سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەنگ بدەن بە یەکێتی، چونکە گۆڕانکاریی گەورە هەر بەو دەکرێت

07:36 - 2024-10-12
کوردستان
338 جار خوێندراوەتەوە

هاووڵاتییانی خۆشەویست و سەربەرزی دەڤەری راپەڕین. لە قووڵایی دڵمەوە سوپاسگوزاری دڵسۆزی و جۆشوخرۆشی یەكێتییانەتانم، هاتن و ئامادەبوونتان گەورەیی بوو بۆ ئێمە و شانازی بەهەمووتانەوە دەكەم.

نزیكی و قسەكردن لەگەڵ ئێوە شەرەفێكی گەورەیە و دەمویست زیاتر لەگەڵتاندابم، بابەتی جیاوازتر باسبكەم و زۆرتر لەگەڵتاندا بمێنمەوە. بەڵام بەهۆی قەرەباڵغیی بێشومار و جۆشوخرۆشی ئێوەی خۆشەویستەوە، ژمارەیەك لە ئازیزانمان ئازاریان پێگەیشت و لەبەر سەلامەتیی هەموولایەك، وتارەكەمان كورتكردەوە تاوەكو هیچ ئازیزێكیترمان تووشی نارەحەتی نەبێت.
سەلامەتی و تەندروستیی ئێوە بۆ ئێمە هەمووشتێكە، بۆیە دەستبەجێ تیمەكانی خۆم راسپارد تاوەكو لەنزیكەوە ئاگاداری دۆخی تەندروستیی ئەو ئازیزانە بن و لەگەڵیان بمێننەوە تاوەكو لە تەندروستییان دڵنیا دەبین.

هەروەها داوای لێبوردن لە هەموو ئەو خۆشەویستانە دەكەین كە بەهۆی گرفتی تەكنیكییەوە نەیانتوانی گوێبیستی وتەكانمانبن، بەڵام دڵنیاییان دەدەینێ ئەوەی وتومانە و دەیڵێین، جێبەجێی دەكەین.

جەماوەری خۆشەویست و سەربەرز
پەرۆشی و هەوڵی دڵسۆزانەتان بۆ سەرخستنی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبیرناكرێت، سوپاسی ئامادەیی و پشتیوانیتان دەكەین. دەیڵێمەوە و دڵنیاتان دەكەم من برای ئێوەم و بۆ هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانتان دەبم، لەهیچ وێستگەیەكدا جێتانناهێڵم و پێكەوە كۆتایی بە خۆسەپێنی دەهێنین، وەكچۆن ئێستا جۆشوخرۆشتان نەیارانی تۆقاندووە و دەنگی زوڵاڵی ئێوە ترسی لەدڵی هەموویاندا چاندووە.

دڵسۆزتان
‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی

#یەکێتی١٢٩
‏#PUK129

#129

بابەتە پەیوەندیدارەکان