پەیامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بۆ ساڵڕۆژی کۆچی یەکجارەکی و نەمریی سەرۆک مام جەلال

10:11 - 2024-10-02
کوردستان
348 جار خوێندراوەتەوە

لەرۆژێكی وەك ئەمرڕۆدا لە 3ی ئۆكتۆبەری 2017، كوردستان و عیراق و جیهان، رابەرێكی مەزن، شۆرڕشگێڕێکی پشوودرێژ، دیپلۆماتكارێكی بەتوانا و نووسەرێكی بە سەلیقە و مافناسێكی دادپەروەر و یەكسانیخواز و سیمبولی پێكەوەژیان و خەباتی دیموكراسی لەدەست دا.

كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال سکرتێری یەکێتی و رابەری شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عیراقی دیموکرات و فیدراڵ، هەموو لایەكی خەمبار و دڵتەنگ كرد، چونكە مام جەلال لە ئەزموونی خەبات و تێكۆشانی زیاتر لە شەست ساڵیدا هەمیشە داكۆكیكار بوو لە کۆمەڵانی خەڵک، لە رەنجدەرانی بیروبازوو، بەرگریكار و خەمخۆری خانووە قوڕەكان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە و کەم ئەندام و زیندانیانی سیاسی بووە، هەموو هەوڵ و جوڵە  دیپلۆماسییەكانی بە ئاراستەی بەدیهێنانی دیموکراسی و ئاشتی و دیموکراسی و مافە رەواكانی گەلەكەمان بووە بە مافی چارەی خۆنووسینیشەوە.

مامی گەورەمان رچەشكێن و سەرمەشقی برایەتی گەلان ‌و چارەسەركردنی كێشەكانی پێكهاتە جیاوازەكانی عیراق ‌و قوڵكردنەوەی گیانی تەبایی نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستان ‌و عیراقیش بووە، لە ناوچەكەش فاكتەری سەقامگیری و پەیوەندیی باش و هاوسەنگ بووە لەگەڵ دەر و دراوسێ، بە ئەزموون و بیری وردی ئیدارەی كێشە و قەیرانە زۆر و زەوەندەكانی داوە.

لە ژێر چەتری رابەرایەتی‌ و سەرۆكایەتی مام جەلال دا، ئازادی بیروڕا، رەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ خەباتی مەدەنی‌ و دیموكراسیانەی هەموو چین ‌و توێژەكان، بە مافی بێچەند وچۆنی ژنانیشەوە، گەشە و نمای كردووە، لەسەر ئاستی توێژ و چینەكانی كۆمەڵگا، بڕوای بەهێزی بە خەباتی رێكخراو و سەندیكاكان هەبووە، تا لە رێگەی خەباتی پیشەیی و مەدەنییەوە بتوانن ماف و ئازادی زیاتر بەدەستبهێنن بە تایبەتی خەباتی خوێندكاران و لاوان و تێکۆشانی یەكسانیخوازی ژنان .

ئەمڕۆ لە كاتێكدا یادی ماڵئاوایی ئەو رابەرە مەزنەمان دەكەینەوە، كوردستان و عیراق زۆر پێویستیان بە دونیابینی و حیكمەت و دانایی سەرۆک مام جەلال هەیە، لەسەر ئاستی كوردستاندا لە بەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازداین، كە لەسەر رێبازەکەی نەخشەی حوكمرانی و هێز بە قازانجی دیموكراسی و باشبوونی بار و گوزەرانی خەڵكی كوردستان وەردەچەرخێنین.
لە ئاستی عیراق و ناوچەکەش دۆخی دژواری بەریەککەوتن و شەڕ و ناکۆکی دەورانێکی ناجۆری دروستکردووە کە هەر بە رۆحی ئاشتیخوازانە و دەستپێشخەری دانایی تێزەکانی سەرۆک مام جەلال رێئ چارەسەری دەدۆزێتەوە.
جارێکی تر لەم یادە شکۆمەندەدا : 
-سڵاو لە رۆحی پاكی سەرۆك مام جەلال، شکۆی نەتەوە و نیشتمان، سەممام ئەمانی وڵات. 
-نەمری بۆ گشت شەهیدانی گەلی كوردستان، شەهیدانی دیموکراتی و رزگاریی عیراق لە ستەمکاری و دیکتاتۆری.

هەر ئاوەدان بێت رێبازی مام 
                                                                        
مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان