د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
ده‌ستپێك
له رووی زانستییه‌وه، زۆرجار توێژینه‌وه‌كان له‌به‌ر رۆشنایی تیۆرێك، یان زیاتر له تیۆرێكی بواری پسپۆریدا ئه‌نجامده‌درێن، توێژینه‌وه‌كانی بواری راگه‌یاندنیش له هه‌مان هاوكێشهدایه. مه‌به‌ستیش له تیۆر كۆمه‌ڵێك بیروڕایه، كه هه‌وڵی شیكردنه‌وه‌ی لێكه‌وته زانستییه‌كان، یان مهزهندهكراوهكان ده‌ده‌ن، یان لێكۆڵینه‌وه له‌و كێشانه‌ی، كه په‌یوه‌ستن به په‌یوه‌ندیی نێوان كه‌س و بابه‌ت، یان هۆكار و ئه‌وه‌ی له پشتی هۆكاره‌وه‌یه. (الدلیمي،2016 : 18).
هه‌رچی تیۆره‌كانی راگه‌یاندن_ه، پوخته‌ی ئه‌نجامه‌كانی توێژه‌رانی په‌یوه‌ندیگرتنی مرۆییه به جه‌ماوه‌ره‌وه، ئه‌وه‌ش به ئامانجی شیكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی په‌یوه‌ندیگرتن و راگه‌یاندن و هه‌وڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنی و پێشبینیكردن بۆ جێبه‌جێكردنه‌كانی و كاریگه‌رییه‌كانیشی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه. تیۆره‌كانی راگه‌یاندن سیستەمەكانی راگه‌یاندنیش له وڵاتانی جیهاندا باسده‌كه‌ن هه‌روه‌ك له كتێبی (هه‌ر چوار تیۆره‌كه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری)ی لبیترسۆن و شرام_دا، هاتووه. (الضلاعين وآخرون،2016 : 215).
ده‌رباره‌ی ئه‌م تیۆره
ئه‌م تیۆره، كه له‌لایه‌ن دوو توێژه‌ر و زانای ئه‌مریكییه‌وه دانراون، كه ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه له د.مێڵڤین دیفلورDr Melvin defleur (1923-2017)، د.ساندرا بۆل رۆكێتچ D.r: Sandra Ball-Rokeachن، یه‌كێكه له‌تیۆره به‌ناوبانگ و سهراپاگیرهكانی بواری راگه‌یاندن، كه كاریگه‌رییه‌كانی راگه‌یاندنی له هه‌رسێ ئاستی مه‌عریفی، ویژدانی/ سۆزداری، ره‌فتاریدا تیۆریزه كردووه، به‌تایبه‌تی له‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی، كه گۆڕانكاری و ململانێ، یان ناسه‌قامگیری و قه‌یرانی كۆمه‌ڵگه‌یی هه‌بێت و رووداوه‌كان به ته‌مومژی بمێننه‌وه‌و پێویست بكات تێڕوانینێكیان له‌باره‌وه هه‌بێت و پاشان به‌كردار هه‌ڵوێستیان لێوه‌ربگرن، جا چ له بواری سیاسی بێت، یان ئابووری، یان ئاسایش، یان ته‌ندروستی، یان هه‌ر بوارێكی تر كه به‌ده‌ستهێنانی زانیاری له باره‌یانه‌وه ببێته به‌شێك له‌پێویستییه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵ. (نصر،2015 : 169-170).
هاوكات تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تری ئه‌م تیۆره ئه‌وه‌یه، كه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن و سیستەمی كۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌ماوه‌ری ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن ده‌وه‌ستێت. (حسن، 2019: 31). واته پشتبه‌ستنی تاك و كۆمه‌ڵ و سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن و ئامرازه‌كانی راگه‌یاندنیش به‌و سیسته‌مانه، شیده‌كاته‌وه. لێره‌وه هەوڵمداوە، كه له چه‌ند بڕگه‌یه‌كدا زیاتر رۆبچمە ورده‌كاریی ئه‌م تیۆره‌وه.
وه‌ك به‌شێك له تیۆره‌كانی كاریگه‌ریی مامناوه‌ند:
له‌كۆتاییه‌كانی شه‌سته‌كان و حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا، چه‌ند نموونه‌یه‌كی نوێی توێژینه‌وه له باره‌ی كاریگه‌ریی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه ده‌ركه‌وتن. ئه‌و نموونانه، كه بهتیۆرهكانی كاریگه‌ریی مامناوه‌ند ناونران و تیۆری پشتبه‌ستن به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن Media dependence theoryیش یه‌كێكه له‌و تیۆرانه، نموونه‌گه‌لێكی كارلێككارن، كه هه‌موو ره‌گه‌ز و هه‌لومه‌رجه په‌یوه‌ندیداره‌كانی په‌یوه‌ندیگرتن ره‌چاوده‌كه‌ن، پێیانوایه، كه ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن كۆمه‌ڵێك سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی خاوه‌ن سروشتی بونیادیی_ن Structural Natureو له‌گه‌ڵ سیسته‌مه‌كانی تری كۆمه‌ڵگه‌دا كارلێكدهكهن و تایبه‌تمه‌ندییه ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ له‌به‌رچاوده‌گرن.
تیۆره‌كانی كاریگه‌ریی مامناوه‌ند، وه‌ك له زۆر سه‌رچاوه‌دا هاتووه، له‌یه‌ك كاتدا هه‌م بۆ تێپه‌ڕاندنی تیۆره‌كانی كاریگه‌ریی سنورداری راگه‌یاندن بوون وه‌ك: (تیۆری گوزه‌ری په‌یوه‌ندیگرتن به دوو قۆناغ) و (تیۆری بڵاوبوونه‌وه‌ی داهێنراوه‌كان)، كه له كاریگه‌رییه‌كانی راگه‌یاندنیان كه‌مده‌كرده‌وه، هه‌م بۆ نه‌هێشتنی زێده‌ڕۆیی ئه‌و تیۆرانه‌ی راگه‌یاندنه‌ش بوون كه كاریگه‌ریی راگه‌یاندنه‌كانیان به كاریگه‌رییه‌كی به‌هێز داده‌نا، وه‌ك تیۆری (لێرنه‌ر: تێپه‌ڕاندنی كۆمه‌ڵگه كلاسیكییه‌كان) و (تیۆری ماكلۆهان: حه‌تمییه‌تی ته‌كنه‌لۆژی) و (تیۆری نیومان: گێژاوی بێده‌نگی)، چونكه گریمانه‌ی تیۆره‌كانی كاریگه‌ریی مامناوه‌ند ئه‌وه‌یه، كه راگه‌یاندنه‌كان، له سایه‌ی هه‌لومه‌رجێكی دیاریكراودا، كاریگه‌رییه‌كانیان هه‌مه‌جۆرن و خۆیان له نێوان كاریگه‌ریی به‌هێزو لاوازدا ده‌بیننه‌وه. (مكاوي - السید، 2001 : 287).
بیرۆكه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م تیۆره:
تیۆری پشتبه‌ستن بهئامرازهكانی راگه‌یاندن، به شێوه‌یه‌كی گشتی، پێیوایه كه:
1- توانای ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن له به‌دیهێنانی زۆرترین بڕی كاریگه‌ریی مه‌عریفی و سۆزداری و ره‌فتاری زیاد ده‌كات كاتێك كه ئه‌و ئامرازانه به‌چڕی به ئه‌ركی گواستنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان هه‌ڵده‌ستن.
2- جه‌ماوه‌ر پشت به زانیارییه‌كانی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن ده‌به‌ستن بۆ به‌دیهێنان و دابینكردنی پێویستییه‌كانیان و به‌ده‌ستهێنانی هه‌ندێك ئامانجی دیاریكراو. بیرۆكه‌ی گرنگیی ئه‌م تیۆره، كه جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌یه، كه راگه‌یاندنه‌كان به‌و راده‌یه كاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵك دروستده‌كه‌ن، كه ئه‌و خه‌ڵكه پشت به زانیارییه‌كانیان ببه‌ستن.
3- ئه‌م تیۆره پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت، كه ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن كاریگه‌رییان هه‌یه، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كانیان كورتخایه‌ن و خێرا نین، به‌ڵكو دوورمه‌ودان، واته كاریگه‌رییه‌كانیان له‌سه‌ر تاك و له‌سه‌ر كۆمه‌ڵیش، دوای ماوه‌یه‌كی دوور‌و درێژ، به‌ده‌رده‌كه‌ون.
4- تیۆری پشتبه‌ستن به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن تیۆرییه‌كی ژینگه‌ییه، بایه‌خ به‌و په‌یوه‌ندییانه ده‌دات، كه لەنێوان سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تییه جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌و پێیه‌ی كه كۆمه‌ڵگه خۆی بریتییه له پێكهاته‌یه‌كی ئۆرگانی فره سیسته‌م، ئه‌م سیسته‌مانه هه‌موویان پێكه‌وه گرێدراون و له‌گه‌ڵ یه‌كدا كارلێك ده‌كه‌ن، له‌ناویاندا په‌یوه‌ندیی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن به تاكه‌كان، به گروپه‌كان، به رێكخراوه‌كان، به سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان_ه‌وه. : (حسن،2019: 31)، (الضلاعين وآخرون،2016 : 247)، (عه‌لی - عه‌بدوڵڵا -2023).
تیۆری پشتبه‌ستن وه‌ك وه‌رچه‌رخانێكی تیۆری
ئه‌م تیۆره به وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره ده‌زانرێت له بواری ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی، كه تایبه‌تن به ده‌ستنیشانكردنی كاریگه‌ریی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن. تیۆره‌كه به ئاشكرا روویه‌كی دیاریكراوی بۆ بنیادنانی ئه‌و تیۆرانه‌ی راگه‌یاندن داڕشت، كه تێڕوانێكی سه‌راپاگیرمان له باره‌ی رۆڵی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه پێشكه‌شده‌كه‌ن. له‌به‌رچی-یش ئه‌م تیۆره به وه‌رچه‌رخانێكی تیۆری دانرا، زیاتر له هۆكارێكی هه‌یه، كه دیارترینیان ئه‌مانه‌ن: -
1- ئه‌م تیۆره، زیاتر له هه‌ندێك له تیۆره‌كانی تری راگه‌یاندن، كۆمه‌ڵێك ره‌گه‌زی خۆی له كۆمه‌ڵناسییه‌وه وه‌رگرتووه، هه‌ندێك چه‌مكی خۆیشی له ده‌روونناسییه‌وه هێناوه.
ئه‌م دوو كانگا زانستییه‌ی تیۆره‌كه، له دیدی توێژه‌ردا، ده‌توانن به وردی ئه‌و كاریگه‌رییانه دیاری بكه‌ن، كه راگه‌یاندنه‌كان له‌سه‌ر ره‌گه‌زه‌كانی وه‌ك تاك و كۆمه‌ڵ و له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانیان هه‌یه، چونكه ئه‌و ره‌گه‌زانه به‌گشتی بواری پسپۆریی ئه‌و دوو زانسته‌ن.
2- ئه‌م تیۆره، په‌یوه‌ندیی هۆكاریی (العلاقات السببیة) نێوان سیسته‌مه جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگه شرۆڤه ده‌كات، كه ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م سیسته‌مانه‌ی كۆمه‌ڵگه له‌گه‌ڵ یهكتریداو به‌هۆی یه‌كترییه‌وه، كامڵ بن.
3- ئه‌م تیۆره وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه، كه ده‌پرسێت: بۆچی كاریگه‌رییه‌كانی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن، هه‌ندێكجار، به‌هێزو راسته‌وخۆن و هه‌ندێكجاریش لاواز‌و ناڕاسته‌وخۆ؟.
4- ئه‌م تیۆره، تێڕوانێكی فه‌لسه‌فیی هه‌یه، كه له‌یه‌ك كاتدا هه‌م بریتییه له بایه‌خدانی ته‌قلیدی به ناوه‌ڕۆكی په‌یامه‌كانی راگه‌یاندن و هه‌م ئه‌و كاریگهرییانهش، كه له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر دروستده‌بێت به‌هۆی به‌ركه‌وتن به ناوه‌ڕۆكی په‌یامه‌كانه‌وه. (مێڵڤین - ساندرا، 2004 : 413-414).
د.ساندرا بۆل رۆكێتچ
شرۆڤه‌كردنی ده‌سته‌واژه‌ی (پشتبه‌ستن به‌یه‌كتر)
به‌پێی تیۆری پشتبه‌ستن به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن، هێزی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن له‌وه‌دایه، كه سه‌رچاوه‌كانی زانیاری‌یان له‌ژێر ركێفدایه، ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی، كه تاكه‌كان، گروپه‌كان، رێكخراوه‌كان، سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پشتیان پێ ده‌به‌ستن بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانیان.
په‌یوه‌ندییه‌كه، له‌م پشتبهستنهدا، یه‌ك لایه‌نه نییه، به‌ڵكو ئامرازه‌كانی راگه‌یاندنیش پشت به‌و زانیارییانه ده‌به‌ستن، كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵات و ركێفی شوێنی تر‌و لایه‌نی تردایه. هه‌ر بۆیه له زۆر سه‌رچاوه‌دا ناوی ئه‌م تیۆره نراوه تیۆری پشتبه‌ستن به یه‌كتر Interdependence..
هۆكاری پشتبه‌ستنی سیستەمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به راگه‌یاندن بۆئه‌وه‌یه، كه راگه‌یاندن، بیانبه‌ستێته‌وه به كۆمه‌ڵگه‌وه، یان په‌یوه‌ندیگرتنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌دا بۆ دروستبكات، كه ده‌یانكه‌نه ئامانج، چونكه به سروشتی حاڵ راگه‌یاندنه‌كان ده‌توانن ده‌ستیان به ملیۆنان كه‌س و هه‌زاران گروپ و رێكخراو له‌كۆمه‌ڵگه و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ش، بگه‌یه‌نن. (صلوي،2011 : 29).
نموونه‌كانی پشتبه‌ستنی سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به راگه‌یاندن و راگه‌یاندنیش به سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، زۆرن، ئێمە لێره‌دا ته‌نها پێنج نموونه ده‌هێنینه‌وه:
1- پشتبه‌ستنی سیسته‌می سیاسی به راگه‌یاندن
سیسته‌می سیاسی، بۆ چه‌ند ئامانجێك پشت به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن ده‌به‌ستێت، كه دیارترینیان بریتین له: -
أ. گه‌یاندنی هه‌واڵی پڕۆژه‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانی داموده‌زگاكانی حكومه‌ت.
ب. بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وت و چالاكی و جموجوڵی كاربه‌ده‌ستانی ده‌زگاكانی حكومه‌ت.
ج. بڵاوكردنه‌وه‌ی بڕیار و بانگه‌واز و ئاگادارییه‌كان و رێنوماییهكانی حكومه‌ت و كۆنگره رۆژنامه‌نووسه‌كانی.
د. بازاڕسازیی/ ماركێتینگی سیاسی بۆ وێنه‌ی جوانی ده‌وڵه‌ت له ناوخۆ و جیهاندا.
ه. ئاشناكردنی هاووڵاتیان به یاساكانی په‌رله‌مان و بڕیاره‌كانی.
و. ئاگاداركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له گفتوگۆ‌و تاوتوێكردنی دۆسیه‌و پرس و یاساكان له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه.
ز. بیرخستنه‌وه‌ی پابه‌ندی و ئه‌رك و مافه‌كانی هاووڵاتیان كه ده‌وڵه‌ت دیارییاندهكات.
2- پشتبه‌ستنی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن به سیسته‌می سیاسی
ئامانج له‌م پشتبه‌ستنه‌ی راگه‌یاندنه‌كانیش به سیسته‌می سیاسی، ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌یه:
أ. ده‌ستكه‌وتنی پاراستن (حمایة) له رووی یاسایی و دادوه‌ری و جێبهجێكارییهوه.
ب. ده‌ستكه‌وتنی زانیاری له باره‌ی پڕۆژه و خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكومه‌ت و گواستنه‌وه‌ی بۆ جه‌ماوه‌ری وه‌رگری ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن.
ج. ده‌ستكه‌وتنی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی، كه هاووڵاتیان له‌فه‌رمانگه و كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تیان هه‌یه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌كان، كۆنگره رۆژنامه‌نووسییه‌كان، ئاگادارییه‌كان.
د. به‌دواداچوون بۆ كێشه و ململانێ سیاسییه‌كان و قه‌یرانه‌كانی وڵات له‌ڕێگه‌ی وه‌رگرتنی به‌ڵگه و زانیاری و لێدوان له كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت.
ه. ده‌ستكه‌وتنی داهاتێك له‌رێی ریكلامی سیاسییه‌وه له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا وەک لە ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی ئێستای کوردستاندا سەرلەنوێ دەیبینینەوە (عه‌لی - عه‌بدوڵڵا، 2023) ، (صلوي،2015 : 30).
3 -پشتبه‌ستنی سیسته‌می ئابووری به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن:
سیسته‌می ئابووری، بۆ نموونه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكیدا، بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجانه پشت به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن ده‌به‌ستێت:
أ. ره‌واجدان و پشتگیریكردنی به‌هاكانی تایبه‌ت به پڕۆژه‌كانی سه‌رمایه‌داریی ئازاد.
ب. دامه‌زراندن و چاككردنی په‌یوه‌ندیی نێوان به‌رهه‌مهێن، یان فرۆشیار و نێوان به‌كاربه‌ر، یان كڕیار، ئه‌وه‌ش بۆ ئاگاداركردنی به‌كاربه‌ر له‌و به‌رهه‌مانه‌ی، كه فهراههمكراون و هاندانی بۆ كڕین، یان به‌كارهێنانی خزمه‌تگوزاری و به‌رهه‌مه‌كه.
ج. كۆنترۆڵكردن و به‌ده‌ستهێنانی ململانێ ناوخۆییه‌كانی وه‌ك ئه‌وه‌ی، كه له نێوان به‌ڕێوه‌بردن و یه‌كێتییه‌كاندا رووده‌ده‌ن، یان ململانێ له‌گه‌ڵ رێكخراو و كۆمپانیا ده‌ره‌كییه‌كاندا، یان هه‌ر هه‌ڵوێستێك هه‌ڕه‌شه بێت بۆ دامه‌زراوه‌ی ئابووری. (إسماعیل، 2015 :102)
4- پشتبه‌ستنی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن به سیسته‌می ئابووری
ئه‌مه‌ش به چه‌ند ئامانجێكه، له‌وانه: -
أ. قازانجكردن له‌و داهاته‌ی، كه به‌هۆی ریكلامهكانهوه به‌ده‌ست ده‌هێنێت، وەک نموونەی داهاتی رۆژنامەی کوردستانی نوێ بەهۆی ریکلام و ئاگادارییەکانەوە.
ب. گه‌شه‌پێدانی ته‌كنۆلۆژی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و كێبڕكێكردنی كارا له رێگه‌ی هه‌بوونی به‌رهه‌می زۆر پێشكه‌وتووتر.
ج. فراوانكردنی پڕۆژه‌كانی راگه‌یاندن بۆ گه‌یشتن به جه‌ماوه‌رێكی زۆرتر‌و به‌دیهێنانی داهاتێكی زیاتر، ئه‌وه‌ش پێویستیی به به‌ده‌ستهێنانی خزمه‌تگوزارییه‌كانی بانكه‌كان و پاره‌داركردن و مامه‌ڵه‌كردن هه‌یه له‌گه‌ڵ بازرگانیی ده‌ره‌كیدا. (صلوي،2015 : 29).
ئه‌م تیۆره پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت، كه ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن كاریگه‌رییان هه‌یه، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كانیان كورتخایه‌ن و خێرا نین، به‌ڵكو دوورمه‌ودان، واته كاریگه‌رییه‌كانیان له‌سه‌ر تاك و له‌سه‌ر كۆمه‌ڵیش، دوای ماوه‌یه‌كی دوور‌و درێژ، به‌ده‌رده‌كه‌ون
5- پشتبه‌ستنی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن به ئه‌زموون و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی یه‌كتر
ئه‌مه‌یان، له دیدی ئێمەدا، له ئه‌نجامی كاریگه‌ریی دانانی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندنه له‌سه‌ر یه‌كتر، یان له ئاكامی تایبه‌تمه‌ندیی ههریهكهیانه، یاخود زاده‌ی كێبڕكێی نێوانیانه، یان له ئه‌نجامی كێبڕكێی نێوان ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی راگه‌یاندنه‌وه دروستده‌بێت، كه زیاتر له ئامرازێكیان هه‌یه، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی، كه سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن زیاتر پشت به‌و ئامرازانه‌ی راگه‌یاندن ببه‌ستن كه له ئامرازی تری راگه‌یاندن، كاراتر و باشتر ئهمانجهكانیان بۆ به‌دیده‌هێنن.
بۆ نموونه ده‌ركه‌وتنی ته‌له‌فزیۆنی بازرگانی له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا بووه هۆی گۆڕینی رۆڵی رادیۆ و سینه‌ما. واته سیسته‌می راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیگرتن له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، به شێوه‌یه‌كی گشتی، له پێكهاتنی خۆیدا بێت، یاخود سه‌رله‌نوێ پێكهێنانهوهیدا، ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و شێوازه لهكارلێك كه له نێوان ئامرازه‌كانی راگه‌یاندندا رووده‌دات، چونكه هه‌ندێك ئامراز تێچووی له ئامرازه‌كانی تر زیاتره، هه‌ندێكیشیان بۆ هه‌ندێك توێژ گونجاوتره له‌هه‌ندێكی تریان. واته تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن له په‌یوه‌ندیدا به تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگاكانه‌وه، رۆڵی خۆیان له‌په‌ره‌پێدانی سیسته‌می راگه‌یاندن له كۆمه‌ڵگه‌دا، ده‌گێڕن. (العبدالله،2006 : 192).
پشبه‌ستنی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن به ئه‌زموونی جیاواز و تایبه‌تمه‌ندی و ده‌ستكه‌وته‌كانی یه‌كتر، چه‌ندین ئامانج له‌خۆده‌گرێت، كه دیارترینیان زیادكردن و باشكردنی جۆرایه‌تیی خزمه‌تگوزارییه‌كانی راگه‌یاندن و به‌جێگه‌یاندن و فراوانكردنی ئه‌ركه جیاجیاكانی راگه‌یاندنه، هاوكات كۆمه‌ڵێك ئامانجی تریشی له ڕووی پرۆسه‌ی په‌یوه‌ندیگرتن و ره‌گه‌زه‌كانییه‌وه هه‌یه، كه ئه‌مانه‌ی لای خواره‌وه‌ن: (عه‌بدوڵڵا، 2022).
أ. له ڕووی نێره‌ره‌وه: سوود وه‌رگرتن له ئه‌زموونی یه‌كتر له ڕووی خاوه‌ندارێتی و پاره‌داركردن و هێزی مرۆیی به‌رپرس له پرۆسه‌ی په‌یوه‌ندیگرتندا.
ب. له ڕووی په‌یامه‌وه: كاریگه‌ركردنی زیاتری ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن له ڕووی گوتار و ناوه‌ڕۆكی په‌یامه‌كان و سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ و زانیاری و ده‌ستپێشخه‌ریی میدیاییه‌وه.
ج. له ڕووی وه‌رگره‌وه: دۆزینه‌وه‌ی شێواز‌و میكانیزمی نوێ بۆ زیادكردنی جه‌ماوه‌ری وه‌رگر له‌ده‌وربه‌ری ئامرازی راگه‌یاندن، كه هۆكارێكه بۆ زیاتر پشتبه‌ستنی سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن.
د. له ڕووی كه‌ناڵه‌وه: گه‌شه‌پێدانی لایه‌نی كارگێڕی و دارایی و ئابووریی و كه‌ره‌سته ته‌كنۆلۆژییه‌كان و كوالیتی په‌خش و بڵاوكردنه‌وه له‌و ئامرازانه‌ی، كه به‌كارده‌هێنرێن چ رۆژنامه بێت، یان رادیۆ، یان ته‌له‌فزیۆن، یان ئامرازه‌كانی راگه‌یاندنی نوێ.
ه. له ڕووی فیدباكه‌وه: پێوانه‌كردنی نێوبانگ و ده‌نگدانه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی راگه‌یاندن له‌لای جه‌ماوه‌ری وه‌رگر له ئه‌نجامی به‌راوردكاریی زانستی له نێوان ئامرازه‌كان و دامه‌زراوه‌كانی راگه‌یاندندا.
وێنه‌ی ژماره (1): هێڵكاریی مۆدێلی ته‌واوه‌تیی كاریگه‌رییه‌كانی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن له‌سه‌ر تاكه‌كان به‌پێی دانه‌رانی تیۆری پشتبه‌ستن به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن
په‌یوه‌ندیی ئه‌م تیۆره به تاكه‌كانه‌وه
تیۆری پشتبه‌ستن به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن، په‌یوه‌ندیی راگه‌یاندن به تاكهكانیشهوه دیاریده‌كات. تاكه‌كان كۆمه‌ڵێك ئامانجی خۆیان هه‌یه بۆئه‌وه‌ی پشت به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن ببه‌ستن. هه‌ندێك له ئامانجه‌كانیان پێویستیان به گه‌یشتنه به‌و سه‌رچاوانه‌ی، كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی راگه‌یاندنه‌كانه. راسته به‌جیاوازیی نێوان تاكه‌كان، ئامانجه‌كانیش ده‌گۆڕێن، به‌ڵام خاڵی هاوبه‌شی نێوانیان له‌م ئامانجانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه:
1- تێگه‌یشتن: وه‌ك:
أ -خۆناسین له رێگه‌ی فێربوون و به‌ده‌ستهێنانی شاره‌زاییه‌وه.
ب- تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵایه‌تی، له رێگه‌ی زانینی شته‌كان له باره‌ی جیهان یان گروپه خۆماڵییه‌كان و شیكردنه‌وه‌یان.
2- ئاراسته‌كردن: واته ئاراسته‌ی كاركردنت، ئایا بڕیارده‌ده‌یت چی بكڕیت؟ چ جلێك له‌به‌ربكه‌یت؟ كام خواردن ته‌ندروسته بیخۆیت؟ چۆن له‌ش ڕێكیی خۆت ئه‌پارێزیت؟ واته پشتبهستنهكه بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئاراسته‌ی خۆته له باره‌ی دیارده‌كان و پێویستییه‌كانه‌وه.
3 -كاتبه‌سه‌ربردن، كه بریتین له‌مانه:
أ- له‌سه‌ر ئاستی تاك، وه‌ك پشوو و حه‌وانه‌وه‌و چێژوه‌رگرتن.
ب -له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیش، وه‌ك چوون بۆ سینه‌ما، یان گوێگرتن له موزیك و سه‌یركردنی یارییه‌ك له‌گه‌ڵ هاوڕێكانتدا، یان سه‌یركردنی ته‌له‌فزیۆن له‌گه‌ڵ خێزاندا. (طالة،2022 : 81-82).
له‌مڕووه‌وه، بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر له تیۆره‌كه، بڕوانه وێنه‌ی ژماره (1) كه به‌پێی تێگه‌یشتنی دانه‌رانی ئه‌م تیۆره، هه‌ریه‌كه له (دیفلۆر) و (رۆكێتچ)، هێڵكارییه‌كی زانستی و تایبه‌ته به مۆدێلی ته‌واوه‌تی كاریگه‌رییه‌كانی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تری ئه‌م تیۆره ئه‌وه‌یه، كه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان ئامڕازه‌كانی راگه‌یاندن و سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌ماوه‌ری ئامڕازه‌كانی راگه‌یاندن ده‌وه‌ستێت
گریمانه‌كانی تیۆری پشتبه‌ستن به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن
بۆمان ده‌ركه‌وتووه، كه له زۆربه‌ی سه‌رچاوه زانستییه‌كاندا، به روونی و دیاریكراوی و یه‌كلاكه‌ره‌وه گریمانه‌كانی ئه‌م تیۆره دهستنیشاننهكراون، ئه‌وه‌ی هه‌یه، زیاتر ئه‌نجامگیرییه بۆ بوونی كۆمه‌ڵه گریمانه‌یه‌ك، كه به‌هۆی راڤه‌كردنی ناوه‌ڕۆكی تیۆرهكهوه خراونه‌ته‌ڕوو.
گریمانه سه‌ره‌كییه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه، كه تاكه‌كان و كۆمه‌ڵ بۆ تێركردنی پێویستییه‌كانیان له رێگه‌ی ئامرازی راگه‌یاندنه‌وه، پشت به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن ده‌به‌ستن، چه‌ندیش ئامرازی راگه‌یاندن رۆڵێكی گرنگ له ژیانی تاك و كۆمه‌ڵدا بگێڕێت، ئه‌وا كاریگه‌ریشی زیادده‌بێت و رۆڵی گرنگتر‌و ناوه‌ندیتر Central ده‌بێت، به‌وه‌ش په‌یوه‌ندیی نێوانیان به ئه‌ندازه‌ی توندی پشتپێبه‌ستن و پله‌ی كاریگه‌ریی ئامراز لای تاك و كۆمه‌ڵ دروستده‌بێت. هاوكات چه‌ند كۆمه‌ڵگاكانیش ئاڵۆزبن، ئه‌وه‌نده‌ش پشتبه‌ستنی تاكه‌كان به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن زیادده‌كات.
جگه له‌وه، دیارترین ئه‌و لقه گریمانانه‌ش، كه گرێدراون به تیۆری پشتبه‌ستن به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه، ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:
1- پله‌ی سه‌قامگیریی سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی و سروشتی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی كه تاك و كۆمه‌ڵ پێدا تێپه‌ڕده‌بن و سروشتی ئه‌و زانیارییانه‌ی، كه به‌ری ده‌كه‌ون و هه‌مه‌جۆریی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن و راده‌ی سه‌رنجدانی جه‌ماوه‌ر له ناوه‌ڕۆكی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن و كاریگه‌ریی پیوهندیگرتنی كه‌سی، هه‌ر هه‌موو كاریگه‌ریی خۆیان له‌سه‌ر زۆری یان كه‌میی پشتبه‌ستن به سه‌رچاوه‌كانی زانیاریی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن هه‌یه.
2- له حاڵه‌تی كه‌میی كه‌ناڵی جێگره‌وه‌دا بۆ زانیاری، پله‌ی پشتبه‌ستن به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن زیادده‌كات، به‌ڵام له حاڵه‌تی بوونی سه‌رچاوه‌ی زانیاریی جێگره‌وه، كه كۆمه‌ڵێك تۆڕی تایبه‌تی، یان ره‌سمی، یان سه‌رچاوه‌ی راگه‌یاندنی ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه پێشكه‌شی بكه‌ن، ئه‌وا پشتبه‌ستن به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن كه‌مده‌كات.
3- پله‌ی پشتبه‌ستنی جه‌ماوه‌ر به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن جیاوازه، ئه‌وه‌ش له ئه‌نجامی بوونی جیاوازی له ئامانجه كه‌سییه‌كان و به‌رژه‌ه‌ندی و پێویستییه‌كانی تاك. (الدلیمي،2016 : 241) ، (طالة، 2022 : 78). له دیدی ئێمەشدا هه‌موو ئه‌و خاڵانه راستن و له مۆدێلی تیۆرهكهشدا ره‌نگیانداوه‌ته‌وه وه‌ك له وێنەکهدا هێڵكاریی بۆ كراوه.
د.مێڵڤین دیفلور
جۆری كاریگه‌رییه‌كانی پشتبه‌ستن به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن
د.میلڤان دیفلۆر و د.ساندرا بول روكێتچ، كۆمه‌ڵێك كاریگه‌رییان ده‌ستنیشانكردووه، كه زاده‌ی پشتبه‌ستنی تاكه‌كانن به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن، ئه‌وه‌ش له رێگه‌ی سێ ده‌سته‌ی بنه‌ڕه‌تی له كاریگه‌ری، كه ئه‌وانیش: كاریگه‌ریی مه‌عریفی، كاریگه‌ریی ویژدانی/ سۆزداری، كاریگه‌ریی ره‌فتاری_ن. به‌مجۆره: Rokeach,1979: 229-242) & Defleur).
1-كاریگه‌ریی مه‌عریفی Cognitive Effects، وه‌ك:
أ. ته‌مومژی: پڕكردنه‌وه‌ی پێویستیی وه‌رگر له ڕووی زانیاری و ره‌واندنه‌وه‌ی ته‌مومژی مه‌عریفی لای وه‌گر ده‌رباره‌ی رووداوه‌كان.
ب. دروستبوونی ئاراسته: رۆڵی راگه‌یاندن له دروستكردنی ئاراسته و تێڕوانین له ئاست رووداو و هه‌ڵوێسته‌كاندا.
ج. بایهخبهندی: توانای راگه‌یاندنه‌كان له‌وه‌دایە، كه بتوانن ده‌ستكاریی گرنگیدانی وه‌رگران به دیارده‌كان و دۆزه‌كان بكه‌ن.
د. بڵاوبوونه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕه‌كان: راگه‌یاندنه‌كان تا چه‌ند بیروباوه‌ڕه‌كانمان له چوارچێوه‌ی خێزان، یان سیاسه‌ت، یان ئایندا، رێكده‌خه‌ن.
ه. به‌هاكان: راگه‌یاندنه‌كان تا چه‌ند به‌هاكان ئه‌ناسێنن و ئه‌چه‌سپێنن، بۆ نموونه وه‌ك به‌های ئازادی و یه‌كسانی.
2- كاریگه‌ریی ویژدانی/ سۆزداری Affective Effects:
بریتین له ساردوسڕیی هه‌ست وسۆز، یان بێباكبوون، ترس و دڵڕاوكێ، پاڵپشتیی مه‌عنه‌وی و نامۆبوون، به‌مجۆره:
أ. سارودسڕیی سۆزداری: زۆر به‌ركه‌وتن به هه‌واڵی توندوتیژی، له‌وانه‌یه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بێباكبوونت هه‌بێت به‌رامبه‌ر به دیارده‌كه، یان لات ئاساییبكاته‌وه.
ب. ترس و دڵڕاوكێ: كاتێك كه راگه‌یاندنه‌كان رووداوه‌كانی توندوتیژی، هاتوچۆ، رفاندن، كاره‌سات و كاره تیرۆریستییه‌كان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، ترس و دڵهڕاوكێت بۆ دروستده‌كات.
ج. پاڵپشتی مه‌عنه‌وی و داهێنان: راگه‌یاندنه‌كان ئه‌توانن وره‌ی هاووڵاتیان به‌رزبكه‌نه‌وه، ده‌شتوانن بیڕوخێنن یان هه‌ستی نامۆبوونیان بۆ دروستبكه‌ن.
3- كاریگه‌ریی ره‌فتاری Behavioral Effects
لای دیفلۆر و رۆكێتچ، ئه‌م كاریگه‌رییه له دوو ئاستدایه، یه‌كه‌م: كارایی و چالاككردن، دووه‌م: خاوكردنهوهو سستكردن، به‌مشێوه‌یه: (العلاق،2014: 157) ، (صلوي،2015: 32).
چالاككردن: واته هه‌ستانی تاكه‌كان به كار‌و ره‌فتارێكی دیاریكراو له ئه‌نجامی به‌ركه‌وتنی په‌یامه‌كانی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن، ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌ره‌نجامی كۆتایی كاریگه‌ریی مه‌عریفی و ویژانی/ سۆزداری راگه‌یاندن له‌سه‌ری.
بۆ نموونه، له دیدی ئێمەدا، به‌شداریكردن له خۆپیشاندان بۆ پاڵپشتی داواكردنی ده‌رماڵه‌ی خوێندكاران، یان ئیمزاكردنی به‌یاننامه‌یه‌ك له دژی توندوتیژی ده‌رهه‌ق به ژنان، دوو چالاكین كه راگه‌یاندنه‌كان رۆڵیان له هاندانیاندا هه‌یه، به‌تایبه‌تی به‌هۆی بایه‌خپێدان و رووماڵكردنیان له‌لایه‌ن راگه‌یاندنه‌وه.
خاوكردنه‌وه: پێچه‌وانه‌ی چالاككردنه و به مانای ههڵنهستانه به ئه‌نجامدانی كارێك له ئه‌نجامی به‌ركه‌وتن به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن. له‌مڕووه‌وه، نموونه لای ئێمە ئه‌وه‌یه، كه به‌هۆی باسكردنی به‌شێك له راگه‌یاندنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌ی، كه گۆڕانكاری له هه‌رێمدا روونادات و قه‌یرانه‌كان به‌رده‌وامن، له‌ژێر كاریگه‌ریی ئه‌وه‌شدا دروستبوونی جۆرێك له بێ هیوایی لای هاووڵاتیان، ده‌بینرێت، كه له ئه‌نجامدا به‌شداریی سیاسی له بۆنه و رووداوه سیاسییه‌كاندا، یان چوون بۆ ده‌نگدان له كاتی هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كاندا، كه‌مده‌بێته‌وه.
به گشتی-یش خاڵێكی جێی سه‌رنج له باره‌ی كاریگه‌ریی ره‌فتارییه‌وه ئه‌وه‌یه كه، به‌شێكی زۆری تیۆرسێنانی بواری راگه‌یاندن جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه راگه‌یاندنه‌كان ناتوانن كاریگه‌ریی ره‌فتاری له‌سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵ دروستبكه‌ن ئه‌گه‌ر پێشوه‌خت كه‌م و زۆر، كاریگه‌ریی مه‌عریفی و ویژدانی/ سۆزدارییان له‌سه‌ر دروستنهكردبێتن. هه‌ندێكیان به ده‌ق ده‌ڵێن: كاریگه‌ریی ره‌فتاری، به‌تایبه‌تی له ڕووی چالاككردنهوه، به‌رهه‌می كۆتایی رایه‌ڵه‌ی كاریگه‌رییه مه‌عریفی و ویژدانی/ سۆزدارییهكانه. (مكاوي – العبد،2007: 215). واته دروستبوونی كاریگه‌ریی ره‌فتاری له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی پشت به راگه‌یاندنه‌كان ده‌به‌ستن، پێشمه‌رجی خۆی هه‌یه، كه ئه‌ویش دروستبوونی كاریگه‌ریی مه‌عریفی و ویژدانی/ سۆزدارییه له‌سه‌ریان. له دیدی ئێمەشدا، ئه‌مه پێدراوێكی واقعی و دروسته. نموونه ئه‌وه‌یه، كه وه‌رگر به دیار هه‌ندێك دیمه‌نی درامایه‌كی ته‌له‌فزیۆنییه‌وه ناگری، یان پێ ناكه‌نێت، یان لاسایی شێوازی Style هه‌ندێك له ئه‌كته‌ره‌كانی ناوی ناكاته‌وه ئه‌گه‌ر پێشوه‌خت له دیمه‌نه‌كاندا زانیارییه‌ك، یان په‌یامێكی كاریگه‌ری ده‌نگیی، یان ره‌نگیی تێدا نه‌بێت كه ببێته هۆی بزواندنی لایه‌نی ویژدانی و هه‌ستیاربوونی وه‌ك دڵته‌نگی، یان دڵخۆشی، یان هاندانی و دواتر سه‌ركێشانی بۆ ئه‌نجامدانی ره‌فتارێكی دیاریكراو.
تیۆری پشتبه‌ستن به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن تیۆرییه‌كی ژینگه‌ییه، بایه‌خ به‌و په‌یوه‌ندییانه ده‌دات، كه لەنێوان سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تییه جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌و پێیه‌ی كه كۆمه‌ڵگه خۆی بریتییه له پێكهاته‌یه‌كی ئۆرگانی فره سیسته‌م
ئه‌و ره‌خنانه‌ی رووبه‌ڕووی تیۆره‌كه كراونه‌ته‌وه
ئه‌گه‌رچی تيۆری پشتبه‌ستن به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن، له‌و تیۆرانه‌یه، كه له توێژینه‌وه زانستی و ئه‌كادیمییه‌كانی بواری راگه‌یاندندا، زۆر به‌كارده‌هێنرێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی، كه له كاریگه‌رییه‌كانی راگه‌یاندن ده‌كۆڵنه‌وه، به‌و پێیه‌ی تیۆرێكی گشتگیره‌و كار له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان راگه‌یاندنه‌كان و جه‌ماوه‌رو سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك ره‌خنه‌شی رووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه كه ئێمە لێره‌داو له‌باسكردنی تیۆره‌كانی راگه‌یاندندا، وه‌ك نه‌ریتێكی زانستی، دهیانخەینهڕوو، له‌وانه: (حمدي،2001: 53) ، (السيد،2021، ئۆنلاین).
1- ئه‌م تیۆره زێده‌ڕۆیی ده‌كات له هه‌ڵسه‌نگاندنی پشتبه‌ستنی تاكه‌كان به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن، هاوكات رۆڵی ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیگرتنی كه‌سی Personal communication په‌راوێزخستووه له كاتێكدا، كه ئه‌م په‌یوه‌ندیگرتنه له ڕووی كاریگه‌رییه‌وه له‌سه‌ر زانین و ئاراسته‌ی تاكه‌كان، بایه‌خی خۆی هه‌یه.
2- هه‌ندێكجار مانا و هێزی پشتبه‌ستن به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن، روون نین.
3- تیۆری پشتبه‌ستن به ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن هێزی شیكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه درێژخایه‌نه‌كانی نییه.جیاوازی له پێوانه‌كردنی ئاستی به‌شه‌كی (الجزئي) كه تاكه‌كان ده‌گرێته‌وه‌و ئاستی هه‌مه‌كی (الكلي)، كه دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌گرێته‌وه، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی، كه له توێژینه‌وه‌كاندا گرفت بۆ توانای به‌راوردكردنیان دروستببێت.
سه‌رچاوه‌كان:
- Rokeach. S and Defleur، M.L A, (1979), (Dependency Model of Mass Media Effects), in Gary Pert & Robers Cathcart (eds.) Inter/ Media: Interpersonal Communication in a Media World، New York,USA.
- إسماعیل، محمود حسن، (2015م)، (نظريات الإعلام)، المكتب المصري للمطبوعات، مصر – القاهرة.
- حسن، كاروان محمد، (2019م)، (أثر الإخراج التلفزیوني في جذب إهتمام المشاهدين للنشرات الإخبارية في الفضائيات الكوردية)، من منشورات شبكة ميديا الأكاديمية والحوارية، إقليم كردستان- السليمانية.
- حمدي، عبير، (2001م)، (دور الأنترنت والراديو والتلفزيون في إمداد الجمهور المصري بالمعلومات)، رسالة ماجستير غير منشورة، كلية الإعلام- جامعة القاهرة، مصر- القاهرة.
- حمدي، محمد الفاتح- سطوطاح، سميرة، (2019م)، (مناهج البحث في علوم الإعلام والإتصال وطريقة إعداد البحوث)، دار الحامد للنشر والتوزيع، الأردن- عمان.
- الدلیمي، عبدالرزاق، (2016م)، (نظريات الإتصال في القرن الحادي والعشرين)، دار اليازوري العلمية للنشرو التوزيع، الأردن- عمان.
- السید، لیلی حسین، (نظریة الإعتماد علی وسائل الإعلام)، 10 اكتوبر 2021، موقع: زيادةن تاريخ البحث عن الموضوع 26-6-2022، الرابط: https: // www.zyadda.org/ media-dependence-
- صلوي، عبدالحافظ عواجي، (2011م)، (نظريات التأثير الإعلامية)، وحدة البحوث والكتابات- مؤسسة الإمام الحسين، العراق- كربلاء.
- الضلاعين، نضال فلاح، وآخرون، (2016م)، (نظريات الإتصال والإعلام الجماهيري)، دار الإعصار العلمي للنشر والتوزيع، الأردن- عمان.
- طالة، لامية، (2022م)، (نظريات الإعلام)، جامعة الجزائر، كلية علوم الإعلام والإتصال، الجزائر-الجزائر.
- عبدالله، عدالت، (2016م)، (التقریر الإخباري في الفضائيات الكردية الإخبارية في إقليم كوردستان العراق – دراسة تحليلية لنشرات الأخبار في فائيتي شعب كوردستان GK و كردسات نیوز)، رسالة ماجستير غير منشورة، مقدمة الى مجلس كلية الإعلام، قسم الإذاعة والتلفزيون، جامعة الجنان، لبنان- طرابلس.
- العبدالله، مي، (2006م)، (نظريات الإتصال)، دار النهضة العربية، لبنان – بيروت.
- العلاق، بشیر، (2014م)، (نظريات الإتصال- مدخل متكامل)، دار اليازوري العلمية للنشر، الأردن- عمان.
- عه‌لی، فوئاد – عه‌بدوڵڵا، عه‌داله‌ت، (2023)، (تیۆره‌كانی راگه‌یاندن، تیۆری ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن وه‌ك درێژكراوه‌ی هه‌سته‌وه‌ره‌كان)، وانه‌یه‌كی هاوبه‌ش له به‌شی راگه‌یاندن، كۆڵێژی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان، زانكۆی سلێمانی، رۆژی 10ی نیسان، هه‌رێمی كوردستان سلێمانی.
- مكاوي، حسن عماد- السيد، ليلى حسين، (2001م)، (الإتصال ونظرياته المعاصرة)، ط2، الدار المصرية اللبنانية، مصر- القاهرة.
- ملفين ل. ديفلير، ساندرا بول-روكيتش، (2004م)، (نظريات وسائل الاعلام)، ت: كمال عبدالرؤوف، ط5، دار الدولية للاستثمارات الثقافية، مصر- القاهرة.
- نصر، حسني محمد، (2015م)، (نظريات الإعلام)، دار الكتاب الجامعي، دولة الأمارات العربية، أبوظبي- الجمهورية اللبنانية، بیروت.