بەردەفڕکێ لەبەردەم ئۆفیسی کاندیدێکی یەکێتیدا!

10:23 - 2024-10-01
کوردستان
105 جار خوێندراوەتەوە

هەر لە درێژەی خروقاتەکانی پارتیدا دژبە کاندیدان و دروشم و ریکلامی لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەتی ئۆفیس و پۆستەر و ریکلامی کاندیدانی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دهۆک، رۆژی 29/9/2024 
لەلایەن چەند کەسێکەوە بەردبارانی ئۆفیسی رەقیب مەحمود کاندیدی ژمارە (٥)ی لیستی (١٢٩) ی ی.ن.ک لە بازنەی دهۆک دەکەن و هێشتا کەسەکان دەستگیر نەکراون و ناویان ئاشکرا نەکراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە بەوتەی رەقیب مەحمود ئۆفیسەکەی لەسەر شەقامێکی گشتیی ئارامە لەناو شاری دهۆکدا و کەوتووەتە نێوان دوو فەرمانگەی حکومییەوە و هەردوو فەرمانگەکەش پاسەوانیان هەیە، ئەوە جگە لەوەی لە سەرانسەری ناوشاری دهۆکدا هەموو پۆستەر و دروشمەکانی یەکێتییان شێواندووە.
رەقیب وتیشی: «ئێمە بۆ ئەو پێشێلکارییانە رێگەی یاسایی دەگرینەبەر و لەهەریەک لە دادگای دهۆک و لیژنەی سکاڵا لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین. روونیشیکردەوە کە ئۆفیسەکەیان کرێیە و زیانی زۆر بەر شووشەی پەنجەرەکانی کەوتووە، ئەوەش لە کاتێکدایە ئێمە نەبووینەتە مایەی هەراسانکردنی دەوروبەرمان و تەنانەت بڵندگۆشمان دانەناوە».
جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو جۆرە کارانە ئەوان سارد ناکاتەوە و وتی: «لە هەڵمەتی بانگەشەی خۆمان بەردەوام دەبین بەهەمان شێوازی مەدەنییانە و ئەگەر دەرگایەکمان لێ دابخەن، پێنج دەرگای دیکە لەبەردەمی خۆماندا دەکەینەوە، هەڵمەتی ماڵ بەماڵ و دەرگا بەدەرگا دەستپێدەکەین، چونکە ئێمە پرۆژەی خۆمانمان هەیە و دەیگەیەنین بە دەنگدەران.
راشیگەیاند کە وەک سەرۆک بافڵ دەڵێت: «ئەوەی دەیڵێین جێبەجێی دەکەین».

#129

بابەتە پەیوەندیدارەکان