راپۆرتی/ نەرمین عوسمان محەمەد
یاسای باری کەسێتی ژمارە (188) ی ساڵی 1959 لە ئێستادا چەند بەندێکی هەموار دەکرێتەوە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، کە پریشکی ئەو هەموارکردنەوەیە رەنگە لە داهاتوودا بگاتە کوردستان و ببێتە مایەی بارگرانی بۆ ژنان و کچانی هەرێم و تێکدانی شیرازەی خێزان. بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە سەرەتا تارا شێخ عوسمان نووسەر و وەرگێر و کاندیدی ژمارە 27 لەسەر لیستی ١٢٩ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتی: بەڕاستی مەسەلەی باری کەسێتی کە ئێستا لە عیراق و پەرلەمانی عیراقدا بۆتە مایەی مشتومڕی لایەنەکانی ئەندامانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمانی عیراق، خۆی لە خۆیدا یاسایەکە دژ بە هەموو پرەنسیپە مرۆییەکانە و یاسایەکە مێژووی عێراق و ناوچەکە دەگەڕێنیتەوە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا، لەبەرئەوەی یاسایەکە ماف و شایستەیی وەک مرۆڤێک لە مێینە دەسێنێتەوە، جگەلەوەی مافی منداڵانیش پێشێل دەکات.
ترس هەیە لە گشت هەرێمدا جێبەجێبکرێت، کاتێک دادوەر بەشوودانی منداڵێکی نۆ ساڵ رەتدەکاتەوە، بە دادوەرەکە بوترێت لەلایەن دادگای فیدراڵەوە تۆ مادەی دەستووریت پێشێل کردووە و بڕیارەکەت نا دەستوورییە
دەبێتە مەترسییەکی گەورە
تارا شێخ عوسمان باسی لەوەش کرد یاساکە رێگە دەدات بە پیاوان یان خێزانەکان، کچانی تەمەن (9) ساڵیان بدەن بە شوو، ئەمە بۆ خۆی کارێکی زۆر ترسناکە، ئەگەر بێت و ئەم پرۆژە یاسایە لە پەرلەماندا پەسەند بکرێت دەبێتە مەترسییەکی گەورە نەک تەنها بۆ دانیشتوانی پارێزگاکانی عێراق، بەڵکو لەوانەیە سەربکێشێت بۆ هەرێمی کوردستان، هەرێمیش تووشی ئەم مەترسییە ببێت.
هاوکات ئەو پێی باشە هەموو ئەو کەسانەی خۆیان بە داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ دەزانن و خۆیان بە داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان دەزانن، هەڵوێستی جیدیان هەبێت و بە هەموو شێوەیەک کار بکەن بۆ وەستاندن و رەتکردنەوەی ئەم پرۆژە یاسایە، بۆ ئەوەی ژنان و تەنانەت منداڵانیش لە هەموو مەترسییەکی پێشێلکردنی مافەکانیان بە دووربن، پێویستە هەموو لایەک ئەوە بزانن کە ئێمە لە عیراق و کوردستاندا لە سەردەمانێکی زووەوە لە هەندێک کۆت و بەندی دەرەبەگایەتی و هەندێک کۆت و بەندی کۆیلایەتی وەک مرۆڤ، پیاو و ژنانمان لەو کۆت وبەندانە رزگارکراون، بۆیە ناکرێت لە ساڵی 2024 دا و لەسەدەی 21 دا جارێکی دیکە کۆت و بەندێکی دیکەمان بکرێتەوە مل و بگەڕێینەوە بۆ دواوە.
هەر لەسەر هەمان بابەت شیرین تاهیرن چالاکوان و سەرنووسەری گۆڤاری تەوار وتی: پرۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە (188) ی ساڵی (1959) لەم ماوەیەی پێشوودا هەرایەکی گەورەیەی نایەوە، خرایە بەردەم پەرلەمانی عێراق بە بیانووی ئەوەی لەلایەن باڵێکی شیعەکانەوە کە داخوازی ئەوە کرا ئەم یاسایە هەموار بکرێتەوە، هاوکات بەم هەموارکردنەوەیەش کۆمەڵێک ئاسەواری خراپ روو دەدات لە کۆمەڵگاکەماندا لە رووی پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانەوە، هەروەها سنووردانان بۆ جموجوڵی مەدەنی تاک بە گشتی و ژن و منداڵ بە تایبەتی.
پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانە
شیرین تاهیر باسی لەوەش کرد هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە پاڵپشتە بە کۆمەڵێک بیروباوەڕی مەزهەبی و تایفەگەرایی کە دواجار ئاسەوارێکی خراپ بۆ کۆمەڵگەکەمان بەجێدەهێڵێت و دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی تاک بە گشتی، لە پاڵ ئەو ناڕەزاییانەی لە شەقامی عیراقیدا هەیە هاوکات لە کوردستانیشدا کۆمەڵێک چالاکی مەدەنی هەیە لە ئەکادیمیاکاندا و لەلایەن رێکخراوەکانەوە، جگە لە هاوکاریی رۆشنبیران توانراوە چەندین چالاکیی جۆراو جۆر بکرێت و بەر بە رۆیشتنی ئەم هەموارکردنە بگیردرێت. سەرنووسەری گۆڤاری تەوار لەبارەی گونجاویی ئەو یاسایە بۆ ئەم سەردەمە وتی: هەڵبەتە یاسای باری کەسێتی خۆی لە بنەمادا یاسایەکی قەتیسە، یاسایەکە چوارچێوەیەکی ئاینیی هەیە، لەکاتی خۆیشیدا کە دەرچووە لە سەرەتادا وەکو بەیاننامەیەک دەرچووە لە ساڵی (1959) دا، بەڵام دواتر ئەم یاسایە بووەتە یاسایەکی نووسراو، رەچاوی ئەو کاتەی کۆمەڵگەی عێراقی کردووە و رەچاوی ئەو پێکهاتە و ئاین و ئاینزایانەی کردووە کە لە عێراقدا هەبوون، تارادەیەک لە ژێر فشاری رێکخراوی ئافرەتانی ئەو کاتە توانراوە یاساکە جۆرێک لە میانڕەوی تێدا بێت کە مافی هێچ تاکێک بە تەواوەتی فەرامۆش نەکرێت، واتا بە پێودانگی ئەو رۆژگار و سەردەمە یاسایەکی باش بووە، لە ئێستادا کە نزیکەی شەست و پێنج ساڵ بەسەر دەرچوونی ئەو یاسایەدا تێپەڕیوە، ئێستا دەیانەوێت یاساکە بگەڕێننەوە بۆ دواوە و کۆمەڵێک رەهەندی خراپی ناشارستانی دەسەپێنرێت بەسەر یاساکەدا کە لە هەموارەکەدا بکرێت. پرۆژەی هەموارکردنەوەی ئەم یاسایەش دیارە زیاتر پەیوەندیی بە رەهەندێکی سیاسییەوە هەیە و پەیوەندیی بەو کوتلانەوە هەیە کە لە پەرلەمانی عێراقدان، وەکو بڵێی سازشکراوە لەسەر مافی ئەو تاکانە چ ژن، چ منداڵ، لەناو یاساکەدا هەیە بەرامبەر بە یاسایەکی دیکە لە لایەن کوتلەیەکی پەرلەمانییەوە دوای جێبەجێکردن و رۆشتنی کراوە، بۆیە کۆی مەترسییەکە لەوێدایە وەک ئەوەی مامەڵەیەک هەبێت بە چارەنووسی تاکی عیراقییەوە بە تایبەتی ژن و منداڵ.
تەنها ژنان بە ئامانج نەکراون
هاوکات گەشە دارا حەفید پارێزەر و چالاکوان لەسەر ئەم مەسەلەیە وتی: مەترسییەکانی ئەم هەموارە پێویستیی بە فشاری زیاتری مەدەنیی رێکخراوەکان و خەڵکی ئازادیخواز هەیە بە پیاو و ژنەوە، چونکە تەنها ژنان لێرەدا بە ئامانج نەکراون، بەڵکو پیاوانیش بە ئامانج کراون، بەڕاستی ئەوەندەی پیاو ناشیرین دەکات ئەم پڕۆژەیە، ژن کەمتر، یاخود بڵێین وەک پرسێکی کۆمەڵگەیی سەیری بکەین، واتا کۆمەڵگە بە ژن و پیاو و منداڵ و هەموو پێکهاتەکانەوە زەرەرمەند دەبن، بۆیە ئەمە پێویستیی بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵگەیی هەیە، بەبێ جیاوازی حزبی و ئایدیۆلۆجی و ژن و پیاویشەوە.
سەبارەت بە مەترسییەکانی ئەم هەموارکردنەوەیە گەشە دارا وتی: ئەم هەموارە دەبێتە مایەی بە جەهلکردنی ئەم کۆمەڵگەیە، چونکە دایک کۆڵەکەی بنەڕەتییە بۆ پەروەردەکردنی منداڵ و لە دوایشدا بۆ کۆمەڵگە، چونکە هەر ئەو منداڵەیە گەورە دەبێت و دێتە ناو کایە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە و رەنگدانەوەی هزری ئەو کەسەیە لەسەر ژیانی هەموو خەڵک، ئینجا ئایا دەبێت منداڵێک کە لە نۆ ساڵییەوە تەنانەت لە 10 و 12 شدا تا 18 ساڵیش ئەگەر تەواوی نەکات، دێت خێزان پەروەردە دەکات، بە چ رۆشنبیرییەکەوە خێزان پەروەردە دەکات جارێ خۆی پڕۆسەکانی ژیان و قۆناغەکانی ژیانی تەواو نەکردووە لە خوێندن و لە خۆ رۆشنبیرکردن و لەو بابەتانەی پێویستیی ژیانی خۆیەتی وەکو تاک، ئینجا چۆن دێت تاکێکی دیکەی تەندروست پەروەردە دەکات ئەمە یەکێکە لە هەرە مەترسییە گەورە کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسییەکانیش، چونکە کۆمەڵگەی سیاسی کاتێک خۆشگوزەران دەبێت، کە ئامانجەکانی لەپێناوی مافی مرۆڤ و مافە دیموکراسییەکاندا دەبێت، لە پێشیشدا مافی تاک وەکو خۆی بزانێت، بەڵام کاتێک لە منداڵییەوە تۆ کچێک دەدەیت بەشوو ئەم هەلانە هەمووی لەدەست دەچێت.
پێشێلکردنی مافی مرۆڤە
هاوکات گەشە دارا باسی لەوەش کرد کێشەیەکی دیکە پێشێلکردنی یاسا و مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی مادەکانی دەستورە، هەروەها لە هەمووی کارەساتبارتر پێشێلکردنی مافی منداڵە، چونکە هیچ دەسەڵاتێکی نییە و بەپێی یاسا خۆی ئامادەکراو نییە بۆئەوەی بڕیار بدات لەسەر ژیانی خۆی، ئیتر تۆ چۆن بڕیار دەدەیت لەوەی مادام فڵان مەزهەب وا دەڵێت و فڵان (الفقیه) وایوتووە. جگەلە کاڵ کردنەوەی سەروەری یاسا و رۆڵی دادگاکان، ئەمەش یەکێکە لە مەترسییە گەورەکان، چونکە رۆڵی دادگا لەم پرۆژەیەدا زۆر پەراوێزخراوە و لاوەکییە، واتا کەسەکە لە دەرەوە هەموو شتێکی تەواو کردووە و دادگا تەنها بۆی پەسەند دەکات، بۆیشی نییە بڵێ پەسەندی ناکەم، لەبەرئەوەی مادەیەکی دەستوورییە. مەترسییەکی دیکەش ئەوەیە ئێمە لە کوردستان بگرێتەوە، چونکە هەموارەکە پشتی بەستووە بە مادەیەکی دەستووریی، ترس هەیە ئەم هەموارە لە گشت هەرێمیشدا جێبەجێبکرێت، وەک ئەوەی تانە بدرێت لەو بڕیارە، کاتێک دادوەر بەشوودانی منداڵێکی نۆ ساڵ رەتدەکاتەوە، بە دادوەرەکە بوترێت لەلایەن دادگای فیدراڵەوە تۆ مادەی دەستووریت پێشێل کردووە و بڕیارەکەت نا دەستوورییە.