قوباد تاڵه‌بانی لێپرسراوی مه‌كته‌بی سكرتارییه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال، له كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك تیمه‌كانی ژنانی كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌كانی یه‌كێتی له ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین رایگه‌یاند: له چه‌ند هه‌ڵبژاردنی رابردوودا به‌شداری ژنان و گه‌نجان له ئاستێكی لاوازدا بوو، به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، یه‌كێتی به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هیوا، چاوی له‌وه‌یه به به‌شداری كاریگه‌ری ژنان و گه‌نجان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌ركه‌وتنی گه‌وره تۆمار بكات.
قوباد تاڵه‌بانی، به ئاماژه‌دان به دۆخی هه‌موو لایه‌نه‌كانی به‌شدار له هه‌ڵبژاردندا، روونیكرده‌وه كه لایه‌نه‌كانی دیكه كه‌ره‌سته‌ی پێویستیان نییه بۆ حكومڕانی و ته‌نانه‌ت یه‌كێتی به‌ر له چوار ساڵیش له دۆخێكی هاوشێوه‌دا بوو و كه‌ره‌سته و توانای پێویستی نه‌بوو بۆ چاكسازی و راستكردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی حكومڕانی، وتیشی: به‌ڵام له سێ ساڵی رابردوودا له‌ژێر سه‌ركردایه‌تیی بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی-دا، یه‌كێتی به‌رده‌وام خه‌ریكی خۆڕێكخستنه‌وه و خۆبه‌هێزكردن بووه و له جێبه‌جێكردنی هه‌موو به‌ڵێنه‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو بووه، هه‌ر له دروستكردنه‌وه‌ی هاوسه‌نگیی هێزه‌وه تا ده‌گاته گۆڕینی یاسای هه‌ڵبژاردن و سه‌ركه‌وتن له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و دانانی پارێزگارێكی یه‌كێتی بۆ كه‌ركوك.
راشیگه‌یاند: له دوای ئه‌م خۆڕێكخستنه‌وه‌یه، ئێستا یه‌كێتی هه‌موو كه‌ره‌سته‌یه‌كی له‌به‌رده‌ستدایه و ویست و ئیراده‌ی به‌هێزیشی هه‌یه بۆ راستكردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی حكومڕانی له هه‌رێمی كوردستان.
قوباد تاڵه‌بانی، باسی له‌وه‌شكرد كه پێشتر خۆی و حزبه‌كه‌ی به‌رده‌وام داكۆكیكاری مافه‌كانی ژنان بوون و له داهاتووشدا له هه‌ر پۆست و پێگه‌یه‌كدا بێت به‌رده‌وام ده‌بێت له هه‌وڵدان بۆ باشتركردنی دۆخی ژنان.