ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی تەشرینی یەکەم، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە شاری سلێمانی، سەردانی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی کردو لەلایەن هەڤاڵان رەفعەت عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و زیاد شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانییەوە بەگەرمیی پێشوازی لێکرا.
لە دیدارێکدا، باس لە دوا پێشهاتەکانی بارودۆخی سیاسی هەرێم و کارو چالاکییەکانی تایبەت بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن کرا کە تێیدا یەکێتییەکان لەگەڵ جەماوەری خۆڕاگری کوردستان، خۆیان بۆ تۆمارکردنی داستانێکی بێ وێنەی هەڵبژاردن ئامادەکردووە کە سەرەنجامەکەی سەرکەوتنێکی گەورەی لیستی 129ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت.
هەر ئەمڕۆ، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی سەردانی کۆمیتەی چواری رێکخستنی کرد و لەلایەن هەڤاڵ شنۆ محەممەد لێپرسراوی کۆمیتە و ژمارەیەک لە کادرانی کۆمیتەوە بە گەرمیی پێشوازی لێکرا.
لە دیدراێکدا هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، دەستخۆشی لە لێپرسراوی کۆمیتە و کادران و ئەندامانی یەکێتی کرد لەو سنوورە، کە ماندوونەناسانە سەرقاڵی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنن بۆ سەرخستنی لیستی 129ی یەکێتی.
لەبەرانبەردا، هەڤاڵانی کۆمیتە، جەختیان کردەوە کە تەواوی هەوڵ و توانای خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ سەرخستنی کاندیدانی دڵسۆزی یەکێتی بۆ پەرلەمانی کوردستان.
دواتر هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، هەر لە شاری سلێمانی، بازنەی 2ی خەباتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بەسەرکردەوەو لەلایەن هەڤاڵ مەحمود رۆستەم لێپرسراوی بازنە و کادرانی سنووری بازنەکەوە بە گەرمیی پێشوازی لێکرا.
لەدانیشتنێکدا، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ستایشی هەوڵ و ماندووبوونی لێپرسراو و کادرانی بازنەکەی کرد و جەختیکردەوە کە سەرکەوتنی چاوەڕوانکراوی یەکێتی لە هەڵبژاردندا لە بەرژەوەندیی تەواوی خەڵکی کوردستاندایە، چونکە بەرنامەو تێڕوانینی یەکێتی رەنگدانەوەی خواست و ئیرادەی خەڵکی کوردستانە و ئامانجەکەش هەمان ئامانجی خەڵکە کە خۆی لە گۆڕینی رێڕەوی فەرمانڕەوایی لە هەرێم و کۆتایهێنان بە مەینەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵکدا دەبینێت.
لەبەرانبەردا کادرانی بازنەی 2ی خەبات، باسیان لەوەکرد کە شەو و رۆژ بەردەوامن لە کارو چالاکییەکانی پەیوەندیدار بەپشتیوانیکردنی لیستی 129ی یەکێتی، بەئامانجی بەشداریی لەو نەبەردییە دیموکراسییەی کە 20 ی ئەم مانگە لەلایەن جەماوەری یەکێتیی و کۆمەڵانی خەڵکەوە تۆمار دەکرێت.