راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەیەک کاندیدی بەهێزی لە سەرجەم ناوچەکان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان متمانەیان بدەنێ و وەک نوێنەری خۆیان بیاننێرنە پەرلەمان، کاندیدەکان پسپۆڕی و بواری کارکردنیان جیاوازە، ئەوەش وایکردووە تا لە رێگەی پلان و بەرنامەکانیانەوە کار لەسەر کۆی سێکتەرەکان بکەن و خزمەت بە تەواویی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەن.
خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ
لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک لە کاندیدانی پارێزگای سلێمانی پلان و بەرنامەیان دەخەنەڕوو.
رێژەن بورهان کاندیدی ژمارە (10) لە لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازنەی سلێمانی، لە پلانیدایە کاربکات لەسەر پرۆژەیاسای خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە 27ی ساڵی 2006 کە تایبەتە بە خانەنشینکردنی ئەفسەران و کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ و وتی: کاردەکەم بۆ هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە، لەبەرئەوەی پێمانوایە پێشێلی مافی خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ دەکات لە کاتێکدا لە دوای خزمەتێکی زۆر ئەفسەر و کارمەندی ناوخۆ بەو یاسایە دەبێتە خاوەن موچەیەکی زۆر کەم، ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2014وە لە حکومەتی عیراقی فیدراڵ ئەم یاسایە هەموارکراوەتەوە، بەڵام تائێستا حکومەتی هەرێم رێگر بووە لە پەرلەمانی کوردستاندا هەمواربکرێتەوە.
کەرتی پەروەردە و فێرکردن
تارا عوسمان کاندیدی ژمارە (27) لە لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازنەی سلێمانی ماوەی چەندین ساڵە لە هەردوو بواری پەروەردە و رۆژنامەنووسیدا خزمەت دەکات و وتی: کاردەکەم بۆ سەرخستنی لیستەکەم و لەو چوارچێوەشدا کار و پرۆژەکانم بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە جۆرێک رێکخستووە کە سەرنج و گرنگیم بۆ کەرتی پەروەردەبێت، لە چوارچێوەی کارنامەی حزبەکەم بۆ پارلەمان هەوڵدەدەم کار بکەم بۆ باشترکردنی بژێویی مامۆستایان و گرنگیدان بە بەرزکردنەوەی ئاستی توانا و لێهاتووییان، کاردەکەم بۆ گرنگیدان بە گوزەرانی ئەو مامۆستایانەی بەهۆی دۆخی تەندروستییانەوە لە هۆڵەکانی خوێندندا دوور دەکەونەوە.
وتیشی: بەوپەڕی توانامەوە هەوڵدەدەم بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنگە حکومییەکان و کردنیان بە ناوەندێکی هاوچەرخی پەروەردە و فێرکردن، هەروەها هەوڵەکانم چڕ دەکەمەوە بۆ کەمکردنەوەی کۆژانی خوێندکارانی دەرەوەی شارەکان، یەکێکی تر لە کارەکانم ئاوڕدانەوەیە لە خوێندکارانی خاوەنپێداویستی تایبەت و توشبووانی ئۆتیزم و رێگەی گونجاوتر دەدۆزمەوە بۆ تێکەڵبوونیان بە کۆمەڵگە.
تارا عوسمان لە بواری رۆژنامەگەری و رۆشنبیریشدا پلانی هەیە و وتی: بەردەوام پارێزگاریی لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و کەلتووری رەسەنی کوردی و زمانەکەمان دەکەم، هەوڵی جدی دەدەم بۆ هێشتنەوەی شکۆمەندی رۆشنبیران و نووسەران و باشترکردنی گوزەران و بژێویی ئەوانەی لە کایەی رۆژنامەوانیی و رۆشنبیریدا داهێنەرن.
رێگری لە قۆرخکاری
ئومێد عەلی حەمە، ناسراو بە دکتۆر ئومێدی نەخۆشخانەی شار، کاندیدی ژمارە (5) لە لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازنەی سلێمانی، ماوەی 21 ساڵە وەک پزیشک خزمەتی بە هاووڵاتیان کردووە و وتی: دەنگدەرانی پایتەختی رۆشنبیری، ئیدارە سەربەخۆکان و قەزا و ناحیەکان با لەم هەڵبژاردنەدا پێکەوە دەنگمان بکەینە چەخماخەی دیموکراسی بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن و راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان.
وتیشی، هێزێکی گەورەی وەک یەکێتییە دەتوانێت رێگری لە قۆرخکاری بکات و ژیانێکی شایستەتر بۆ هاووڵاتیان دەستەبەر بکات، بۆیە داواتان لێ دەکەم متمانەی خۆتانمان پێ ببەخشن، بۆ ئەوەی بەیەکەوە بۆ ژیانێكی باشتر و ئاسۆیەی روونتر بڕیار بدەین.
کارکردن بۆ خۆبەخشان
رەوەز ئەحمەد شاە شارەزا لە بازرگانی نێودەوڵەتی و سیستمی بانکی، کاندیدی ژمارە (61) لە لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازنەی سلێمانی دەڵێت: پاڵپشت بەو پرۆگرام و بەرنامەیەی یەکێتی بۆ خزمەتکردن ئامادەی کردووە و لە روانگەی درک کردنمان بەکێشە و نەهامەتی و داواکاری چین و توێژەکان، کاردەکەین لەسەر پرۆژەیەکی چڕ بۆ خزمەتکردنی ئەو گەنجانەی بە خۆبەخش لە دامەزراوە و فەرمانگەکاندا کاردەکەن و دانەمەزراون بۆئەوەی دەرفەتی هەلی کاری رەسمییان بۆ بڕەخسێنرێت.
وتیشی: رابردووی کارەکانمان شایەتی ئەوەمان بۆ دەدەن هەمیشە لە ریزی پێشەوەى خزمەتکردندا بووین بەچین و توێژەکان، کۆمەڵە و رێکخراو و دەزگا و دامەزراوەکان، هەمیشە دەستگیرۆیی و پشت و پەنا بووین بۆ کەسانی کەم دەرامەت و خوێندکاران، بۆیە بڕیارماندا سەنگەرى کارکردن بگوازینەوە بۆ دامەزراوەیەکی یاسادانان کە لە رێگەیەوە بە هاوکارى کەسانی پسپۆڕ و دڵسۆز خزمەتی زیاتر بە هاووڵاتیان بکەین.