كێ كوردستان دەكاتەوە بە بەهەشت؟

11:40 - 2024-10-08
دووتوێ
127 جار خوێندراوەتەوە

نێچیرڤان مام نوری
هەندێك دەڵێن وتار و هەندێكیش ناویانناوە پەیام، بەڵام راستییەكەی ئەوەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لەمەراسیمی هەڵمەتی بانگەشە و ناساندنی كاندیدەكان بۆ دنیا خستییەڕوو، نەخشەڕێگایەكی نوێی پەسەندكراوی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بوو بۆ راستكردنەوەی رێڕەو، رێڕەوە چەوتەكەی حكومڕانی و فۆرمی باوی خۆسەپاندن و دەسەڵاتسالاریی دەستەبژێرێكی حكومڕان، كە خێر و چاكەی گشتی فەرامۆش دەكەن و نایانەوێت كوردستان و خەڵكەكەی لەناو خێر و بێری دەستكەوت و داهاتەكانی خۆیدا بژی، ئەم پەیامە بۆیە گرنگە، چونكە پێشتر سەلماندویەتی و كرداری لەگەڵە و لە داهاتووشدا هەر بەڵێن نابێت، بەڵكو دوپاتكردنەوەی ئەم راستییەیە كە كردومانە و پێمان دەكرێت.
پەیامەکانی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە هەڵمەتی بانگەشەدا، پاكێجێكی فرە رەهەندیی هەمە چەشنەی سیاسەت بوو، رێگا و رێبازێكی نوێی بەخۆدا چوونەوە و بەدەستهێنانەوەی متمانەی خەڵكە.
ئاخر خەڵك بۆیە زویر و توڕە بووە، چونكە وێنا راستەقینەكەی كایەی سیاسەت و دەستەبژێر هەر ئەوە بووە، لە دۆخی بانگەشە سەدان دروشم و خۆزگەی گەورە دەكات بە كاڵا و لەسەر دەنگدەری خاڵیی دەكاتەوە، كەچی لەگەڵ تێپەڕینی كات، دروشمەكان دەچنە خانەی فەرامۆشی و بەڵێنەكان دەگەن بە دۆخی بیرچوونەوە و گەڕێكی تری بێ وادە و بەڵێنیی دەست پێدەكاتەوە، بەڵام خەڵكی كوردستان لە دروشم و بەرنامەی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی شتێكی جیاوازتر بەدیدەكەن، راستگۆیی لە وتن و سەرڕاستی لە بەجێگەیاندن، سانایی لە دەربڕین و پابەندی لە پەیڕەوكردن، ئەمەشە دواجار ئومێد بە جۆرێكی تر بۆ كایەی سیاسەت و هەڵبژاردن و حكومڕانی بەرهەم دێنێتەوە.
كرۆكی پەیام و تەكنیكی دەربڕین و زمانی جەستەی سەرۆك لەم بانگەشانەدا هەمووی نوێن، نوێ لە بەرزكردنەوەی ئاستی دروشمی «وەریدەگرینەوە» بۆ «روخان»، لە جوڵە و پشوو درێژی سەر ستەیج و گۆڕان لە سەركردەیەكی تەقلیدییەوە بۆ رابەرێكی نوێ كە دەتوانێت خۆی ببێت بە بەشێك لە مەشهەدە بە جۆشەكەی یەكێتی، كۆی ئەم دیاردە نوێیانە لەلایەك و ناواخنی پەیامەكانییەتی لایەكەی دیكەوە.
سەرۆك بافڵ تاڵەبانی سەبارەت بە چەوتییەكانی حكومڕانی و گۆڕینی ئاراستەی دەسەڵات بۆ خۆسەپێنی و فۆرمی ئەمنی، بە روون و راشكاوی شوێنەوارەكانی ئەم سیاسەتەی لەسەر گەنجان دوپاتكردەوە و پێی وتین: كوردستان بە هەشتێكە بە رەفتاری چەوت  و لاساریی كراوە بە جەهەننەم، ئەم گۆڕانكارییە هۆكاری راستەقینەی سەرگەردانی و راكردن بووە لە نیشتمان و بە ژمارە ئەوەی وت كە زیاتر لە حەوت سەد و پەنجا هەزار گەنج پەڕاگەندەی تاراوگە بوون.
ئەم دیدە لە وێناكردنی نیشتمان وەك بەهەشت لە خۆڕا نەوتراوە، بەڵكو بە زمانی ژمارە و بەڵگە، هەرێمی كوردستان ئەگەر حكومڕانییەكی راست و دروست و چاكەخوازی هەبێت، زۆری سەرچاوەی سامانی سروشتی، زیرەكی و لێهاتوویی خەڵك، زۆری دەستی كار، ژینگە و سروشتی گونجاو، هی ئەوەن بەهەشتێكی راستەقینە لەسەر ئەو خاكە بونیاد بنرێت، بەڵام لەبەرئەوەی لە خولەكانی رابردودا زۆرینەی ساختە هاوكێشەی حكومەت و دەسەڵاتی خستە دەست هێزی نا ئەمینەوە، ئیدی ووردە ووردە ماناكانی بە بەهەشتبوونی كوردستانی گۆڕی بۆ جەهەننەمێك، كە وەك محەمەد ماغۆت ـ دەڵێت: پێڵاوەكانیش ئامادەنەبوون، جارێكی تر گەنجەكان بەو نیشتمانەوە ببەستێتەوە.
تێگەیشتن لە سەرلەنوێ گۆڕینی نیشتمان بۆ بەهەشت، بۆ ئەوەی لە دروشم و قسەی هەڵبژاردن تێپەڕێت، پێویستە ئاست و ئاڕاستەی كرداریی بەخۆیەوە ببێنێت، دەستی ئەمین بۆ رادەستكردنی ئەو دەسەڵاتەش تەنها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك بافڵە، كە دەتوانێت بە متمانەی دەنگدەر، بەدەنگی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، هەرێمەكەمان لەو بەدۆزەخبوونە رزگار بكات و جارێكی تر روخسار و ژیانە بەهەشتییەكەی پێبداتەوە، بە پێچەوانەشەوە بەردەوامبوون لەسەر متمانەدان بە هێزی تاریك و دەسەڵاتی خۆسەپێن و كەسانی ئەمنی، دۆخ و ژیانمان لە شوێنی خۆیدا دەهێڵێتەوە و بۆ هەمیشە لە بەدیهێنانی خەونی گەڕانەوە بۆ بەهەشتی نیشتمان دوورمان دەخاتەوە.

#129 #هەڵبژاردن #دووتوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان