شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ بەشێک لە جەماوەری سێوسێنان کۆبووەوە

09:51 - 2024-10-11
کوردستان
394 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ هەینی، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە ناحیەی سێوسێنانی قەرەداغ، لەگەڵ بەشێکی زۆر لە کەسوکاری شەهیدان و چین و توێژە جیاجیاکانی سنووری ناحیەکە کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە هەڤاڵ سەرکەوت زەکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی حزبی ناوچەکە ئامادەیبوون، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا رایگەیاند: سێوسێنان مێژووییەکی پڕ لە شانازی هەیە لە شۆڕش و راپەڕینەکانی گەلی کوردستاندا، لە شۆڕشی نوێدا زۆرترین قوربانیداوە، کیمیاباران کراوەو بەهۆیشەوە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانەکەی شەهید و برینداربوون، هەروەک ئەرکێکی زۆری پێشمەرگەی لەسەربووە و وێستگەیەک بووە بۆ حەوانەی پێشمەرگەکانی یەکێتی، تەنانەت لە ناوچەکانی تری کوردستانیشەوە پێشمەرگە رووی لێرە دەکرد، هەربۆیە لە لایەن دوژمنانەوە بەوپەڕی دڕندەیی و دڵڕەقییەوە رەفتاری لەگەڵ دەکرا تا کار گەیشتە کیمیابارانکردنی، بەڵام بەوەش دوژمن نەیتوانی ئێرادەی خەڵکە تێکۆشەرەکەی تێکبشکێنێت و دەرەنجامی ئەو هەموو قوربانیدانە دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگی نیشتمانیی و نەتەوەییە کە دەبێت بەخوێنی خۆمان بیپارێزین.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، باسی لە کەموکورتییەکانی حوکمڕانی هەرێم و پێویستی کارکردنی جددی بۆ گۆڕانکاریی کرد و جەختیکردەوە کە لەئێستادا یەکێتی یەک دەنگ و یەک هەڵوێستە و خاوەنی سەرۆک و بەرنامە و تێڕوانینی راست و رەوانی خۆیەتی، بۆیە دەتوانێت ئەرکی گۆڕانکاریی لەشێوازی حوکمڕانی بەئاراستەی باشترکردنی باروگوزەرانی خەڵک جێبەجێ بکات.

ئامادەبوانیشی هان دا بۆ بەهێزکردنی ئیرادەی گۆڕینی دەسەڵات، لە رۆژی 20ی مانگدا راپەڕینێکی دەنگدان بەرپابکەن و بەشێوەیەکی بەرفراوان دەنگ بدەن بەلیستی 129ی یەکێتی و کاندیدە دڵسۆزەکانی.

#129

بابەتە پەیوەندیدارەکان