ئیدارەی هەولێر ژینگەی شارەکەی پێ چارەسەر ناکرێت

كاندیدانی لیستی 129ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەرنامەی تایبەتیان بۆ ژینگە هەیە

10:39 - 2024-10-07
ژینگە
120 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی/ تەها عەبدوڵڵا

 پیسبوونی ژینگەی هەولێر یەکێکە لەو گرفتانەی ماوەیەكە بۆتە باسوخواسی خەڵكی شارەكە، رۆژ بە رۆژ ترسی گەورەتریان لەلا دروست دەبێت،  چونكە نەك هەر تەنیا كار بۆ چارەسەركردنی نەكراون، بەڵكو تا ئێستا ئەو بڕیارانە وەک پێویست جێبەجێ نەكراوە  كە پێشتر لەبارەی داخستنی پاڵاوگە و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی موەلیدە و ئۆتۆمبێل بڕیاری لێدرابوو، ئەوەش بەهۆی بەرژەوەندیی  كەسانی دەست رۆیشتوو و بێ باكیی ئیدارەی شارەکە لە ئاست ئەو مەترسییە گەورانە، لەو بارەیەوە كاندیدانی لیستی 129ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنن ئەوان بەرنامەی تایبەتیان هەیە بۆ باشتركردنی ژینگەی هەولێر و نەهێشتنی هۆكارەكانی پیسووبوونی ئاو و هەوای شاری هەولێر و  كوردستان بە گشتی.

 

هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگەی پایتەخت، خودی حزبی دەسەڵاتدار و ئەوانەن كە هیچ حسابێك بۆ یاسا و بەرژەوەندیی خەڵك ناكەن

 

لە رووی ژینگەوە هەولێر لە دوای بەغداوە دێت
نوژەن ئازاد عوزێری كاندیدی  ژمارە 7 ی لیستی 129ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بازنەی هەولێر رایگەیاند: گرفتی پیسبوونی ژینگەی هەولێر یەكێكە لەو گرفتانەی ئەمڕۆ بۆتە جێگەی نیگەرانیی دانیشتوانەكەی و ئیدارەی شارەكەش هیچ هەڵوێستێكی جددی نییە و نەیتوانیووە كار بۆ باشتركردنی بكات، لەکاتێکدا ژینگەی شاری هەولێر لەسەر ئاستی جیهان دەنگدانەوەی زۆری هەیە، بەجۆرێك لە رووی ژینگەوە هەولێر لەدوای بەغدا بە پیسترین شاری عیراق دادەنرێت.
وتیشی: نەبوونی سەوزایی و كەمیی رێژەی پارك و باخچەكان لە شارەکە و دەوروبەری وایكردووە، پاشماوەی پاڵاوگە و ئۆتۆمبێل و كارگەكان زیانێكی زۆر بە خەڵكی هەولێر بگەیەنێت. ئەگەر ئەو بارودۆخە بەردوام بێت، رەنگە لە هەر ماڵێك كەسێك توشی نەخۆشیەكی مەترسیدار ببێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: رێگە چارەكان بۆ باشتركردنی ژینگەی هەولێر  هەیە و دەتوانرێ رێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر، بەڵام وەك پێویست كاری پێناكرێت و جگە لە بەڵێنی بەردەم میدیاكان، هیچ هەنگاوێك ناچێتە پێشەوە، بۆیە بە سەركەوتنی لیستی 129ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەتوانین كاری جددی بۆ پاككردنەوەی ژینگەی هەولێر بكەین.
نوژەن ئازاد عوزیری  جەختیكردەوە لەوەی بۆ ئەو مەبەستە چەندین  بەرنامە و پڕۆژەیان هەیە، لەوانە دروستكردنی بەنداوی جۆراوجۆر و زیادكردنی رێژەی سەوزایی و لابردنی پاڵاوگە نایاساییەكان و رێكخستنیان بەشێوەیەكی ستاندارد، لەگەڵ چەندین هەنگاوی تر كە شایەنی خەڵكی هەولێر بێت لە ژینگەیەكی پاكدا بژین. 
گرفتێكی زۆر لە ژینگەی شارەكەدا هەیە
هەر لەو بارەیەوە هێرۆ كەمال بەرزنجی كاندیدی ژمارە 48 ی  لیستی 129 ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بازنەی هەولێر پێی راگەیاندین: ئاشكرایە لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و زیادبوونی پێداویستی مرۆڤ، ژمارەی كارگە و هۆكارەكانی گواستنەوە زیاتر دەبێت، هەموو ئەوانەش كاریگەریی لەسەر پیسكردنی ژینگە و كەمكردنەوەی دارستان و رووبەری سەوزایی دەبێت، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو كاریگەرییانە رەنگدانەوەی خراپی نەبێت، وڵاتە پێشكەوتووەكان رێگەچارەی جۆراوجۆریان دۆزیوەتەوە، تەنانەت لەنێوان خۆیاندا چەندین رێككەوتنیان ئیمزا كردووە.
وتیشی: ئەوەی لە كوردستان و ناوچەكە دەیبینین بەتایبەتی لە شارێكی وەك هەولێر كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە، گرفتێكی زۆر لە ژینگەی شارەكەدا هەیە، رەوشەكە بەجۆرێك كەوتۆتەوە، تەنانەت هاوڵاتییەكی ئاسایی هەست بە پیسبوونی ئاسمانی هەولێر دەكات.
ئەو پێیوایە: ئەوەی جێگەی نیگەرانییە هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگەی پایتەخت خودی حزبی دەسەڵاتدار و ئەوانەن كە هیچ حسابێك بۆ یاسا و بەرژەوەندیی خەڵك ناكەن، لە زۆریی ژمارەی مولیدە و ژمارەی هێنانی ئۆتۆمبێل بەبێ رەچاوكردنی دۆخی ژینگە، بۆیە ئێمە وەك لیستی 129ی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بەرنامەی تایبەتمان هەیە بۆ پاكڕاگرتنی ژینگە، بەتایبەتی لە شارێكی وەك هەولێر.
راشیگەیاند:  ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەردەم لەگەڵ پاكڕاگرتنی ژینگەداین و كاتێك زۆرترین كورسی پەرلەمان بەدەست بهێنین، كاردەكەین تا یاسا و بڕیاری پێویست لەبارەی ژینگەوە دەربچوێنرێت، هاوکات هاوڵاتیان و خەڵكی سەرمایەدار و خاوەن كارگەو پاڵاوگەکان، پابەندی پاراستنی ژینگە بكرێن و بەرژەوەندی هاوڵاتیان پێش هەموو بەرژەوەندییەكی تر بێت.
كەسی شیاو لە شوێنی شیاو نییە
هیوا عەلی كاندیدی ژمارە 22 ی لیستی 129ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بازنەی هەولێر بەهەمانشێوە لەبارەی ژینگەی هەولێر بۆ كوردستانی نوێ وتی: گرفتی ئیدارەی هەولێر ئەوەیە كەسی شیاو لەشوێنی شیاو نییە، بەتایبەتی لە فەرمانگەكانی تایبەت بە ژینگە و شارەوانییەكان، ئەگەر هەشبێت ئەو كەسە دەسەڵاتی بڕیاردرانی نییە، بەڵكو بەرژەوەندیی خەڵكی دەستڕۆیشتوو لەم شارەدا بڕیار لەسەر بابەتەكان دەدات.
وتیشی: كەمتەرخەمیی ئیدارەی شاری هەولێر وایكردووە رەوشی ژینگەی هەولێر بەم رۆژە بگات، كە گەیشتۆتە قۆناغێکی مەترسیدار. لە بەرامبەردا هیچ هەوڵێك نییە بۆ رێگریكردن و سزادانی سەرپێچیكەران، ئەگەر لە هەر وڵاتێكی دنیا ئاستی پیسبوونی ژینگەی شارێک بەو جۆرەی هەولێر بێت، حكومەتێك دەست لەكار دەكێشێتەوە و  چەندین بەرپرس رووبەڕووی سزادان دەكرێنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا: لیستی 129ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەرنامەیدایە بە چەندین قۆناغ كار بۆ باشتركردنی ژینگە بكات و هەموو ئەو هۆكارانە نەهێڵێت كە بۆتە هۆی پیسبوونی ژینگە. بۆ ئەو مەبەستە ئەوانەی لە لیستی 129 خۆیان بۆ پەرلەمانی كوردستان كاندید كردووە، كەسانی پسپۆڕ و شارەزان لەبوارەكانی خۆیاندا بەتایبەتی لە پرسی ژینگەدا، بۆیە لەكاتی سەركەوتنیان بۆ پەرلەمان  هەوڵدەدەین لەڕێگەی لێكۆڵینەوە و دیراسەی وردەوە کار بۆ باشتركردنی ژینگەی کوردستان بەتایبەتی هەولێر بكەین.

#129

بابەتە پەیوەندیدارەکان