گوندنشینە گەرمیانییەكان جارێكی دیکە باوەش بۆ پێشمەرگە دەگرنەوە

پێشمەرگە دێرینەكان و كەمئەندامان دەچنە سەنگەری دەنگدانەوە

11:02 - 2024-10-06
ڕاپۆرت
247 جار خوێندراوەتەوە
#ئەندامانی لیژنەی پێشمەرگە دێرینەکان لەگەڵ گوندنشینان لە گەرمیان

راپۆرتی/ حسێن عەزیز

پێشمەرگە دێرینەكان و كەمئەندامانی سەنگەر لە گەرمیان ژمارەیەك تیم و لیژنەیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و سەرخستنی لیستی ١٢٩ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێكهێناوە، دەچنەوە ئەو گوندانەی كە رۆژانێك تێیدا پێشمەرگەبوون و كەمئەندامانی سەنگەر لە دەستدانی بەشێكی جەستەیان نەبووەتە رێگر لە كاركردنیان و هەموو ئەندامانی كۆمەڵەكە كارتی دەنگدانیان هەیە و بەشداری لە هەڵبژاردندا دەكەن.
عومەر حەمەڕەشید لێپرسراوی لقی گەرمیانی كۆمەڵەی پێشمەرگە كەمئەندام بووەكانی سەنگەر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە سنووری لقی گەرمیان نزیكەی 270 كەمئەندامی سەنگەرمان هەیە كە لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی جیاوازدا برینداربوون و بەشێكی جەستەیان لە پێناوی رزگاری كوردستاندا لە دەستداوە.

کاری پێشمەرگە كەمئەندام بووەكان
سەبارەت بە ئامادەكارییان بۆ بەشداری لە بانگەشەی هەڵبژاردن وتی: پێش بانگەشەی هەڵبژاردن و بەر لە ساڵێك هەموو ئەندامێكی لقەكەمان و ئەندامانی خێزانەكانیان كارتی دەنگدانیان دەرهێناوە یان نوێیان كردۆتەوە. 600 كەمئەندام و خێزانەكانیان مافی دەنگدانیان هەیە و بەشداری لە هەڵبژاردندا دەكەن، ئەمە جیا لەو كەسانەی كە دەنگدانیان دەكەوێتە ناوچە جێناكۆكەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان.
لێپرسراوی لقی گەرمیانی كۆمەڵەی پێشمەرگە كەمئەندام بووەكانی سەنگەر وتیشی: ژمارەیەك تیممان لە ئەندامانی خۆمان دروستكردووە و بۆ بەسەركردنەوەی یەكە یەكەی كەمئەندامانی سنووری لقەكەمان و لە هەردوو بازنەی هەڵبژاردنی كەلار شەش تیممان هەیە، لە بازنەی رزگاری دوو تیم، لە كفری و سەرقەڵا سێ تیم و لە بنكوورە و دەربەندیخانیش شەش تیممان پێكهێناوە. بۆ بەسەركردنەوەی ماڵ و خێزانی كەمئەندامانی سەنگەر و روونكردنەوەی سیاسەتی یەكێتی و گەیاندنی پەیامی یەكێتی و گرنگیی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردندا بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی و دروستكردنەوەی هاوسەنگی و خزمەت بە خەڵكی كوردستان.

 

لێپرسراوی نوسینگەی گەرمیانی پێشمەرگە دێرینەكان بۆ کوردستانی نوێ: پێشمەرگە دێرینەكان بە یادی سەردەمی سەختی شاخ روویان كردۆتەوە لادێكان بۆ گەیاندنی پەیامی نوێی یەكێتی

 

بە دەستهێنانی دەنگی زیاتر
عومەر حەمەڕەشید ئەوەشی خستەڕوو: راستەوخۆ ستافی لقەكەمان چاودێری كاری تیمەكان دەكات و ئاگاداری وردەكاری چۆنێتی جێبەجێكردنی پلانەكانن بۆئەوەی سەركەوتووانە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بچینە دەرەوە. وتیشی: سەردانی هەموو بازنەكانی گەرمیانمان  كردووە چەند كۆبوونەوەیەكمان کردووە و هەماهەنگیمان لەگەڵ هەردوو مەڵبەندی گەرمیان و خانەقین هەیە. لە هەر شوێنێک پێویستی كردبێت بۆ ئاشتكردنەوەی زویرەكان و ئەو كەسانەی بە شێوەیەك لە شێوەكان لەبەر هەر هۆیەك لە یەكێتی دوور كەوتبێتنەوە، ئێمە بەدواداچوونمان بۆ كردووە و هەوڵی ئاشتكردنەوەیانمان داوە.
باسی لەوەشكرد: كەمئەنداممان هەیە هەردوو قاچی لە دەستداوە لە هەمانكاتدا سەرۆكی تیمە و هەڵمەتی ماڵ بەماڵ دەكات بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن. سەرۆك تیم و ئەندامانی تیمەكانمان هەریەكە و بەشێكی جەستەی لە دەستداوە، سەرەڕای ئەوەش بێ ماندوبوون بە شێوەیەكی مەیدانی بەشداری لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەكەن بۆ سەرخستنی لیستی ژمارە ١٢٩جارێكی دیکە رۆیشتووینەتەوە نێو سەنگەر بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر.
حەسەن حەمەتالب ناسراو بە حەسەن كەلاری ساڵی 1983 چەكی پێشمەرگایەتی لەشان كردووە و پێش راپەڕین فەرماندەی مەفرەزە بووە لە كەرتی دووی تیپی 53ی شێروانە، لە چوارچێوەی لیژنەی پێشمەرگە دێرینەكاندا گەڕاوەتەوە گوندەكانی سنووری گەرمیان و بانگەشە بۆ سەرخستنی لیستی ١٢٩ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات و لەوبارەیەوە بە كوردستانی نوێی وت: لە ماوەی بانگەشەدا نزیكەی نۆ گوندمان بەسەر كردۆتەوە چاومان بە كۆمەڵێك لە خەڵكی ئەو گوندانە كەوتووە كە لە رابردوودا پشت و پەنای پێشمەرگەبوون و قسەمان بۆ كردوون و داوامان لێكردوون دەنگ بە یەكێتی بدەن، وەك لە هەموو قۆناغەكاندا پشتیوانی راستەقینەی یەكێتی بوون، لەم قۆناغەشدا هاوكارمانبن بۆ سەرخستنی یەكێتی.

 

لێپرسراوی لقی گەرمیانی كۆمەڵەی پێشمەرگە كەمئەندام بووەكانی سەنگەر بۆ کوردستانی نوێ : 600 كەمئەندام و خێزانەكانیان مافی دەنگدانیان هەیە و بەشداری لە هەڵبژاردندا دەكەن

 

بەسەرکردنەوە و دڵدانەوە
پێشمەرگە دێرین و دانەبڕاوەكانیش بەشێكی گرنگی پرۆسەكەن و روویان كردۆتەوە گوندەكانی گەرمیان و جارێكی تر لە ئامێزی ماڵە پێشمەرگە و شۆڕش دۆستەكانەوە دەركەوتنەوە. سەلاح عەبدوڵڵا لێپرسراوی نوسینگەی گەرمیانی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ژمارەیەك لیژنەمان بۆ هەر سنوورێك بە جیا و بە تایبەتمەندی جیا دروستكردووە و لە سنووری گەرمیان، هەم بۆ بەسەركردنەوە و دڵدانەوە هەم بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
لێپرسراوی نوسینگەی گەرمیانی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان دەڵێت: خەڵكی گوندەكان زۆر خوشحاڵن بە بەسەركردنەوەیان و وەك جاران ئامێزیان بۆ پێشمەرگە دەکەنەوە، بەتایبەت خەڵكی بە تەمەنی گوندەكان كە ئاشنای شۆڕش و پێشمەرگەن. جگە لە گوندەكان لە شارەكانی كەلار، كفری، رزگاری و پێباز لیژنەمان پێكهێناوە، سەرپشكن لە كاركردن و تەنیا گوندەكان نین كە لیژنەكانی ئێمەیان پێدەگات.
وتیشی: ژمارەیەك گوندمان بەسەر كردووەتەوە، بەشی زۆریان دەنگیان لەگەڵ دەنگی یەكێتییە و ژمارەی ئەو كەسانەی یەكێتی نین بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن و وەك ساڵانی پێش راپەڕین پێشوازییان لێكردوین و ئامادەییان بۆ پاڵپشتی یەكێتی دەربڕیوە.
پێشمەرگە دێرینەكان پابەندن بە جێبەجێكردنی كاری لیژنەكان و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە و بە یادی سەردەمی سەختی شاخەوە روویان كردۆتەوە لادێكان بۆ گەیاندنی پەیامی نوێی یەكێتی و هەركات پێویست بكات هەر پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكانی دوێنێن. 

#129

بابەتە پەیوەندیدارەکان