پڕۆژەی كتێبـی (كێوی پشت كەڵەپیاوەكان) راگەیەنرا

01:13 - 2022-07-03
کوردستان
682 جار خوێندراوەتەوە

ئەسرین محەمەد
مەكتەبی شەهیدان و تێكۆشەران بە هاوكاریی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پڕۆژەی كتێبـی (كێوی پشت كەڵەپیاوەكان)ی، راگەیاند، كە تێیدا خەباتی 15 هاوسەری شەهیدی یەكێتی و رێگەی خەباتی رزگاریی كوردستان، دەگێڕدرێتەوە.
لە رێوڕەسمێكدا لە هۆڵی خاك لە سلێمانی، بە ئامادەبوونی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك و سەرپەرشتیاری مەڵبەندەكانی (سلێمانی، چەمچەماڵ، شارەزوور، گەرمیان و راپەڕین) و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و كەسوكاری شەهیدان، خەڵاتی رێزلێنان درایە 15 ژنە شەهید و لە دیكۆمێنتارییەكدا باس لە خەبات و ماندوبوونیان، كرا.
لە رێوڕەسمەكەدا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند: رێزلێنان لەم ژنانە هەنگاوێكە، هیوادارم بەردەوام بین لەسەری و كارێكی وابكەین سەربەرزانە باس لە كەڵە ژنانی یەكێتی بكەین، هەروەك چۆن لە سەردەمی شاخدا هاوشانی هاوسەرەكانیان خەباتیان كردووە، ئەمڕۆش ببینەوە بە هەمان كەسوكار و خانەوادەی یەكتر و بەردەوام بین، هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم  و سەری رێزیان بۆ دادەنەوێنم.
هاوكات ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی وتی: هەرچی بگێڕینەوە لەسەر تێكۆشانی ژنانی یەكێتی، هێشتا كەمە و نابێت سڵ بكەینەوە لە گێڕانەوەی ئەو شانازییە بۆ یەكێتی، وتیشی: ژنانی یەكێتی شەریك وهاوبەشی یەكەمینن لە خەباتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا و كاتی ئەوەیە ئەو كەمتەرخەمییە پڕكەینەوە و ئەو تێكۆشانە وەك خۆی بگێڕینەوە.
هەروەها د.دڵپاك تاهیر ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: یەكێتی وەك حزبێكی سۆسیال دیموكرات، ناكرێت مێژووەكەی پیاوسالاری بێت، بۆیە گەڕاین بەدوای ئەو ژنانەی لەناو یەكێتیدا ماندووبوون و هاوشانی هاوسەرەكانیان خەباتیان كردووە و رێزمان لێنان، وتیشی: لە ناوچە جیاوازەكانەوە 15 ژنمان دەستنیشان كرد كە هاوسەرەكانیان لەسێدارەدراون، یان شەهیدبوون لەپێش راپەڕین، باسی لەوەشكرد: خەبات و ماندوبوونی ئەو ژنانە كە وەك كێوێك لە پشت هاوسەرەكانیان وەستاون و كاتی خەبات لەگەڵیاندا بوون و دوای شەهیدبوونی هاوسەرەكانیشیان كۆڵیان نەداوە و ئەركی بەخێوكردنی منداڵەكانیان لە ئەستۆ گرتووە دەكرێتە كتێبێك و بڵاودەكرێتەوە بۆ ئەوەی بچێتە ناو مێژووی یەكێتییەوە.
ئەم پڕۆسەی رێزلێنانە لە ژنانی ماندووی خەباتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەردەوام دەبێت و ژنانی دیكەی هەمان شێوەش بەسەر دەكرێنەوە و رێزیان لێدەنرێت.





#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان