لێکردنەوەی تابلۆ و داپۆشینی جامی ئۆتۆمبێل

خروقاتی لایەنگرانی لایەنێكی سیاسی لە هەولێر

10:06 - 2024-10-01
ڕاپۆرت
144 جار خوێندراوەتەوە
#هەڵواسینی وێنە كە ببێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگیی بینینی شۆفێر قەدەغەیە

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

لەگەڵ دەستپێكردنی پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان، چەند رۆژێكە ژمارەیەك لە لایەنگرانی حزبێكی دیاریكراو لە شاری هەولێر دەستیانکردووە بە لێدانی لەزگەی وێنەدار لە جامی ئۆتۆمبێلەكانیان، بەشێوەیەک بە تەواویی جامی ئۆتۆمبێلەکانیان داپۆشیوە و وایكردووە سەرنشینەكان بە تەواوی نەبینرێن و حكومەت و هاووڵاتیانیش نەزانن كێن، جگە لەوە هەندێک لە ئۆتۆمبێلەکان تابلۆکانیان لێکردۆتەوە و ئەمەش وادەكات هەر سەرپێچییەك بکەن خۆیان و ژمارەی ئۆتۆمبێلەكانیان نەناسرێنەوە، ئەوکارە پێچەوانەی یاساکانی هاتوچۆ و ئاسایشی هەرێمە و ژیانی هاووڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە و یاسا پێشێل دەكەن.

شارەزایەکی هاتوچۆ بۆ کوردستانی نوێ   : 
هەڵواسینی وێنە بە جامی ئۆتۆمبێلەكانەوە بەپێی یاسا قەدەغەیە و هەر شۆفێرێک تابلۆی ئۆتۆمبێل لێبکاتەوە کارمەندانی هاتوچۆ دەتوانن دەستی بەسەردا بگرن

جۆری خروقاتەکان
فاروق عەلی هاووڵاتییەكی شاری هەولێرە دەڵێت: ئەو حاڵەتە لە هەموو هەڵبژاردنێكدا لە شارەكەمان سەرهەڵدەدات، بەڵام لە بانگەشەی ئەمجارەدا زیاتر بووە كە چەند كەسێكی سەر بە حزبی دەسەڵات بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆیان سەرپێچی بکەن و بە خێراییەكی زۆر ئۆتۆمبێل لێبخوڕن و كامێراكانی تیژڕەوی سەرپێچییان بۆ نەنووسێت تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان لێدەکەنەوە و ئەوکارە مەترسی بۆ سەر ژیانی هەموان دروست دەکات و دەکرێت کەسانی دیکە دۆخەکە بقۆزنەوە و تاوانی تێدا بکەن.
وتیشی: بەلامەوە سەیرە ئەو دیاردەیە لە بەرچاوی پۆلیسی هاتوچۆی شارەكە دەکرێت، بەڵام كەسیان رێوشوێن بۆ بنەبڕكردن یان سزادانیان ناگرنەبەر كە بەلای منەوە هۆكارەكەی بۆ باڵادەستی ئەو كەسانە لەناو حزب دەگەڕێتەوە كە خۆیان لە سەرووی یاساوە دەبینن، بۆیە پێویستە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم رێوشوێنی توند دژی ئەو دیاردەیە بگرێتەبەر.
لەوبارەیەوە عەبدولقادر سدیق شارەزا لە بواری هاتوچۆ بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هیوادارم بانگەشەی هەڵبژاردن بە ئارامی تێپەڕێت، هەڵواسینی وێنە بە جامی ئۆتۆمبێلەكانەوە كە ببێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ بەپێی یاسا قەدەغەیە، لەبەرئەوەی رێگە لە بینینی شوفێر دەگرێت و وادەكات پێش و دەور و پشتی خۆی بەباشی نەبینێت و سزای لەسەرە، پاراستنی ئاسایشی هەرێم تەنیا ئەركی سەرشانی حكومەت نییە، بەڵكو ئەركی سەرشانی هەموو تاكەكانی كۆمەڵگەیە، بۆیە داواكارم لە هەموو شۆفێرەكان یاساكانی هاتوچۆ و ژیانی هاووڵاتیانیش بپارێزن.

قۆستنەوەی دۆخەکە
بەپێی یاسا دەبێت هەموو ئۆتۆمبێلێك تابلۆی ژمارەی لە بەشی پێشەوە و دواوە ببەستبێت و ئەو شارەزایەی هاتوچۆ لەبارەی لێکردنەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان لەلایەن شۆفێرانەوە وتی: ئەوکارە بارودۆخی ئاسایشی هەرێمی كوردستان تێكدەدات و بەپێی یاسا رێگە بە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ دراوە دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەدا بگرن  و سکاڵا لەسەر خاوەنەکەی تۆمار بکەن.
دانا لوقمان بۆتانی كادیری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر دەڵێت: گرنگە سەرجەم لایەنەکان  بانگەشەیەكی هێمنانە بەڕێوەببەن و خروقات نەکەن، هەروەها نابێت هیچ لایەنێكی سیاسی لە بازنەیەكی هەڵبژاردن ئەو دەرفەتە بۆ خۆیان بقۆزنەوە و كۆنترۆڵی شوێنە سەرەكییەكان بكەن.
وتیشی: بەشێک لەو خروقاتانەی لەلایەن بانگەشەکارانی حزبێکی دیاریکراوەوە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، دەبێتە هۆی پاشەكشەی دیموكراسی و نابێت یاسا لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا کاری پێ نەکرێت، بەڵکو پێویستە هەموان رێز لەیاسا بگرن و لە هەموو بارودۆخێکدا پێوەی پابەندبن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ناكرێت بەرەو هەڵبژاردن بچیت پڕۆسەكە بۆ نووسینەوە و دانانی دەسەڵاتی یاسا دانانبێت، بەڵام لایەنێک بەر لە هەڵبژاردنەكە یاساكان بشكێنێت، گرنگیشە هەموو لایەنە سیاسییەكان رێز لە یاسا بگرن، ئەو یاسا شکێنییەی ئێمە دەیبینین لە شاری هەولێر لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە. 
دانا لوقمان بۆتانی كادیری یەكێتیی دەڵێت: لێکردنەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێل و شاردنەوەی جامەکان بە وێنەی کەسەکان، دەکرێت مەترسی لەسەر ئاسایشی هەرێم دروست بکات و کەسانێک بۆ تاوانکردن بیقۆزنەوە، بۆیە پێویستە حكومەت لێپێچینەوە لەگەڵ هەموو ئەو كەسانەدا بكات.
كوردستانی نوێ چەندینجار پەیوەندیكرد بە بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر سەبارەت بەو دیاردەیە، بەڵام ئامادەنەبوون وەڵامی پەیوەندییەكان بدەنەوە.       
پێشتر جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند: هەر کەس و لایەنێک پێشێلکاری بکات، سزاکان روون و ئاشکران، لە سەپاندنی پێبژاردنی مادییەوە تاوەکو دوورخستنەوەی کاندید و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەگرێتەوە.
بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رۆژی 25/9 دەستی پێکرد و بڕیارە تا 48 سەعات پێش رۆژی دەنگدان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەردەوام بێت کە بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بەڕێوە دەچێت، هەڵبژاردنەکە بەشێوازی فرەبازنەیی دەبێت و هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەشکراوە، هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە.
هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ملیۆن و 800 هەزار دەنگدەری هەیە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوو ملیۆن و 672 هەزار و 43 کەس لە دەنگدانی گشتی و 216 هەزار و 119 کەسیش لە دەنگدانی تایبەت دەتوانن دەنگ بدەن کە دەکاتە ٪76 دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، یەکەمین خولی پەرلەمانە کە ژمارەی ئەندامانی دەبێتە 100 ئەندامی هەڵبژێردراو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان