لە سەکۆی میدیا جیهانی و ئیقلیمییەکانەوە

لە میدیاکانی جیهانەوە

11:39 - 2024-10-13
جیهان
28 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەمریکا زریان دەبێتە پرسێکی سیاسی

 دوو هەفتە لەمەوبەر زریانی میلتۆن باشووری خۆرئاوای ئەمریکای وێرانکرد، لەم رۆژانەدا فلۆریداشی گرتەوە، میدیاکان باس لەوە دەکەن کە ئایا ئەو رووداوە سروشتییە، چەند کاریگەریی بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەوە هەیە و ئاخۆ سیاسەت و کارەساتی سروشتی، چەندە پەیوەستن بەیەکترەوە؟
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی مەترسی ئەوە دەخاتەڕوو کە ئەو رووداوە کار لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بکات، ئاماژەش بەوە دەکات کە کارۆلینای باکوور یەکێکە لە حەوت ویلایەتی سوینگ کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دیاری دەکات. رۆژنامەکە نووسیوێتی ئەم سیناریۆیە بێنە بەرچاوت، ترەمپ لەو ویلایەتەی ئەمریکا بە چەند هەزار دەنگێک دۆڕا، هەروەک چۆن  لە  2020دا لە ویلایەتەکانی تر دۆڕا، بۆیە کارۆلینای باکوور ئەو ویلایەتە سەرەکییەیە کە سەرکەوتن دەگەیەنێتە کامالا هاریس، هەزاران لایەنگری ترەمپ لە ناوچە دوورە دەستەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نەیانتوانیووە دەنگ بدەن، چونکە ماڵ و حاڵ و  مەیلی دەنگدانیان لەدەستداوە، دەکرێت بڵێین زریانی سیاسی وێرانکەرترە لە زریانی سروشت.


بڕیاری چارەنووسساز لای بەرکەوتووانی زریانەکەیە
 رۆژنامەی دیانا کە لە لیتوانیا دەردەچێت، نووسیویەتی فلۆریدا پشتگیریی لە دیموکراتەکان ناکات و بگرە ویلایەتە دراوسێکانیشی وەک جۆرجیا و کارۆلینای باشوور کاریگەرییان لەسەرە، ئەوان بڕیار لە چارەنووسی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەدەن. دیارە بەهۆی شەڕی دەنگدەرانی ئەو دەوڵەتانە و کەمکردنەوەی کاریگەریی پڕوپاگەندەکانی ترەمپەوە، هەنگاوی بەپەلە لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەدا دەکرێت.  

جەنگی روسیا و ئۆکرانیا
دوێنێ بڕیاربوو ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ئەڵمانیا کۆببنەوە بۆ تاتوێکردنی زیادکردنی پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکرانیا و باسکردنی پرۆژەکەی زیلنسکی بۆ سەرکەوتن بەسەر روسیادا، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا و ئۆکرانیا نائومێدیی نیشانداوە لەوەی کە درەنگ دەکەون، لەسەر ئەمە رۆژنامەی «رۆسیسکاجا گاسێتای روسی» بە پلارێکەوە دەپرسێت: ئایا زریانی میڵتۆن هۆکابوو بۆ دواخستنی کۆبوونەوەکە یان بیانوویەک بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکە. بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، زێلێنسکی نەیتوانیووە قەناعەت بە ئەمریکییەکان بکات و ئێستا ناچار دەکات بەدوای بژاردەی دیکەدا بگەڕێن، دەنگۆی ترسناکیش هەیە کە لەلایەن میدیاکانەوە بۆ بایدن بڵاوکراوەتەوە کە هەندێک لە سیاسەتمەدارانی خۆرئاوایی و تەنانەت ئۆکرانیاش بەدوای دانوستاندا دەگەڕێن لەگەڵ روسیادا.



دوای هەڵبژاردن یەکلایی دەکرێتەوە
بەڵام رۆژنامەی لۆکسمبۆرگە ڤۆرت نووسیوێتی «سەردانەکەی بایدن هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵکو دواخراوە، رەنگە کۆتایی بەو پەیوەندییەش بێت کە ئەڵمانیا و ئەوروپا بۆ دەیان ساڵە لەسەری راهاتوون.
 هەموو ئەندامانی ناتۆ ئاگادارن کە ئەمریکا چیتر نایەوێت ئاسایش لە دیوەکەی تری زەریای ئەتڵەسی بە هەمان چڕیی پێشوو دەستەبەر بکات. بەهەمان شێوەش بۆ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیاش کشانەوە لەو ناوچانەی کە داگیریکردووە زۆر زەحمەتە. هەروەها بۆ ئۆکرانییەکان قورسە کە بتوانن بە شەڕ بیگرنەوە، بۆیە ئەمریکا دەیەوێت دوای بخات بۆ دوای هەڵبژاردن.


هەڵبژاردنی جۆرجیا و مۆڵدیڤیا چی دەگەیەنێت؟
لە کۆتایی تشرینی یەکەمدا، هەڵبژاردنی پەرلەمان لە جۆجیا بەڕێوەدەچێت، لە 20 ی ئەم مانگەش، لە کۆماری مۆڵدۆڤا –ش، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و راپرسی بۆ بوونە ئەندام لەناو یەکێتیی ئەوروپا دەکرێت، شرۆڤەکارانیش هۆکاری ئەم دوو رووداوە لێکدەدەنەوە.
رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی پێیوایە یەکێتی ئەوروپا جارێکی دیکە دەچێتەوە سەر دووڕیانێک، یان دەبێت ئەو تەحەددایە قبوڵ بکات و جۆرجیا بە ئەوروپاوە ببەستێتەوە، بۆئەوەی لە کاریگەرییەکانی روسیا بیپارێزێت، یان ئەندامبوونی رەتبکاتەوە و سازش لەسەر چاکسازییە دیموکراسییەکان بکات و بەو هۆیەوە مەترسیی ئەوە بکات کە جۆرجیا بچێتە ناو چاکسازییەکانی مۆسکۆوە؟


روسیا دەست لە ریفراندۆمەکەیان وەردەدات
ماڵپەڕی ئەگارۆی مۆلدیڤی ئاماژەی بەوە کردووە کە ریفراندۆم بۆ بوونە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر روسیا سەیر دەکرێت، رێک ئەمەش هۆکارێکە بۆئەوەی مۆسکۆ لە رێگەی تاکتیکی جۆراوجۆری دەستکاریکردن و زانیاریی ناڕاستەوە هەوڵی مایەپووچکردنی دەدات و رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران کەم بکاتەوە، ئامانج لێی گەیشتن بە ئەنجامێکی نەرێنی، ناشەرعی یان لانیکەم رێژەی بەشداریکردنێکی لاوازە بە داوای بایکۆت لە دوایین رۆژەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا. رۆژنامەکە هەوڵەکانی هێزە لایەنگرەکانی ناو مۆڵدیڤیا بە مەترسی دەزانێت لەسەر راستیی ئەنجامی ریفراندۆمەکە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان