شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: یەكێتی بەرنامەی هەیە گۆڕانكاریی گەورە لە شێوازی حوكمڕانیدا بكات

12:58 - 2024-10-01
کوردستان
176 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی، لە رێوڕەسمێكدا پرۆژەی كارەبای گوندی دەرگەزێن-ی لە سنووری بازیان كردەوە و ئاماژەی بەڕۆڵ و قوربانییەكانی دانیشتوانی گوندی دەرگەزێن و دۆڵی بازیان بەگشتی كرد لە پشتیوانیكردنی شۆڕش، بەتایبەتی لە شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا، كە لەو پێناوەدا قوربانی زۆریان بەخشیوە و تەنها گوندی دەرگەزێن خاوەنی چوار شەهیدە.
شێخ جەعفەر، تەئكیدی كردەوە كە دانیشتوانی سنوورەكە شیاوی ئەوەن زیاتر خزمەت بكرێن. باسیشی لە رۆڵی هێرشی محامی كرد كە رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە گوندەكەدا.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمان و گرنگی بەشداریی خەڵك تێیدا، شێخ جەعفەر، جەختیكردەوە كە پرۆسەكە چارەنووسسازە و پێویستە هەموو هەوڵەكان بخرێنەگەڕ بۆ سەرخستنی لیستی ١٢٩ی یەكێتی، كە یەكێتی بەرنامەی هەیە گۆڕانكاریی گەورە لە شێوازی حوكمڕانیدا بكات و تەواوی وزە و تواناكان بخاتە خزمەتی خەڵكی كوردستانەوە و حكومەتی هەرێمیش بكاتە حكومەتێكی گەلپەسەند، كە جیاوازی نەكات لەنێوان شار و ناوچەكانی كوردستاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان