرێم و عیراق و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە مانگی داهاتوودا.
هەردوولا جەختیان كردەوە لەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و دوور لە دەستێوەردان بەڕێوەبچێت و هاووڵاتیان بچنەسەر سندوقەكان تا بتوانرێت هاوسەنگیی هێز جێگیربكرێت و لە سایەی حكومەتێكی خزمەتگوزاردا، ئاوەدانی و ژیانێكی باشتر بۆ گەلی كوردستان دابین بكرێت.
قوباد تاڵەبانی و حاكم قادر حەمەجان، دووپاتیان كردەوە كە پەرلەمان و حكومەت و دەزگا و دامەزراوەكانی هەرێم موڵكی خەڵكی كوردستانە و بەخوێنی شەهیدان و رەنج و قوربانی كەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە و سەرجەم چینوتوێژەكانی كۆمەڵانی خەڵك بەدیهاتوون، بۆیە پێویستە بەپلان و بەرنامەی نوێوە كار بۆ پەرەپێدان و خزمەتكردن بكرێت.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: دەبێ هەموان بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە لەئەستۆ بگرین و هەوڵی تەواوی خۆمان بدەین بۆ سەرخستنی لیستی یەكێتی، ژمارە ١٢٩ و كاندیدەكانی.
حاكم قادریش رایگەیاند: ئەو ئاڵنگاریانەی كە هەرێم رووبەڕووی بووەتەوە بە كاری هاوبەش و بە دیدگای یەكێتی تێدەپەڕێنرێت و پێویستە هەموان دەنگ بە یەكێتی بدەن تا بتوانرێت هەرێمی كوردستان بەرەو قۆناغێكی پرشنگدارتر ببرێت و قەوارەی هەرێم پارێزراوبێت.