تەنها بە یەكێتی دەکرێت
گۆران فەتحی
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان چارەنووسسازەو گۆڕانكاریی گەورەی لێدەكەوێـتەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش ئامادەكاریی تەواوی كردووە بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دەیەوێت زۆرترین كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێـت، بەمەبەستی گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ پەرلەمان و هەروەها راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، كە پارتی دیموكراتی كوردستان قۆرخی كردووەو بەخراپترین شێوەش ئیدارەی دەسەڵاتی لە هەرێم داوە.
یەكێتی، بەو پێیەی هێزێكی گەورەی هەرێم و عیراقە و خاوەنی قاعیدەیەكی جەماوەری گەورەو مێژووییەكی پڕ سەروەرییە، لەبەرگریكردن لە خاكی كوردستان و مافەكانی كورد لە عیراق، تەنها هێزە كە دەتوانێت گۆڕانكاری لە هەرێم بكات و دەسەڵاتی خۆسەپێنی پارتی-ش وەلانێت و رێڕەوی حوكمیش لە هەرێم راست بكاتەوە.
هەر ئەم حزبە كوردستانییە، بەو پێیەی خاوەنی پێگەیەكی بەهێزە لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق و ناوچەكە، ئەمە چ جای پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی گەورەی وەكو ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا، لەتوانایدایە جارێكی تر پێگەی هەرێم بەهێز بكاتەوە لەسەر ئاستی عیراق، كە ئەوەش وا دەكات بەرگریكردن لەمافە دەستوورییەكانی كورد لە عیراق بەهێزتر بێت.
یەکێتی تەنها هێزە كە دەتوانێت گۆڕانكاری لە هەرێم بكات و دەسەڵاتی خۆسەپێنی پارتی-ش وەلانێت
هەر ئەم حزبە كە حزبی شەهیدانە، دەتوانێت بارودۆخی ژیان و بژێوی خەڵكی هەرێمیش باشتر بكاتەوە، بەهۆی بوون و پێگەی بەهێزی لەبەغداو پەیوەندییە پتەوەكانی لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عیراق، بەتایبەت مەسەلەی مووچەی فەرمانبەران و پشكی هەرێم لە بودجەی عیراق چارەسەر بكات، هەر ئەم حزبە دەتوانێت ناو ماڵی كورد یەك بخات و وا بكات بەیەك پاكێچ دانوستان لەگەڵ بەغدا بكرێت لەسەر مەسەلە گرنگ و هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، لەنموونەی مەسەلەی نەوت و غاز و ماددەی 140..هتد.
لەبەر ئەوانەی باسمان كرد، پێویستە دەنگ بە لیستی 129ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بدرێت و كاندیدەكانی سەربخرێن بۆ پەرلەمان، بۆ ئەوەی یەكێتی بتوانێـت رێگری لە حوكمی تاكڕەوی لە هەرێم بكات كە پارتی لە چەند ساڵی رابردوو پەیڕەوی كردووە، هەروەها بتوانێـت رێگری بكات لە جیاكاری لە نێوان ناوچەكانی هەرێم وەكو چۆن پارتی و حكومەتەكەی دەیكرد.
دەنگ بدەن بەیەكێتی و سەری بخەن، هاوشێوەی سەرخستن و سەركەوتنی لە كەركوك و ناوچە جێ ناكۆكەكان.
ئەگەر دەتانەوێ، رزگارتان بێ لە دەسەڵاتی خۆسەپێنی پارتی، ئەگەر دەتانەوێ هەرێمی كوردستان جارێكی تر ببێتەوە بە هەرێمە بەهێزەكەی سەر ئاستی عیراق، دەنگ بدەن بە یەكێتی و خوێنی شەهیدان.