گەرمیانییەكان بەشێكن لە مێژووی بەرەنگاریی گەلی كورد

كەسوكاری شەهیدان دەنگدەری نەگۆڕاوی یەكێتین

10:41 - 2024-10-02
ڕاپۆرت
128 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ حسێن عەزیز



گەرمیانییەكان بەشێكن لە مێژووی بەرەنگاریی گەلی كورد لە بەرانبەر داگیركەرە یەك لە دوای یەكەكاندا، لە مێژووی یەكێتیشدا خاوەنی دەیان داستانی قارەمانانەن و لەو رێگەیەشدا زیاتر لە هەزار و 400 شەهیدی سەنگەریان بەخشیوە و قۆناغی سێیەمی ئەنفالیش لە گەرمیان مەرگ بارترین قۆناغی، هەشت قۆناغەكەی ئەنفالە. كەسوكاری سەربڵندی شەهیدان لە گەرمیان دەنگدەری راستەقینەی یەكێتین و بازنەی هەڵبژاردنی گەرمیان لیژنەیەكی لە كەسوكاری شەهیدان پێكهێناوە بۆ بەسەركردنەوە و گفتوگۆکردنی گلەیی و گرفتەکانیان و هاندانیان بۆ دەنگدان بە کاندیدانی لیستی ١٢٩ی شەهیدانی رێگەی ئازادیی كوردستان.

بە دەنگەوەهاتنی کەسوکاری شەهیدان

چیا شەهید فەتاح كوڕە شەهیدێکی گەرمیانییە ساڵی 2021 پێشنیازی دروستكردنی لیژنەی شەهیدانی كردووە و لەوكاتەوە پێش وادەی هەڵبژاردنەكان لەگەڵ ئەندامانی تری لیژنەكە هەر شەوێك چەند خانەوادەیەكی سەربەرز بەسەر دەكەنەوە لەوبارەیەوە بە كوردستانی نوێی وت: نزیكەی چوار ساڵە ئەم لیژنەیەمان لە كەسوكاری شەهیدان پێكهێناوە كە سەرجەم ئەندامەكانی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانن و دڵسۆزانە دەرگا بە دەرگا دەكەن بۆ سەرخستنی لیستی یەكێتی لە هەڵبژاردندا، لەم هەڵبژاردنەشدا بەپێی پلانێك سەردانی خێزان و خانەوادەی ئەو شەهیدانە دەكەین کە لە سنووری بازنەی سێ نیشتەجێن، لە ناحیەی رزگاری.
ئەو كوڕە شەهیدە وتیشی: كەسوكاری شەهیدان بە دەنگمانەوە دێن و خوشحاڵن بە سەردان و بەسەركردنەوەكان و دەنگدەری راستەقینە و نەگۆڕاوی یەكێتین و یەكێتی وەك یادگاری نەوە شەهیدەكانیان دەبینن.

 

ئەندامێکی لیژنەی شەهیدان لە گەرمیان بۆ کوردستانی نوێ   : كەسوكاری شەهیدان خوشحاڵن بە سەردان و بەسەركردنەوەكان و دەنگدەری راستەقینە و نەگۆڕاوی یەكێتین و یەكێتی وەك یادگاری شەهیدەكانیان دەبینن

پێشوازیی کەسوکاری شەهیدان
چیا شەهید فەتاح نایشارێتەوە كە بەشێك لە كەسوكاری شەهیدان گلەیی و داواكارییان هەیە و ئاماژەی بەوەكرد: كەسوكاری شەهیدان نازیان هەیە، دەبێت نازیان هەڵبگیرێت و بەشێكیان داوا دەكەن نەوەكانیان دابمەزرێت و گرنگییان پێ بدرێت، بەتایبەتی ئەوانەی كە دەرچووی زانكۆ و پەیمانگەكانن و بە زەحمەت و بەبێ باوكی قۆناغەكانی خوێندنیان بڕیوە. هیچ داواكارییەكی مادییان نییە و بەشێكیان داوادەكەن زوو زوو بەسەر بكرێنەوە و پشتگوێ نەخرێن.
لە قەزای كەلار و لە سنووری بازنەی دووی هەڵبژاردنیش، لیژنەیەكی تایبەتمەند کاریان سەردان و بەسەركردنەوەی ماڵ و خێزانی شەهیدانە، محەمەد مەحمود بەراوگەلی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە سنووری بازنەكەی ئێمە نزیكەی 100 خێزانی شەهید نیشتەجێن كە لە رابردوودا و لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی جیا جیادا شەهید بوون تا شەهیدانی شەڕی داعش. دەستمان كردووە بە گەڕان و بەسەركردنەوەیان بەشی زۆریان دەنگ بە یەكێتی دەدەن و خۆیان بە خاوەنی یەكێتی دەزانن و داوادەكەن یەكێتی باشتر خۆی رێكبخاتەوە و بەخۆشحاڵی و رێزەوە پێشوازی لە لیژنەكەمان دەكەن.

 

لێپرسراوی كۆمیتەی كەلار بۆ کوردستانی نوێ   :
 گرنگە هەمیشە ئاگامان لە کەسوکاری شەهیدان بێت  بەدواداچوون بۆ كێشە و كەموكورتییەكانیان بكرێت و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە


داواکاریی کەسوکاری شەهیدان

محەمەد بەراوگەلی كە لێپرسراوی كۆمیتەی كەلارە باسی لەوەكرد: ژمارەیەك لە ماڵە شەهیدەكان داواكاریی جۆراوجۆریان هەیە لە دامەزراوەكانی حكومەتدا و داوای دامەزراندن بۆ دەرچووەكانیان دەكەن و هەندێكیان بە دەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن یان پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە و داوای بە دەمەوەچوون و هاوكاری دەكەن. بۆیە گرنگە هەمیشە ئاگامان لێیان بێت و بەدواداچوون بۆ كێشە و كەموكورتییەكانیان بكرێت و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.
پێشڕەو مەحمود ئەحمەد كوڕی شەهیدێكی یەكێتییە لە سنووری ناحیەی رزگاری و لە دایك بووی ساڵی 1987 و لە بازنەی سێ دا بەشداری هەڵمەتی هەڵبژاردن دەكات بۆ سەرخستنی لیستی یەكێتی و وتی: سەردان و بە سەركردنەوەی كەسوكاری شەهیدان گرنگە و جێگەی دڵخۆشییە، بەڵام ناكرێت هەر لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا بەسەر بكرێنەوە.
ئەو كوڕە شەهیدە باسی لە نیگەرانی خۆی كرد و تی: پێشمەرگەبووم لە فەوجی قەرەتەپە سەر بە هێزەكانی 70 و لە ساڵی 2017 دوور خراومەتەوە لەوكاتەوە هەوڵ دەدەم بمگەڕێننەوە بۆ جێگەكەی خۆم و چەندین نووسراوم بۆ كراوە بە مەبەستی گەڕانەوە تائێستا جێبەجێ نەكراوە، چەندین جار بەدواداچوونم بۆ كردووە ئێستا کارەکەم لەلای لیوا عومەرە لە هێزەكانی 70 داوا دەكەم ئەم كێشەیەم بۆ چارەسەر بكەن بۆئەوەی وەك پێشمەرگەیەك خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەم بکەم.


#129

بابەتە پەیوەندیدارەکان