ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
دوو سەدە لەمەوبەر سێ لەسەر چواری دانیشتوانی سەر زەوی لە هەژارییەكی كوشندەدا دەژیان و هەموو هەوڵێكیان بۆ بەدەستهێنانی پاروویەك نان و شوێنێك بۆ حەوانەوە بوو، ئەو سەردەمانە نزیكە نیوەی منداڵان لەسەر ئاستی جیهان بەرلەوەی بگەنە تەمەنی هەرزەكاریی، یان تەمەنی پێگەیشتن بەهۆی بەدخۆراكییەوە دەمردن، ئێستا بارودۆخی ئابووریی جیهان بە جۆرێك گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، كە ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی سەر زەوی لە هەژاریی كوشندە رزگاریان بووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە هەژاری بنبڕ كرابێت، هەژاری تا ئێستاش هەیە و زۆرن ئەوانەی هەوڵ و تێكۆشانیان تەنیا بۆ دابینكردنی خۆراكێكی تەندروست و شوێنێكە بۆ حەوانەی خۆیان و خێزانیان.
رۆژی 24ی ئەیلولی ئەم ساڵ، سەرانی 193 وڵاتی جیهان لە كۆبوونەوەی گشتیی ساڵانەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا لە نیویۆرك بەڵێنیاندا تا ساڵی 2030 ئامانجەكانی پلانی گەشەی بەردەوام بهێننە دی، خاڵی گرنگی كۆبوونەوەكەش لە خشتەی كاریاندا لەناوبردنی هەژاری بوو بە هەموو جۆرەكانییەوە، بەڵام كێشەی سەرەكی لە پێناسەی هەژاریدایە، چونكە بە پێی ئەم پێناسەیەی ئێستای نەتەوە یەكگرتووەكان بێت، ئەو كەسە بە هەژار هەژمار دەكرێت، كە لە رۆژێكدا 2.15 دۆلار پەیدا دەكەن، هەر كەسێك داهاتەكەی لەو ئاستەدا بێت، ئەوە لە ژێر هێڵی هەژارییەوەیە.
ئەگەر بۆ ئەمریكا پێوەری 30 دۆلارەكەش لەبەرچاو بگیرێت، ئەوا %16ی هاووڵاتیانی ئەمریكا لە خوار هێڵی هەژارییەوەن، لە كاتێكدا بە گوێرەی داتای رەسمی ئەمریكا رێژەی هەژاری لە وڵاتەكەیاندا تەنیا %11یە
لە مانگێكدا 93 دۆلار
بە پێی ئەو پێناسەیە و ئەو هێڵی هەژارییە بێت، هێشتا ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی سەر زەوی لە خوار هێڵی هەژارییەوەن، بۆ نموونە %73ی دانیشتوانی مۆزەمبیق و %75ی دانیشتوانی كۆماری كۆنگۆی دیموكراتی لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن. ئەم پێوەرە ناڵێین بێسوودە، لە راستیدا سوودی هەیە و تا ئێستا بەشێكی زۆر لە هەژارانی جیهان بەو پلانانەی كە لەسەر بنەمای ئەو پێناسەیە داڕێژراون لە هەژاری رزگارییان بووە، بەڵام لە ئاستی پێویستدا نییە.
هەندێك لە زانا ئابووریناسەكان پێوەرێكی دیكە بۆ هەژاری دەستنیشان دەكەن و پێیان وایە مرۆڤ دەبێ شوێنی حەوانەی گونجاو و دادپەروەرانە و خۆراكیان هەبێت بەشی ئەوەندەی كە بتوانێ گەشە بكات، ئەوان لەسەر ئەو بنەمایە گریمانەیان كردووە، كە مرۆڤ دەبێ رۆژانە لانیكەم 3.10 دۆلاری دەست بكەوێت ئەمجار لە هەژاری رزگاری دەبێت، بەڵام ئەم پێوەرەش جیاوازییەكی زۆری نییە لەگەڵ پێوەرەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان و مرۆڤ بە پەیداكردنی رۆژانەیەكی لەو جۆرە، لە مانگێكدا تەنیا 93 دۆلاری دەستدەكەوێت و لە ساڵەكەشدا هەزار و 131 دۆلاری دەستدەكەوێت، لە راستیدا رێی تێناچێت مرۆڤێك بەو بڕە كەمە ژیانێكی باش و شكۆمەندانەی هەبێت.
زیاتر لە سێ ملیار كەس هەژارن
دانانی هێڵێكی زۆر نزم بۆ هەژاری، تێگەیشتنمان بۆ ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵك دەشێوێنێت، چونكە زۆر كەس هەیە لەو بڕە پارەیە زیاتریشی دەستدەكەوێت و ژیان و گوزەرانیشی هیچ باش نییە، تا ئێستاش سێ ملیار كەس لە جیهاندا توانای بەدەستهێنانی خۆراكێكی تەندروستیان نییە، هەروەها سێ ملیار و 500 ملیۆن كەسیش دەستیان بە خزمەتگوزاریی پاكوخاوێنی راناگات، واتە گەرماو و تەوالێتی گونجاویان نییە.
ئەوانەی باسكران، زۆربەیان لە رۆژێكدا زیاتر لەو بڕە پارەیەیان دەستدەكەوێت كە كراوە بە پێوەر هێڵی هەژاری، ئەمانە ئەگەر پێیان بوترێ، ژیانێكی شكۆمەندانەیان هەیە لەبەر ئەوەی لە رۆژێكدا زیاتر لە 2.15 دۆلار، یان سێ دۆلار پەیدا دەكات، ئەوە لە رووی ئاكاری مرۆییەوە نابەجێیە و وەكو ئەوە وایە ئازار و برسێتی و مەینەتییەكانی ئەو چەندین ملیار مرۆڤە لەبەرچاو نەگیرابێت.
بۆ ئەوەی قەبارەی راستەقینەی هەژاری لە جیهاندا بزانرێت، دەبێ نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو هێڵە بەرز بكاتەوە، كە ناوی ناوە هێڵی هەژاری، چونكە ئەم هێڵەی ئێستا میانجینی هێڵی هەژاریی وڵاتانی جیاجیای وەرگرتووە، بەڵام لانت بریچیت پسپۆڕی ئابووری پێشنیاز دەكات هەمان لۆژیك بۆ دیاریكردنی هێڵی هەژاری دەستنیشان بكرێت، بەڵام لە ئاستێكی باڵاتردا، بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانەش بگرێتەوە، كە داهاتیان بەرزە، لە وڵاتێكدا كە داهاتی تاك تیایدا لە سەرو 20 دۆلارەوە بێت، هێڵی هەژاریی ئێستا نایگرێتەوە، لە راستیشدا ناكرێ وا تێبگەین ئەو وڵاتە هەژاریی تێدا نییە.
ئەو پسپۆڕە ئابوورییە، پێشنیاز دەكات پێوەرەكە بەرز بكرێتەوە بۆ 30 دۆلار لە رۆژێكدا بۆ هەر تاكێك، چونكە ئەگەر بەو پێوەرە ئاستی هەژاریی وڵاتان بپێورێت، ئەوا زۆربەی وڵاتانی جیهان دەگرێتەوە، تەنانەت ئەو هەژارانەش دەگرێتەوە كە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهاندا دەژین، بەڵام توانای بەدەستهێنانی بڕی پێویست لە پارەی نییە بۆ ئەوەی ژیانێكی شكۆمەندانە بژی.
داهاتی جووتیار جیاوازە
ئەو پێشنیازەی سەرەوە دەریدەخات دەستنیشانكردنی یەك پێوەری هەژاری بۆ هەموو وڵاتان كارێكی گونجاو نییە بەو شێوەیە ناتوانرێت بە ئاسانی ئاستی هەژاری دەستنیشان بكرێت. كێشەیەكی دیكەش هەیە لە پێوەری هەژاریدا، ئەویش ئەو كەسانەیە كە پیشەكەیان جووتیارییە و ساڵانە ئەوەی لە زەوییەكانیاندا بەرهەمی دەهێنن، دەیخۆن، واتە هیچ بڕە پارەیەكی دیاریكراو پەیدا ناكەن و نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پێوانەكردنی بژێوی ژیانیان، ئەو بەرهەمەی پەیدا دەكەن، بە پارە دەیخەمڵێنن و دابەشی دەكەنەوە بەسەر ژمارەی رۆژەكانی ساڵدا، بەمەش بڕی داهاتەكەیان بۆ دەستنیشان دەكرێت، كە زۆر دەقیق و راست دەرناچێت.
ئێستا ئەگەر پێوەرەكەش بگۆڕێت بۆ 30 دۆلار، هێشتا جیاوازیی هەیە لە نێوان ئاستی گوزەرانی دانیشتوانی وڵاتێكی وەك هیندستان لەگەڵ ئەمریكا، چونكە داهاتی تاك لە ئەمریكا زۆر بەرزترە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان. بە شێوەیەكی گشتی قسە لەسەر ئەوەیە، پێوەرەكان بە وردی ئامانج ناپێكن، چونكە ئەگەر بۆ ئەمریكا پێوەری 30 دۆلارەكەش لەبەرچاو بگیرێت، ئەوا %16ی هاووڵاتیانی ئەمریكا لە خوار هێڵی هەژارییەوەن، لە كاتێكدا بە گوێرەی داتای رەسمی ئەمریكا رێژەی هەژاری لە وڵاتەكەیاندا تەنیا %11یە.
نون پۆست