هیچ نەبێ، رێز لە بارزانی بگرن

11:42 - 2024-10-03
کوردستان
231 جار خوێندراوەتەوە

   هەموو رۆژێك رۆژنامەی رەسمیی(پ.د.ك) دەچێتە بەردەستی كاك مەسعود بارزانی. چەندینجارە ئەو رۆژنامەیە، كە زمانحاڵی حزبەكەیە، هەڵەی زەقی میدیایی دەكات و لەسەری بەردەوامەو تائێستاش سەرنجی رانەكێشراوە. بەداخەوە، جارێك بۆ توركەكان رۆڵی جۆرێك لە سیخوڕ دەگێڕێت و بە مانشێتی گەورە لە لاپەڕە یەكی خۆیدا دەنووسێت: «پەكەكە لە سلێمانییەوە رادەهێنرێت».. بۆ ئەوەی بەو زانیارییە ساختانە خۆی بكاتە كەوا سووری بەر داگیركەرو چاوساغێك بۆ درۆن و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا و بیانهێنێتە سەر سلێمانی و بەناوی تیرۆریزمەوە هەر جارەی پۆلێك هاووڵاتیی مەدەنی بۆمباران بكەن، جارێكیش باس لە بوونی پەكەكە لە سنوورەكانی نفوزی یەكێتی دەكات تا بە داگیركەر بڵێ: هەر بە گوندەكانی سنووری پارێزگای هەولێرو قەزاو شارۆچكەكانی پارێزگای دهۆكەوە مەوەستن، بڕۆن تا خواری خواروی كوردستان و لەشكركێشیی خۆتان بكەن و داگیری بكەن.
  ئەو رۆژنامە زمانحاڵە، لە تازەترین كاری نائیتیكییانەی خۆیدا، لە ژمارەی رۆژی1ی ئەم مانگەدا، سەرلەنوێ بە ناشارەزاییەكی تری گەورەوە لە ئاست پیشەی رۆژنامەنووسی و بنەماو مەغزای دانانی هەواڵ لە لاپەڕە یەكی رۆژنامەدا، ئەمجارەیان هاتووە، لە روماڵێكی تری خاڵی لە ئیتیك بە دەستەواژەو وشەی ناشیرین پەلاماری سەرۆكی(ی.ن.ك) دەدات، بەڵام لەسەر زمانی كێ؟(چالاكوانێك) كە لە ئەكاونتی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكەوە، نووسیویەتی.!. رۆژنامەكە، لەبەر ئەوەی نەشارەزایە لەوەی ئەم رووماڵە ناپیشەییانە چی بەدوای خۆیاندا دەهێنن و لێكەوتەی میدیاییان چییە؟، لەوە تێناگات كە ئەمەی دەیكات، پێش هەر كەسێك، كردنەوەی دەرگایە بە رووی پەلاماردانی سەرۆكی(پ.د.ك) خۆیشیدا. ئاخر كێ هەیە ئەوەندە بێخەبەر بێ و نەزانێت كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بە هەزاران هەزار ئەكاونت و پەیج هەن كە بەشێكیان، ئیتر بە ناوی یوزەرە راستەقینەكانی خۆیانەوە بن یان بەناوی فەیك، ئیشیان تەنها جنێودانە بە كاراكتەرو سەركردەی حزبەكان؟ ئایا ئەكرێ و ئاساییە بەلاتانەوە كە بەم رەفتارە میدیاییەتان لە بەرامبەر سەرۆكی یەكێتیدا، كە لە پەیامەكانیدا هەتا ئێستاش ئەوپەڕی رێز لە شەهیدانی پارتی و تێكۆشەرانی و بارزانییەكان دەگرێت كە قوربانییان بۆ وڵات داوە، ئێمەش پۆستی دەیان ئەكاونت و پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كۆبكەینەوە كە پڕن لە تەشهیرو زمانی زبرو جنێودان بەرامبەر بە كاك مەسعودو لە لاپەڕە یەكی خۆماندا بڵاویان بكەینەوە؟ ئایا بە راستی ئەتانەوێ گوتاری میدیایی كەمپینی هەڵبژاردن بگاتە ئەم ئاستە نزمەی خۆتان و هاوشێوازی خۆتان مامەڵە بكەین كە تا ئێستا نەمانكردووە؟.. 
  بە راستی، هەقە لەم بابەتەدا خودی كاك مەسعود بارزانی خۆی رێگەی كردنەوەی ئەم دەرگایەتان لێبگرێت، بیرتان بخاتەوە كە رەخنەگرتنی بابەتییانە شتێكە و سوكایەتی و تەشهیر شتێكی تر، دەنا بە راستی ئەگەر ئەم (رۆژنامە)یە هەر ئاوها بەردەوام بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە كەی پێویست بكات بە مەبدەئی(العین بالعین والسن بالسن والبادی اظلم) وەڵام دەدرێتەوە.
بەشی هەواڵ و سیاسەت

بابەتە پەیوەندیدارەکان