عەبدولواحید دوکانی
ئەزموونی چەندین ساڵەی حوکمڕانی لەم هەرێمەدا، پێویستی بە گۆڕانکاریی ریشەیی و قووڵە تا گەلەکەمان قەڵەمبازی ئەو چەقینە بدات و چیتر چاومان لەوە نەبێت کە بگەڕێینەوە دواوە و ساڵ بەساڵ بڵێین خۆزگەم بەپار .
چەند ساڵی رابردوو کە جڵەوی حوکمڕانی لەدەستی پارتیدا بووە و خۆیان زۆربەی کات بە پێوانەی حزبی و فیکریی خۆیان هەمیشە پێواویانە، نەیانتوانیووە سەرکەوتن بەدەستبهێنن و بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هەرێمی کوردستان بکەن .
ی.ن.ک لە چەند ساڵی رابردوودا بە مامەڵەی ژیرانە لەگەڵ بەغدادا، لە چەندین تەنگژەی سیاسیی قووڵی نێوان هەرێم و بەغدا، بووەتە فریادڕەس و کێشەکانی چارەسەرکرووە
پرۆژەیاسا و پێشنیازەکانی یەکێتی
راسـتە یەکێتی لە چەند سـاڵی رابردوودا هـاوبەشێک بووە لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا و لـە کابینە وەزارییـەکاندا پشک و ئامادەیی هەبووە، بەڵام هەرگیز پارتی بەو پێـودانگەی خۆی کە دایڕشتووە بۆ سیستمی حکومڕانی، نەیتوانیوە ئەو هاوسەنگییە رابگرێت و ئەو پێشنیاز و پرۆژە یاسایانەی کە ی.ن.ک پێشکەشی کردووە لەبەرچـاو بگرێت کە هـەمیشەش ئەو پرۆژە و پێشنیازە یاسایانە بۆ خزمەتی خـەڵکی کوردستان بووە، بۆیە پـارتی نەیتوانیووە لەبەرامبەر پرسە گرنگەکاندا کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە سەرکەوتن بەدەسبهێنێت، ئەمەش وایکردووە هەم یەکێتی نەتوانێت سـەرکەوتن لە پرۆژە و کارەکانیدا بەدەستبهێنێت و هـەم خۆشی نەیتوانیوە ئەو رۆلێ برا گەورەییەی بەخۆیی داوە لە زۆربەی کابینەکانی حکومەتدا بەباشی ببینێت و بە یەک چاو خزمەتی هەموو هەرێمەکەمان بکات .
لە زۆربەی بابەت و پرسە سیاسییەکانی رۆژدا یەکێتی هەنگاو و بیرۆکە و پرۆژەی عەقڵانی و گرنگی هەبووە کە کوردستانی لە قۆناغێکی پڕ مەترسییەوە دەبردە قۆناغی ئارامی و بەدەستهێنانی دەستکەوتەوە بۆ گەلەکەمان، بەڵام پارتی بایەخی بەو پڕۆژانە نەداوە کە یەکێتی پێشکەشی کردوون و هەمیشە تاکلایەنە بڕیاری لەسەر زۆربەی پرسەکان بە دیدگای بەرژەوەندیی حزبیی خۆی داوە.
ئەویش هەر لە پشکی یەکێتی بووە
ئەگەر بەبیر خۆمانی بهێنینەوە، ی.ن.ک لە چەند ساڵی رابردوودا بە مامەڵەی ژیرانە لەگەڵ بەغدادا و لە چەندین تەنگژەی سیاسیی قووڵی نێوان هەرێمی و بەغدا بووەتە فریادڕەس بۆ دەربازبوون لەو تەنگژەیە و هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکانیش کە یان لە رێگەی سەرۆکەکەی یان مەکتەبی سیاسییەوە یان جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە گەیشتوونەتە ئەنجام کە ئەویش هەر لە پشکی یەکێتییە لەناو حکومەتی هەرێمدا و توانیویەتی زۆربەی پرسەکان چارەسەر بکات و خەڵکی کوردستانیش گەواهیی ئەوەی بۆ دەدەن.
ئێستا بۆئەوەی کە باری لاری حکومڕانی کوردستان جارێکی تر راستبکرێتەوە و هاوسەنگیی هێز بگەڕێتەوە و قەوارە سیاسیەکان لەناو پرسە نیشتمانییەکاندا بگەڕێنەوە و چیتر پارتی بەتەنها نەتوانێت بڕیار لەسەر پرس و بابەتە گرنگەکان بدات و یاری بە چارەنووسی میللەتەوە بکات، دەبێت خەڵکی هەرێمی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا چانسی بردنەوە ببەخشن بە یەکێتی و کاندیدەکانی بۆئەوەی جڵەوی حکومڕانی لە هەرێمدا بگرێتەدەست و ئەمجارە بە شێوازێکی تری عاقڵانە مامەڵە لەگەڵ پرسەکاندا بکرێت.
بۆ گرنگە دەنگ بە یەکێتی بدرێت؟
هەروەها دەبێت دەرفەتێک بدرێت بە یەکێتی تا بیسەلمێنێت کە خزمەتکاری گەلی کوردستانە.
ناکۆکییەکانی نێوان باڵە جیاوازەکانی پارتی لەناو هەناوی حزبەکەیاندا هەمیشە رەنگدانەوەی نەرێنی و نێگەتیڤی بەسەر پرسەکانەوە هەبووە و زۆربەی کاتیش وایکردووە کە پرسەکان بەرەو ئاقاری خراپ و لێکترازان بڕۆن، ئەوەش کاریگەریی لەسەر پرسی سیاسیی هەرێم داناوە، بۆیە بۆ چارەسەری ئەم پرسانە گرنگە خەڵکی هەرێمی کوردستان یەکێتی بخاتەوە ژێر باری ئەو بەرپرسیارێتییە و دەنگی زۆرینەی خەڵکی کوردستانی پێ ببەخشرێت بۆئەوەی کە یەکێتی بە بیرۆکە و بەرنامە نوێیەکەی خۆیەوە بتوانێت باری قورسی هەرێمی کوردستان بخاتە سەر شانی و جارێکیتر ببێتەوە بە پێشڕەوی خەباتی دیموکراسی و خزمەتگوزاری.
پێدەچێت زۆربەمان لە یادمان بێت کە لە سەردەمی حکومڕانیی سەرۆک مام جەلال-دا، هەمیشە یەکێتی سازشی لەسەر دەستکەوتە حزبییەکانی خۆی کردووە بۆ پارتی لەبەر خاتری پارێزگاریی لە یەکڕیزیی و ئارامیی دۆخی سیاسی هەرێم، بۆئەوەش هەمیشە قوربانیی بە خۆی داوە بۆئەوەی کە گەلی کورد جارێکی تر تووشی تەنگژە و ناکۆکی نەبێتەوە، بەڵام پارتی ئەم نەرمی نواندنانەی بە لاوازی لێکداوەتەوە و لەوەشدا لەڕووی قاعیدەی جەماوەرییەوە یەکێتی زیانی زۆری بەرکەوتووە و پارتیش ئەو هەلانەی قۆستۆتەوە بۆ بەدەستهێنان و قۆرغکردنی پۆست و دەسەڵاتی زیاتر لە دامەزراوە هەستیارەکانی هەرێمدا.
خۆ ئەگەر بە ویژدانەوە چاوێک بە پرۆژە و کارەکانی حکومەتی کوردستاندا بگێڕین لە زۆنی سەوزدا، ئەوا کەموکووڕی و ناتەواوییەکان بە روونی هەست پێدەکەین و بە ئاشکرا دەیبینین کە بە چ شێوازێک کارو پرۆژە و ژیانی ئەم خەڵکەی کە لەم زۆنەدایە پشتگوێ خراوە و هەمیشە ئەو کارو پرۆژانە نەگەیشتونەتە ئەنجام.
داڕشتنەوەی هەرێم لە قاڵبێکی نوێدا
بۆیە خەڵکی کوردستان ئەمجارە گرنگە ئەو متمانەیە بداتە یەکێتی و کاندیدە بژاردە و دانسقەکانی تا دۆخی سیاسی و کارگێڕی جارێکی تر لە هەرێمدا لە قاڵبێکی نوێدا دابڕێژرێتەوە و هەڵوێست و کردار و مامەڵەکردن چ لەگەڵ بەغدا چ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بە پێودانگ و بیری نەتەوەیی و ئازادیخوازانە و دیموکراسییانەی یەکێتی ئەبدەیت بکرێتەوە و بخرێتەوە خزمەتی خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان.
بە سەرکەوتنی یەکێتیش قەڵەمبازێکی گەورە دەدرێت بەسەر ئەو کۆسپانەدا رووە و ژیانێکی شایستە و ئارام بۆ هەموو خەڵکی هەرێم بەبێ جیاکاریی لە نێوان ناوچەکاندا.