كێ یاریگای سلێمانی نۆژەن كردەوە؟

12:26 - 2024-10-10
دووتوێ
117 جار خوێندراوەتەوە

ئیسماعیل مەحمود

ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 29/9، لە یاریگای سلێمانی، بەرەسمی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی 129 – ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستیپێكرد و سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانیش لەو مەراسیمەدا ووتەیەكی مێژوویی پێشكەش كرد، وەك وەفایەك بۆ گیانی پاكی مام جەلال -ی رەحمەتی، پێویستە ئەوە وەبیر هەمووان بهێنینەوە كە كێ یاریگای سلێمانی نۆژەنكردەوە و كەی ئەو نۆژەنكردنەوەیە دەستپێكرا و كەی كۆتاییهات و كێ بەرەسمی پاش تەواو بوونی پرۆسەی نۆژەنكردنەوەكە قردێلەی كرانەوەی یاریگاكەی بڕی.

ئەوە مامی رەحمەتی بوو ساڵی 2000 بەرەسمی ئەم یاریگایەی ئێستای كردەوە، ئەوە كاك كۆسرەتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی ئیدارەی سلێمانی ئەوسابوو بڕیاری نۆژەنكردنەوەی دا، ئەوە هەڤاڵ مولازم عومەری جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو ئەركەكەی پێ سپێردرا

لەدوای كۆتاییهاتنی شەڕی نەگریسی ناوخۆ و پاش ئەوەی كوردستان بوو بە دوو ئیدارە، لەم سنوری ناوچەی سەوزەدا، تەنیا یاریگایەك كە هەبوو بشێت بۆ یارییكردن، یاریگای سلێمانی بوو، تا ئەو كاتەش یاریگاكە هیچ مواسەفاتێكی یاریگای شیاوی نەبوو، تەنیا سێ مەدرەجی بچوكی هەبوو، دوان لەملاو لای مەقسورەی یارگا و یەكێكی تر لەوبەرەوە، هیچ جۆرە سیاج و جیاكارییەك لە نێوان ئەم مەدرەجانەو چیمەنی یاریگاكەدا نەبوو، دەرگاکانی هاتنە ناوەوە دوو تا سێ دەرگای ئاسنی كۆن بوون كە بەزنجیر دادەخران، شوێنی تایبەتی خۆگۆڕین بۆ یاریزانان و دانیشتنی میوانی نەبوو، ئەو دوو سێ مەدرەجە یەك كورسی دانیشتنی تیادا نەبوو، هاندەران و ئەمادە بووان لەسەر كۆنكریتی مەدرەجەكان دادەنیشتن و چەندان و چەندان ناتەواوی تر.
وەك لە سەرتاوە ئاماژەم بۆكرد، لە سەردەمی دوو ئیدارەیی هەرێمی كوردستاندا و لەكاتێكدا كە لە هەموو لایەكەوە ئابڵوقە خرابووە سەر زۆنی سەوز، ئا لەو كاتەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری نۆژەنكردنەوەی یاریگای سلێمانی دا.
نۆژەنكردنەوەكە ساڵی 1998 دەستیپێكرد، چاك لەبیرمە 5/9/1998 كاتێك یاریی رێزلێنان لە یادی دووەم ساڵەی شەهید بوونی شەهید فاروق جەباری سەرۆكی یانەی برایەتی تیادا كرایەوە، هێشتا یاریگاكە بە تەواوی كارەكانی قۆناغی یەكەمی كۆتایی نەهاتبوو، هەرلەوێ سەرۆكی حكومەت بڕیاریدا قۆناغی دووەمیش دەستپێبكەن، قۆناغی یەكەم سەرەتا تێكدانی سەرجەم ئەو مەدرەجانە بوو كە پێشتر هەبوون، دواتر لە قۆناغی یەكەمدا هەردوو مەدرەجی ئەملاو ئەولای مەقسورەی یاریگا و مەدرەجی بەرامبەر بە تازەترین شێواز دروستكرانەوە، پاشان قۆناغی دووەمی نۆژەنكردنەوەكە دەستیپێكرد و مەدرەجەكان وەك ئەوەی ئێستا هەیە بەچواردەوەری یاریگادا لێكدران و بەوشێوە بازنەییەی کەئێستا هەیە، مەقسورەی یاریگا بە نوێترین شێواز دروستركرا و چیمەنی یاریگا نوێكرایەوە و یاریگا ئامادە بوو بۆ یارییكردن، دواتر بەرەسمی رۆژی 27/8/2000 واتە 24 ساڵ پێش ئێستا، بەرەسمی لە لایەن رەوانشاد مام جەلال -ەوە بەرەسمی كرایەوە و مەراسیمێكی شایستەی بۆ رێكخرا.
ئەبێت ئەوەش بووترێت ئەوكاتە ئەركی نۆژەنكردنەوەكە حكومەتی ئیدارەی سلێمانی ئەوسا لەئەستۆی گرت كە كاك كۆسرەت سەرۆكایەتیی دەكرد، ئەركەكەش بە هەڤاڵ مولازم عومەر سپێردرا بەوپێیەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، لەو سەردەمە سەختەدا و لەو بارو دۆخە خراپەی دۆخی دارایی و لەگەڵ بوونی چەندین ئابڵوقە لەسەر ئیداەری سلێمانی ئەوكات، بۆ ئەم دوو قۆناغی ئاوەدانكردنەوەیە بڕی 10 ملیۆن دیناری سویسری ئەوكاتی بۆ تەرخانكرا كە ئەوكاتە ئەم بڕە پارەیە بڕێكی كەم نەبوو.
دواتر ئیدارەی سلێمانی ئەوسا نۆژەنكردنەوەیەكی تری بۆ یاریگاكە دەستپێكرد، نۆژەنكردنەوەكە دانانی كورسی پلاستیكی بوو بۆ تەواو مەدرەجی یاریگا، دواتر لەڕێی كۆمپانیایەكەوە چیمەنی یاریگا گۆڕدرا و تارتان لە تراكی یاریگاكەدا دانرا و سیستمی ئاودانی ئۆتۆماتیكی بۆ دابینكرا، مەقسورەی یاریگا شوشە بەند كرا و شوێن و ژووری تایبەتی خۆ گۆڕین بۆ تیپەكان و ناوبژیوانان دروستكرا، دواتریش سەعاتی ناو یاریگای بۆ دروستكراو ئێستا بۆتە ئەم یاریگایەی كە ئێستا هەیە.
بۆیە دەبێت ئەوە وەبیری هەموو وەرزشكارن بهێنینەوە ئەوە مامی رەحمەتی بوو ساڵی 2000 بەرەسمی ئەم یاریگایەی ئێستای كردەوە، ئەوە كاك كۆسرەتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی ئیدارەی سلێمانی ئەوسابوو بڕیاری نۆژەنكردنەوەی دا، ئەوە هەڤاڵ مولازم عومەری جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو ئەركەكەی پێ سپێردرا و یاریگاکە بوو بەم یاریگایەی کە 
ئێستا هەیە.

#129 #هەڵبژاردن #دووتوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان