ڕوونکردنەوەیەک لە لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە

05:15 - 2024-09-30
کوردستان
321 جار خوێندراوەتەوە

بەداخەوە جارێکی تر لەڕێگەی نانەوەی ئاژاوە، بەهۆی ترس لە هەڵبژاردن و شکستی هەڵبژاردن، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، دووەم جارە لە ڕێگەی کاری ئاژاوەگێڕییەوە، هەوڵ بۆ تێکدانی هەڵبژاردن دەدرێت. 

دیارە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠-٩-٢٠٢٤ لەکاتی بەشداریکردنی شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ لە پرسەی کۆچکردوو (تۆفیق حاجی حەمەکە) کە خانەوادەیەکی یەکێتین، کوڕێکی ( قەهاری سابیر عەلکە) لەناو مزگەوت قسەی نەشیاو دەکات، لە بەرامبەردا، لەپای ڕێزگرتن لە حەرەمی مزگەوت و نەریتی کۆمەڵایەتی و ئایینی میللەتەکەمان و خانەوادەی کۆچکردوو، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ وەڵامی ناداتەوە، هەرچەندە لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەوە دووەم جارە ئەم ئاکارە ناشیرینە لە بازاڕی هەولێر و لە حەرەمی مزگەوتیش دووبارە بووەتەوە. 

پاشان، پاسەوانەکانی قەهار، لەکاتی جێهێشتنی مزگەوت لەلایەن شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، لە ناو مزگەوتەکەدا تەقە دەکەن.

تەواوی ئەو کار و کردەوانە بە هەوڵی نەزۆک دەبینین بۆ تێکدانی ئارامی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا. ئەم کردارانەش بەڕوونی ترسن لە هەڵبژاردن و پێچەوانەی دروشمەکانی خۆیانن؛ ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە دۆڕان و شکست چاوەڕوانیان دەکات. 

جارێکی تر، وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تەئکید لە بانگەشەیەکی هێمن و مەدەنی و دیموکراسی دەکەینەوە و داواکارین لە هەموو لایەنەکان بانگەشەیەکی هێمن و ئارام بەڕێوەببەن.

کاروان گەزنەیی
وتەبێژی ڕەسمی لیستی (١٢٩) یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان