هەولێر لۆ هەولێرییەکان وەردەگرینەوە

رووەو هەولێر بە پەیامی نوێوە

12:14 - 2024-10-10
دووتوێ
133 جار خوێندراوەتەوە

جەمال ئارێز


یەکێک لەو دەستەواژانەی لە سەرەتای پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بۆ ئەم کەمپینی هەڵبژاردنە سەرنجی زۆربەمانی راکێشاوە ئەوەبوو کە وتی: ئێمە لەم یەکێتییەی ئێستادا ئەوەی دەیڵێین جێبەجێی دەکەین.

بەرهەمی یەکگوتاریی و یەکهەڵوێستی
رەنگە بۆ ئەوانەی زۆر گرنگی بە سیاسەت و گوفتار و رەفتاری سەرکردە سیاسییەکان نادەن، یاخود کوێرەوەیی و نەبوونی پرزەی موتابەعە کردنی هەموو شتێکی لێبڕیوون، ئەو دەستەواژەیەی سەرۆک بافڵ-یش وەک دەیان قسەی دیکەی سەرکردە تەقلیدییەکان تێپەڕیبێت، بەڵام بۆ ئەوانەی موتابەعەی گوفتار و کردارەکانی ئەویان کردبێت لە دوو سێ ساڵی رابردوودا، گەیشتوونەتە دڵنیایی کە بەڵێ هەنووکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزێکی کاریگەر لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق و ناوچەکە و جیهانیش خاوەنی سەرکردایەتییەکی یەکڕیز و یەکگوتار و یەک هەڵوێستەو خاوەنی سەرۆکێکی شەفاف و بەهێزە کە لەماوەی ئەو دوو سێ ساڵەدا ئەوەی وتوویەتی جێبەجێی کردووە، بۆیە بێگومانن لەوەی ئەوەی ئێستاش دەیڵێت لە داهاتوودا جێبەجێی دەکات.

زۆرێک پێیان وابوو زیادەڕۆییە
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ یەکەم دیداری رۆژنامەنووسیی سەرۆکی یەکێتی بۆ کەناڵەکانی ناوخۆ زۆر راشکاوانە وتی: «نابێت برادەرانی پارتی زویربن، من دەمەوێت لە هەڵبژاردندا لێیان ببەمەوە و یەکێتی ببێتە حزبی ژمارە یەک»، ئەگەریش هەیە لەو رۆژەی ئەو قسەیەی کرد، هەندێک لە خۆشمان بە موبالەغە و زیادەڕۆییمان زانیبێت، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا راستیی ئەو گوفتارەی کرد بە کردار.

رێگری لە هەڵبژاردن بە یاسا کۆنەکە
لە دیدارێکی دیکەدا لەوکاتەی کە پارتی پێداگربوو لەسەر ئەوەی لە 15ی 10ی 2023دا هەڵبژاردن بە یاسا کۆنەکە و بە سەرپەرشتیی کۆمسیۆنێکی ئیرادە دزراو و لیستێکی دەنگدەرانی پڕ لە مردوو و ناوی دووبارە و خەڵکی بێ رەگەزنامە و ئاوارە بەڕێوەبچێت، سەرۆک بافڵ لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی یەکێتی دەبێتە رێگر لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، راشکاوانە وتی: ناچینە هەڵبژاردنێکەوە بەو یاسایە و بەو لیستی ناوی دەنگدەرانە پڕ لە کەموکووڕییە و هەر لەوێوە چالێنجێکی ئاراستەی پارتی کرد بۆ گۆڕینی یاساکە و کۆمسیۆنەکە و پاکژکردنەوەی لیستی دەنگدەرانەکە و رایگەیاند ناچمە هەڵبژاردنێکەوە هەر پێش هەڵبژاردن پارتی 11 و لایەنەکانی دیکە سفر.

دادگا بڕیاری دا
ئەوەش چ لەلایەن هەندێک لە چاودێران و هەم لەلایەن بەشێک لە لایەنە نەیارەکانی یەکێتییەوە وا لێکدرایەوە کە ئەوە بیانووە بۆ خۆدزینەوە لە هەڵبژاردن و پێیانوابوو سەرۆکی یەکێتی نە توانای ئەوەی نییە قەناعەت بە پارتی بکات و نە توانای ئەوەشی هەیە ئەو یاسایانە بگۆڕێت، بەڵام بە پێداگریی لەسەر ئەو کەیسە لەڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە توانیی هەموو ئەو تێڕوانینانە ئاوەژوو بکاتەوە و پارتی بخاتە دۆخێکەوە کە ئەو هەوڵی خۆدزینەوە لە هەڵبژاردن و دەستی دەستی کردن لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵی ژێربەژێر لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ئیقلیمی بدات تا لەو میحنەتە رزگاری بکەن، بەڵام دواجار تێز و تێڕوانینەکەی یەكیتی و سەرۆکەکەی سەرکەوت و دادگا بەو ئاراستەیە بڕیاری دا.

توطین و رەتکردنەوەی هەژماری من
نوێترین هەنگاوی سەرۆکی یەکێتی، رەتکردنەوەی بەبانکی کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە لەڕێگەی بانکێکی (متمانە پێنەکراو) لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە و بەڵێندانە بە (توطین)ی مووچە لە بانکێکی عیراقیی متمانە پێکراو، ئەگەرچی زۆر کەس و لایەن ویستیان ئەو بابەتە بە قسەی قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردن وەسف بکەن، بەڵام دواجار بەر لە هەڵبژاردن ئەوەشی لە گوفتارەوە کردە کردار و لەرێگەی دامەزراوە رەسمییەکانی حکومەتەوە فۆڕمی بانکێکی متمانە پێکراو گەیشتە بەشێک لە فەرمانگەکان تا لەو رێگەیەوە مووچەی مووچەخۆران لە بەبارمتەگرتن دەربازی ببێت و چیتر مووچە نەکرێتە کارتی سیاسی و برسیکردن بەدەست حزبێکی قۆرخکارەوە و ئیبتیزازی خەڵک و لایەنەکانی پێ بکات، ئەمە مژدەیەکە بۆ هەولێری و دهۆکییەکانیش و مایەی ئەوەیە کە چیتر ترساندن و برساندن ناچاریان نەکات لە دەنگدان بەو حزبە و بەو سەرۆکە دوودڵ بن.

#129 #هەڵبژاردن #دووتوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان