راپۆڕتی، تەها عەبدوڵڵا
زانایان و مامۆستایانی ئاینیی، پشتگیری و پشتیوانیی لەهەموو ئەو سەرکردە و کەسایەتییانەی کوردستان دەکەن کەداوای گەڕانەوەی رەسەنایەتیی بۆ شارەکانی کوردستان و هەولێر بەتایبەتی دەکەن و پێیانوایە رێگاگرتن لە بەدڕەوشتی و کاری نەشیاو دەبێتە هۆی پاراستنی داب و نەریتی کۆمەڵگای کوردەواری و گەڕانەوەی ناوناوبانگی میللەتەکەمان، کە هەمیشە ناوناوبانگی بە ئاداب و رەوشتی بەرز دەرکردووە.
بۆچوونەکانی مامۆستایانی ئاینیی کوردستان لە کاتێکدا دێت، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند؛ لەماوەی رابردوودا لە سلێمانی چەند شوێنێکی نەشیاومان رووخاند، بەڵام لەهەولێر بەڕەسمی گوند و شوێنی تایبەت هەیە بۆ بەدڕەوشتی، ئەوە دوورە لە ئایین و نەریت و ئادابی کۆمەڵگاکەمان، داواش دەکات ئەو شوێنانە دابخەن.
عوبێد عوسمان وەک مامۆستایەکی ئاینیی لە کوردستان پشتگیری و پشتیوانی خۆی بۆ هەموو ئەو سەرکردە و کەسایەتییانە دووپات دەکاتەوە کەداوای داخستن و نەهێشتنی شوێنی نەشیاو خراپ لە کوردستان دەکەن، بەتایبەتی لەشارێکی دێرن و ئاین پەروەری وەک هەولێر، لەوبارەیەوە بە کوردستانی نوێ -ی رایگەیاند: ئێمە وەک مامۆستایانی ئاینیی پشتگیری و پشتوانی هەموو ئەو سەرکردە و کەسایەتییانە دەکەین، کە داوای نەهێشتنی بەدڕەوشتی و کاری نەشیاو دەکەن لە شارێکی دێرینی وەک هەولێر و سەرجەم شارەکانی تری کوردستان، دەستخۆشیان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین، چونکە ئەو جۆرە داوایە بۆ گەڕانەوەی رەسەنایەتی و داب و نەریتی کوردەوارییە و ناکرێ دیاردەی لەو جۆرە بەم شێوەیە بڵاوببێتەوە.
نابێت رێگا بە شێواندنی پیرۆزییەکانی کۆمەڵگا بدەن
وتیشی: حکومەت و ئیدارەی شارەکان هەرچییەک بکەن نابێت رێگا بە شێواندنی پیرۆزییەکانی کۆمەڵگا بدەن، ناکرێ لەکۆمەڵگایەکی وەک ئێمەدا کە بەئاداب و رەوشت بەرزی بەناوبانگین، ئەمڕۆ بەشوێنی نەشیاو ناوی بهێنن، ئەوە کارێکی زۆر خراپە و هەڕەشەیە لەسەر ئایندەی خۆمان و ماڵ و منداڵامان لەداهاتوودا، بۆیە هەرچی بکرێت بۆ رێگاگرتن لەکاری بەدڕەوشتی لەشاری هەولێر و شوێنەکانی تر هێشتا کەمە.
ئەو مامۆستا ئاینییە پێشیوابوو کە گەلی کورد لەدێر زەمانەوە پابەندی ئاینیی پیرۆزی ئیسلام بووەو بەو پەڕی بڕوا بەخۆبوونەوە پەیڕەوی قورئانی پیرۆزی کردووە، هەر ئەمەش وایکردووە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ میللەتانی دەوروبەر و جیهان هەبێت، هەر بۆیە پێموایە دەستێک هەیە بۆ تێکدانی ئەو پەیوەندییانە، ئەویش بە بڵاوکردنەوەی بەدڕەوشتی و کاری نەشیاو لەناو کۆمەڵگاکەمان.
جەلال خەیلانی مامۆستای ئایینی و جێگری سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی كوردستان لەسەر هەمان بابەت بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێمە وەك مامۆستایانی ئاینیی و یەكێتیی زانایانی ئاینیی، دەمێكە هەستمان بە زیادبوونی دیاردەی نەشیاو و كاری بەدڕەوشتی كردووە لە شاری هەولێر، بابەتەكە لەوە دەرچووە ئینكاری لەبوونی شوێنی لەو جۆرە بكرێت، لەو پێناوەشدا بەردەوام هەوڵمانداوە سنورێک بۆ ئەو جۆرە دیاردانە دابنرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە پشتگیری لە هەموو ئەو كەس و لایەنانە دەكەین كە هەوڵی نەهێشتنی دیاردەی لەو جۆرە دەدەن، هەربۆ ئەو مەبەستە چەندین جار پەیوەندیمان بە وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگا و لایەنی پەیوەنداركردووە، تا رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر، تەنانەت سكاڵامان تۆماردووە، بۆئەوەی بەشێوەیەكی رەسمی ئەو شوێنانە دابخرێن، بەڵام ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبووە، چونكە پێیان راگەیاندن ناتوانن بەتەواوەتی كۆنترۆڵی ئەو حاڵەتانە بكەن، ئەوەی ئێمە تێگەیشتووین دیاردەكە لە كۆنترۆڵ دەرچووە.
كاریگەریی خراپ دروست دەكات
راشیگەیاند: بوونی شوێنی بەدڕەوەشتی لە شارێكی وەك هەولێر نامۆیە و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ داب و نەریت و كەلتوری ئەم شارەدا یەكناگرێتەوە و دوورە لە هەموو بەها ئاینیی و شەرعییەكان، هیوادارین خەڵك و حكومەت بەیەكەوە كار بۆ نەهێشتنی بكەن، بە پێچەوانەوە كاریگەری خراپتر دروست دەكات و زەرەرمەندی یەكەمیش خێزانەكان و پەیوەندیی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگا دەبێت.
لەلای خۆیەوە محەمەد میرانی مامۆستای ئاینی لە شاری هەولێر بۆچوونی خۆی لەسەر ئەو دیاردەیە دەخاتەڕوو و بە كوردستانی نوێ -ی راگەیاند: شاری هەولێر زۆر لەوە گەورەتر و پیرۆزترە شوێنی كاری نەشیاو و ناشەرعیی لێبكرێتەوە، چونكە هەولێر شوێنی چەندین زانای ئاینی و تەكیە و خانەقایە، لەرابردوودا بەردەوام وانەی ئاداب و رەوشتیان بە خەڵكەکەی داوە، بۆیە ئەوەی هەیە نامۆیە بەو شارە و بەهیچ شێوەیەک ناگونجێ بەردەوامبێت.
وتیشی: هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی دیاردەی بەدڕەوشتی لە شاری هەولێر بۆ تێنەگەیشتن لە ئایین و دەقە شەرعییەكان و دەرچوون لە داب و نەریت و كەلتوری كوردەواری دەگەڕێتەوە، چونكە ئایین و داب و نەریتی كورەواری رێگایان داوە كوڕان و كچان بەشێوەیەكی شەرعی و بە ئاگاداری كەسوكارەكانیان بەیەك بگەن و هاوسەرگیریی بکەن.
كەسانێك هەن لەو جۆرە كارانە سوودمەندن
راشیگەیاند: هۆكارێكی تری ئەو دیاردەیە بۆ دەستكەوتی ماددی دەگەڕێتەوە، بەبێ گوێدانە هیچ بەهایەكی ئەخلاقی و مێژوویی و رابردووی ئەو كۆمەڵگایە.
لەلایەكی تریشەوە دەستێكی دەرەكی هەیە دەیەوێت زیان بە وڵاتەكەمان بگەیەنێت و لەرێگای بڵاوكردنەوەی كاری نەشیاوەوە چەندین گرفت و كێشەی گەورە دروستبكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد: بوونی شـــوێنی لـــەو جۆرانە، وادەكات چەندین نەخۆشی ترسناك بڵاوببێتەوە، كە پێشتر بەهیچ شێوەیەك لە كوردستاندا نەبووە، هەروەها كاریگەریی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خێزانەكان و پەرتەوازە بوونی منداڵان دەبێت و خێزانەکان رووبەڕووی چەندین گرفت و ناكۆكی دەكاتەوە.
با خۆیان بکەن بە خاوەنی ئەم شارە
لەلای خۆیەوە سەيد عەلی کاریتانی کەسایەتیی ئایینی شاری هەولێر و خاوەنی تەکیە لەسەر ئەو بابەتە بەمجۆرە بۆچونی خۆی بۆ کوردستانی نوێ دەخاتەڕوو: شاری هەولێر شاری پێکەوەژیانە و شاری سوڵتان موزەفەر مەولود و پیاوچاکانی ئەهلی ئایین و تەکیە و خانەقایە، بەڵام بەداخەوە ئێستا بۆتە پەناگەی بەدڕەوشتی و بێ خاوەنی و کردنەوەی چەندین شوێنی نایاسایی دژی هەموو بەها کۆمەڵایەتییەکانی کوردەواریمان، ئەویش بۆتە هۆی تێکدانی خێزان و داب و نەریت و کەلتوری کۆمەڵگاکەمان، وتیشی: هەوڵی زۆر هەیە بەدڕەوشتیی زیاتریش روو لە شارەکەمان بکات، ئەویش لە رێگای ناحەزانی ئایین و نیشتمانەکەمانەوە، بۆیە دووپاتی دەکەمەوە، پێویستە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار خۆیان بکەن بە خاوەنی ئەم شارە، تاکو چیتر گەنجان و خێزانەکانمان تووشی لێکترازانی زیاتر نەبن.
سەید عەلی کاریتانی هەروەها رایگەیاند: داواکارم ئارامی و تەبایی و ئاوەدانی رووبکاتە کوردستانەکەمان، بۆ ئەمەش پێویستە هەولێر لەو جۆرە دیاردانە بپارێزین و رێز لەهەموو بەها پیرۆزەکان بگیرێت، پشت ئەستوور بە زانست و مەعریفەی ئەهلی ئایین و پیاوچاکان.