تاریق جامباز یاساناس و پەرلەمانتاری پێشوو بۆ کوردستانی نوێ :

مام جەلال سەركەوتوو بوو لە دیاریكردنی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو

10:35 - 2024-10-10
دیدار
220 جار خوێندراوەتەوە

دیداری: تەها عەبدوڵڵا


لە دیدارێكیدا لەگەڵ کوردستانی نوێ، نووسەر یاساناس، تاریق جامباز ئەندامی خولەکانی یەكەم و دووەمی پەرلەمانی كوردستان، تیشك دەخاتە سەر گرنگیی دەستنیشانكردنی كاندید بۆ هەڵبژاردن‌ و پڕكردنەوەی لیژنەكانی پەرلەمان، بە كەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە بوارە جیاوازەکاندا، ئاماژە بەوەش دەكات، مام جەلال لە دیاریكردنی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو سەركەوتوو بوو، بەتایبەتی لە كاندیدکردنی کەسانی شارەزا و بە ئەزموون بۆ هەردوو پەرلەمانی عیراق و كوردستان و کابینەکانی حکومەتیش.

پەرلەمانێكی كارا دەتوانێ كاری زۆر ئەنجام بدات، بەتایبەتی ئەگەر ئەندامەكانی كەسانی شارەزاو پسپۆڕ و خەمخۆری گەلەکەیان بن

کەسانی شیاو ببن بە ئەندامی پەرلەمان
لەو بارەیەشەوە تاریق جامباز دەڵێت: لە هەموو وڵاتانی دیموکراتی جیهاندا پەرلەمان دەسەڵاتی یەكەمی وڵاتەكەیە و كەسانی یەكەم یان دووەمی حزبەكان دەبن بە پەرلەمانتار، تا خاوەن بڕیار بن و بتوانن باشترین یاسا و بڕیار دەربكەن، بە ئەزموونیش دەركەوتووە، هەركاتێك پەرلەمان چالاك بێت، حكومەت باشتر دەتوانێت ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات، لە كوردستانیش پێویستە پێش هەڵبژاردنی هەر خولێكی پەرلەمان، لە رێگەی لیژنەیەکی پسپۆڕەوە ئەو کەسانە دەستنیشان بكرێت كە شایەنی ئەوەن ببن بە ئەندامی پەرلەمان، چونكە ژمارەیەك لیژنە لە پەرلەماندا هەن، پێویستیان بە كەسانی پسپۆڕ و شارەزایە، تاکو بتوانن بەشێوەیەکی ئەکادیمی کار لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایانە بکەن کە پێشکەش دەکرێن.
سەبارەت بە توانا و خەسڵەتی کاندیدیش بۆ پەرلەمان دەڵێت: پێویستە ئەو كەسەی دەبێت بە پەرلەمانتار، كەسێك بێت تەواوی كات و توانای خۆی بۆ كاری پەرلەمانی تەرخات بكات، کارێکی تر لە دەرەوەی پەرلەمان نەکات، هەروەها گرنگی بە تواناکانی خۆی بدات لە بواری خوێندن و نووسین و گەڕان بەشوێن سەرچاوە زانستییەكاندا، ئەمە جگەلەوەی دەبێت زیاتر لە زمانێك بزانێت، تا سوود لە ئەزموونی میللەتان و پەرلەمانی وڵاتان وەربگرێت، چونكە كاری پەرلەمانی پێویستی بە هەوڵ و کۆششی زۆر هەیە، بۆئەوەی بتوانێت ئەرکەکانی خۆی بە باشی جێبەجێ بکات.
ئەو یاساناسە ئاماژەشی بەوە کرد کە مام جەلال وەك سەركردەیەکی گەورەی كوردستان، كەسێكی سەركەوتوو بوو لە دەستنیشانكردنی ئەو كەسانەی پۆستی حكومییان پێدەدرا، یان كاندید دەکران بۆ پەرلەمان لە ئاستی عیراق و کوردستان، ئەمەش دەری دەخات كە پێویستە كەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێت. ئەو جۆرە بیركردنەوەیەی مام جەلال ئەنجامی باشی هەبوو، بە جۆرێك لەو سەردەمەدا پەرلەمانتاران و وەزیرەکانی حكومەت لە بەغدا و هەرێمی كوردستان باشتر کارەکانی خۆیان جێبەجێ دەکرد.

پەرلەمانتار نابێت بێ دەنگ بێت
تاریق جامباز ئەوەشی خستەڕوو کە پەرلەمان لە هەر بارودۆخێكدا بێت، نابێت پەرلەمانتار بێ دەنگ بێت، بەڵكو دەبێت هەڵوێستی هەبێت و بوێر بێت و دەنگەكەشی كاریگەریی دەبێت، هەركاتێك پەرلەمانتار هەڵوێستی هەبێت، لە پڕۆتۆكۆڵی پەرلەماندا تۆمار دەكرێت، دواتر دەتوانێت بیسەلمێنێت كە ئەو لە كۆبوونەوەیەكی دیاریكراودا بە بڕیارێك یان بڕگەی یاسایەك رازی نەبووە و دژی وەستاوەتەوە.
هەروەها وتی: لە خولەكانی رابردوودا، ژمارەیەكی زۆر یاسا دەرچوو، کە دواتر بوون بە بنەمای حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان، هەروەها پەرلەمانتاران هاوكاربوون لەوەی ژمارەیەكی زۆر كتێب لە بارەی یاسا و پرسە جیاوازەكانی تایبەت بە میللەتەكەمان بە زمانە جیاوازەكان چاپ بکرێن ‌و دواتر سوودیان لێوەرگیرا، هەركاتێكیش میوانێكی دەرەوە سەردانی پەرلەمانی کوردستانی بكردایە، یەكێك لەو كتێبانەی پێشكەش دەكرا، ئەمە جگەلەوەی لە خولەکانی رابردووی پەرلەماندا رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان نووسرایەوە و قۆناغی زۆری بڕی، تا گەیشتە ئەوەی راپرسی لەسەر بكرێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەوكاتەوە جێبەجێ نەكرا، بۆیە پەرلەمانێكی كارا دەتوانێ كاری زۆر بکات، بەتایبەتی ئەگەر ئەندامەكانی كەسانی شارەزا و پسپۆڕ و خەمخۆری گەلەکەیان بن، بێ گوێدانە بارودۆخ و رێگرییەكان و زۆرینە و كەمینە.
سوود لە ئەزموونیان وەربگیرێت
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی هەرێم ئاماژە بەوەش دەکات کە دوای پێنج خولی پەرلەمانی كوردستان، زیاتر لە 500 كەس خانەنشین كراون و لە یەكێتیی پەرلەمانتاراندا ئەندامن، زۆربەیان كەسانی شارەزا و پسپۆڕن لە بوارە جیاوازەكاندا، بەڵام بەداخەوە كاتێك خولێكی نوێ دەستبەكار دەبێت، هیچ پرسوڕایەكی ئەوتۆ بەوان و یەکێتیی پەرلەمانتاران ناكرێت، لەکاتێکدا دەبوو وەك راوێژكاری بێبەرامبەر لەپشت كارەكانی پەرلەمان و لیژنەكانەوە بن و هاوكار و پشتیوانی پڕۆژە یاساكان بن، تا یاساكان بە جۆرێك دەربچێت لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندا بەكاربهێنرێت، بەهەمان شێوە حكومەتیش دەتوانێت سوود لە وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان وەربگرێت، كە ئێستا خانەنشین كراون و ئەزمونێكی زۆری كاركردنیان هەیە.
هەر بۆئەوەی پەرلەمانی داهاتوو پەرلەمانێكی كارا بێت، ئەو یاساناسە چەند پێشنیازێكی تر دەكات و دەڵێت: لە خولەکانی رابردووی پەرلەمانی کوردستاندا، چەندین كاری باش كراوە، لە هەمان كاتدا كەموكووڕی هەبووە، بۆیە پێویستە پەرلەمانتارانی خولەكانی رابردوو، ئەزموونی چوار ساڵەی خۆیان، لە پەرلەمان بنووسنەوە و دەستنیشانی خاڵە ئیجابی و سلبییەكان بكەن، ئەمەش دەبێتە رێنیشاندەرێكی باش بۆ ئەندامانی داهاتووی پەرلەمان، بۆئەوەی ئەو هەڵانەی لە رابردوودا کراون، دووبارەی نەكەنەوە و کارە باشەکانیش پەرەپێبدەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان