هەماهەنگی زیاتر له نێوان ئێران و سوریا
ئاژانسی «سانا» ناوەڕۆکی دیدارێکی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا لەگەڵ عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاوکردەوە، ئەسەد جەختی لەسەر پێویستیی درێژەدان بە پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان سوریا و ئێران کردەوە و گرنگیی ئەو پەیوەندییە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەددی و مەترسییانەی کە هەڕەشە لە خاک و گەل دەکەن لەگەڵ پێشکەشکردنی پاڵپشتی و هاوکاری بۆ برایانی لوبنانی لە ناوچەکەدا لەژێر رۆشنایی ئەو ئاوارەبوونە گەورەیەی کە بەهۆی شەڕی ناوچەکە و بەتایبەت شەڕی لوبنانەوە دروست بووە.
لای خۆیەوە عیراقچی جەختی لەسەر پێویستیی هەماهەنگی زیاتر له نێوان ئێران و سوریا بۆ راگرتنی شەڕی بەردەوامی لوبنان کردەوە.
لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر خاکی سوریا و عیراق و لیبیا
رۆژنامەی «السوري» بەدواداچوونێکی لەبارەی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر خاکی سوریا و عیراق و لیبیا بڵاوکردەوە و ئەوەی خستۆتەڕوو ئەم دەستدرێژییە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری و ئایندەی ناوچەکە هەیە، بەو پێیەی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان هەوڵدەدات نفوزی خۆی لە ناوچەکە فراوانتر بکات وەک بەشێک لە ستراتیژییەکەی بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لەو کاریگەرییەی کە لە سەردەمی درێژخایەنی عوسمانیدا هەیبووە.
رۆژنامەکە دەستدرێژی تورکیای بە «ئاشکرا» وەسف کردووە، بەو پێیەی تورکیا هەوڵدەدات، لە رێگەی دەستدرێژییەکانی بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتانە، کاریگەریی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکات و بەدوای رۆڵێکدا بگەڕێت کە تورکیا بکاتە زلهێزێکی ناوچەیی دیار، ئەوەش لە ژێر رۆشنایی ئەو گۆڕانکارییانەی کە ناوچەکە لە ساڵانی رابردوودا بە خۆیەوە بینیووە.
شەڕی رزگاریخوازیی ئۆکتۆبەر
رۆژنامەی «تشرین» بە بۆنەی ساڵیادی شەڕی «تشرین» بەیاننامەیەکی بۆ مەجلیسی گەلی سوریا ناردووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، شەڕی رزگاریخوازیی ئۆکتۆبەر کە بە هەموو بوێرییەکەوە لەلایەن حافز ئەسەد سەرۆک کۆماری پێشووەوە پلانی بۆ داڕێژرا و سەرکردایەتی کرا، وەرچەرخانێکی گەشاوەی لە مێژووی هاوچەرخی عەرەبدا بەدەستهێنا، هاوکێشە سەربازی و سیاسییەکانی ناوچەکەی گۆڕی، بە چەسپاندنی بنەمای بەستنەوەی ئاشتی و سەقامگیری بە گەڕاندنەوەی مافەکان، بەتایبەتی خاکە داگیرکراوەکانی عەرەب.
ئامادەكردنی: فەتحوڵڵا حوسێنی