تەها عەبدوڵڵا
ژمارەیەك لە كاندیدەكانی بازنەی هەولێر-ی لیستی 129ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كار و بەرنامەی خۆیان بۆ کوردستانی نوێدەخەنەڕوو، هەریەكەیان لەبواری خۆیدا جەخت لە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان دەكەنەوەو پێیانوایە بەهۆی خراپیی شێوازی حوكمڕانی لە كوردستان، بەتایبەتی لەهەولێر، زۆربەی بوارەكانی ژیان پێویستیان بە ریفۆرم و چاكسازی هەیە، ئەو گۆڕانكاریانەش تەنیا بە كاندیدەكانی لیستی 129 دەكرێت كە زۆربەیان كەسانی شارەزا و پسپۆڕن و كەسانی خەمخۆری وڵات و پارێزگاكەیانن بەبێ جیاوازی ناوچەکان.
رێژنە مەجید کاندیدی ژمارە 21ی لیستی 129: بەڵێنم داوە 25 %ی مووچەی پەرلەمانیم ببەخشم بە توشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە
رێژنە مەجید كاندیدی ژمارە 21 -ی لیستی 129ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بازنەی هەولێر وتی: بەرنامەی كاری من دەركردنی یاسای تایبەتەبۆ رێگریكردن لە بەهەدەردانی زەوی كشتوكاڵی و بەركارهێنانی بە شێوەیەكی نایاسایی، چونكە لەماوەی رابردوودا وەكو پێویست نەتوانراوە سوود لە خاكی بەپیتی كوردستان وەربگیرێت بۆ كشتوكاڵ و زیادكرنی بەرهەمی ناوخۆ.
وتیشی: هەروەها كاردەكەم بۆ رێگریكردن لە هێنانی خۆراكی ماوە بەسەرچوو، كە بۆتە هۆی بڵاوبونەوەی چەندین نەخۆشی و بەهەدەردانی سامانی نیشتمانی، چونکە ئەو خۆراکە کوالێتیی خراپەی لە کورستان هەیە، لە هیچ شوێنێکی تر نییە.
راشیگەیاند: جگە لەوانە هەوڵدەدەین سیستمی پاسەكانی ناوشار و دەرەوەی شار رێكبخەینەوە، ئەویش لە رێگای دابینكردنی پاسی مۆدێرن و نەهێشتنی ئەوانەی بەکەڵکی کاردن نەماون،هەروەها هەوڵی دابینكردنی سوتەمەنی و بەنزینی كوالێت بەرز دەدەین ، بۆئەوەیرێژەی ئۆتۆمبێل لە شەقامەكان كەمبكرێتەوە، كە سەرچاوەی بڵاوبونەوەی چەندین نەخۆشییە.
ئەوەش دەخــــاتەڕوو: هاوكــــــات لە بەرنامـــەمدایە وەك كـــاندیدی پەرلەمان، دەرفەتی كار بۆ كچان و ژنان بدۆزمەوە، هەوڵدەدەین كار و پڕۆژەی تایبەت بەخۆیان هەبێت، تا تواناكانیان پەرە پێبدەن و ئەوانەی بەهرەدارن لەکاری دەستی سوود لە ئەزمونەكانیان وەربگرین.
هەروەها لـــــــــــــە رێگای پڕكردنەوەی بەڵێننامەیەكەوە لەكــــاتی سەركەوتنم بۆ پەرلەمان لە شوێنێکی ئاســــــایی بژیم، كە لە هەولێر ناونراوە زۆنی هەژاران و پشگوێ خراوەکان،هاوکات خانوو و ڤێللایی پەرلەمانی رەتدەكەمەوە،ئەمە جگە لەوەی بەڵێنم داوە 25 %ی مووچەی پەرلەمانیم ببەخشم بە توشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە.
شەماڵ عەبدولڕەحمان ناسراوە بەشەماڵ وەرتی كاندیدی ژمارە 29 -ی لیستی 129 -ی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەهەمانشێوە بەرنامە و پلانی خۆی بۆ باسکردین و وتی: بەرنامەی كارم نەهێشتنی جیاوازییە لە نێوان ناوچەكانی كوردستان، بەتایبەتی لە سنوری پارێزگای هەولێر، چونكە لە رابردوودا ئەو جیاكارییە لەو شارە بەزەقی دیاربووە، بۆیە كاتێك سەردەكەوین بۆ پەرلەمان، بەوردی چاودێری حكومەت دەكەین.
وتیشی: هەر لەو پێناوە نوسینگەیەكی تایبەتی پەرلەمان لە سنوری قەزای سۆران دەكەینەوە، بۆ چاودێریكردنی حكومەت و وەرگرتنی داواكاری و ناڕەزایی هاوڵاتیانی ئەو دەڤەرە، چونكە لە رابردوو حزبی دەسەڵاتدار غەدرێكی زۆری لەو سنورە كردووە، بەو پێیەی زۆرینەی دانیشتووانەكەی لەوان نەبووە، بەڵکو زیاتر وەلائیان بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد: هەروەها كاردەكەین تاكو پڕۆژەكان بەبێ جیاوازی لە ناوچە جیاجیاكانی هەولێر و كوردستانبەگشتی جێبەجێ بكرێن، بەتایبەتی لە ناوچە گەشتیارییەكان و گوند و دێهاتەكان، كە لەچەندین خزمەتگوزاری بێبەش كراون.
نیشتیمان مستەفا ناوپردانی كاندیدی ژمارە 51 -ی لیستی 129 -ی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بازنەی هەولێر بەمجۆرە بەرنامەی خۆی دەخاتەڕوو: بەرنامەی كاری من گرنگیدانە بە كەسوكاری شەهیدان، چونكە من یەكێكم لە كچە شەهیدەكان، هەوڵدەدەم ژیانێكی شایستەیان بۆ دابین بكرێت، هەروەها گرنگی بە بەروبوومی كشتوكاڵی ناوخۆ دەدەین، تا لە لایەك ببێتە هۆی دابینكردنی پێداویستیی ناوخۆ بە بەرهەمی خۆماڵی، لە لایەكی تر دەرفەتی كار بۆ گەنجانمان بڕەخسێنین، چونكە هۆكاری سەرەكی كۆچی گەنجانمان بۆ دەرەوە، نەبوونی دامەزراندن و دەرفەتی كارە.
باسی لەوەشكرد: خاڵێكی تری بەرنامەی كاری من خزمەتكردنە بەژینگەی كوردستان، ئاشكرایە بەهۆكاری جیاجیا ژینگەی كوردستان بە تایبەتی هەولێر تەواو پیسبووە، بەبێ ئەوەی ئیدارەی پارێزگا هیچ هەوڵێك بۆ چارەسەر كردنی بدات، ناكرێ بەهۆی خراپی ژینگە و نەبوونی بەرنامەیەكی تەندروست، لەپێناو بەرژەوەندیی چەند كەسێك هەزاران هاوڵاتی بكرێنە قوربانی، كە بەهۆی پیسكردنی ژینكە رۆژانە ژەهر بەسەر خەڵكی هەولێر و دەوربەریدا دەبارێت.