״هەنگاوێكی گرنگە بۆ پاراستنی ماف و شایستە داراییەكانی مووچەخۆران״

هەمووان پشتگیریی لە پەیامەكەی سەرۆك بافڵ دەكەن بۆ رەتكردنەوەی ״هەژماری من״

12:23 - 2024-10-07
کوردستان
171 جار خوێندراوەتەوە

پەیامەكەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، تایبەت بە رەتكردنەوەی «هەژماری من» و لەبەرامبەردا تەوتین كردنی مووچەی فەرمانبەران لە بانكە حكومییەكان، مووچەخۆران و چینوتوێژەكان و سەندیكا و یەكێتییەكانی فەرمانبەران پشتگیریی لێ دەكەن و بە هەنگاوێكی گرنگی دەزانن بۆ پاراستنی ماف و شایستە داراییەكانی مووچەخۆران و كۆتاییهێنان بە نەهامەتییەكانی فەرمانبەران.
لیستی سەوزی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، لە پەیامێكدا رایدەگەیەنێت: وەك یەكێتیی مامۆستایان باوەڕی تەواومان بەوە هەبووە تەنها بە تەوتینكردن كێشەی مووچە كۆتایی دێت، بەردەوامیش داوامان لە هەموو لایەنەكان كردووە «هەژماری من» رەتبكەنەوە، كە خۆشبەختانە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لە پەیامێكیدا وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان «هەژماری من»ی رەتكردەوە و پشتیوانی لە تەوتینكردنی مووچە لە بانكە حكومییەكان، كرد كە ئەوەش رەنگدانەوەی داخوازییەكانی زۆربەی مامۆستایانە و دەخوازین لایەنەكانی دیكەش پشتگیری بكەن بۆ ئەوەی بە یەكجاری كێشەی پاشەكەوت و لێبڕین و پێنەدان و بەبارمتەگرتنی مووچە بۆ بەرژەوەندیی تایبەت، كۆتایی بێت.
لقی سلێمانی سەندیكای پزیشكانی ددانی كوردستانیش لە بەیاننامەیەكدا پشتگیری و پشتیوانی دەردەبڕن بۆ پەیامەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی ی.ن.ك، تایبەت بە رەتكردنەوەی پرۆژەی هەژماری من و پشتگیری لە تەوتینی مووچەخۆرانی هەرێم، تەئكیدیشدەكەنەوە كە رەتكردنەوەی هەژماری من هەنگاوێكە بۆ پاراستنی ماف و شایستە داراییەكانی مووچەخۆران و كۆتاییهێنان بە دواكەوتنی مووچە بەشێوەیەكی هەمیشەیی، كە ئەوەش خواست و داواكاریی سەرجەم مووچەخۆران و چینوتوێژەكانە.
هەروەها، لقی سلێمانی سەندیكای بایۆلۆجی كوردستان، لە بەیاننامەیەكدا پشتگیری لە بڕیارەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی تایبەت بە رەتكردنەوەی «هەژماری من» دەكەن و بەرزهەڵیدەسەنگێنن و رایدەگەیەنن: ئەو بڕیارە مێژووییە هەڵوێستێكی جوامێرانەیە و خزمەتكردنە بە خەڵكی كوردستان و پاراستنی ماف و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانە، بۆیە بەناوی ئەندامانی سەندیكاوە لە سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین، دەستخۆشی لە سەرۆكی یەكێتی دەكەین.
كۆمەڵەی كۆمەڵناسان و دەروونناسانی كوردستانیش، پشتگیریی لە رەتكردنەوەی پڕۆژەی هەژماری من، دەكەن و رایدەگەیەنن «ئەو هەڵوێستەی سەرۆكی یەكێتی، رەنگدانەوەی داخوازییەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە» و باوەڕیشیان وایە كە «تەنیا بە تەوتینكردنی مووچە لە بانكە حكومییەكاندا كێشەكانی مووچە كۆتایی دێت».

#129

بابەتە پەیوەندیدارەکان