رۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پاراستنی ژینگەدا

10:32 - 2024-10-14
ژینگە
63 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: ئالان محەمەد جەزا

 



وەک زۆربەمان دەزانین خودی سەرۆك مام جەلال ژینگەدۆست بووە و رۆڵێکی كاریگەری هەبووە لە پاراستنی ژینگەی كوردستان و سەوزکردنیدا، بۆیە بەهەمان رێچكەی مام، سەرۆك بافڵ تاڵەبانیش رۆڵی كاریگەر دەبینێ‌ لە پاراستنی ژینگە و زیادكردنی سەوزاییدا، لەو بارەیەوە تاریق حەمە غەریب قادر بەرێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی وتی: رۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پاراستنی ژینگەدا وەك حزبێك، پێشەنگ بووە، وەک زیادكردنی دارستانەكان لەسەر هەمان رێڕەوی مام جەلال کە خاوەنی بیرۆكەی دامەزراندنی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز بوو، ئەم كۆمەڵەیە نەك تەنها لە كوردستان، بەڵكو لەسەر ئاستی عیراق بۆ یەكەمین جار بوو، كۆمەڵەیەكی لەو جۆرە دابمەزرێ بۆ پاراستنی ژینگە و دارستان و سەوزكردنی كوردستان، وەک ئاشکرایە لە ساڵی 1992 ئەم کۆمەڵەیە دامەزرا، جگە لەوەی مام جەلال وەک سەرۆکی هەرێمی ئەو کاتە، بڕیاری ژمارە 141ی ساڵی 2000 ی دەرچواند كە تایبەت بوو بە پاراستنی دارستانەكان و قەدەغەکردنی بڕینی دار و درەخت و سزادانی سەرپێچیکاران، ئەویش بە پشتبەستن بە بڕگەی (4) لە مادەی (10) ی یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 1992، ئەم یاسایە لە عیراقدا لە دوای ئەو یاسایە دێت، بە ژمارە (75) ساڵی 1955 دەرچوو بوو، واتە لەو سەردەمەوە تا بڕیارەكەی سەرۆك مام جەلال، هیچ یاسایەك نەبوو بۆ پاراستنی دارستان و ژینگە و خودی سەرۆك مام جەلال هاندەر و سەرپەرشتیاری چەندان هەڵمەتی نەمام چاندن بووە لە سلێمانی بەتایبەتی و كوردستان بە گشتی.  

مام جەلال وەک سەرۆکی هەرێم، بڕیاری ژمارە 141ی ساڵی 2000 ی دەرچواند، كە تایبەت بوو بە پاراستنی دارستانەكان و قەدەغەکردنی بڕینی دار و درەخت و سزادانی سەرپێچیکاران

 

رۆڵی دادە هێرۆ لە سەوزكردن و پاراستنی ژینگەدا
دادە هێرۆ رۆڵی كاریگەر و بەرچاوی هەبوو لە پاراستنی ژینگەی كوردستاندا، بۆ یەكەمجار لەسەر بڕیاری بەڕێزیان نەمامگەیەك بنیادنرا كە هاندانێك بوو بۆ ئەو تازە دەرچوانەی لە كۆلێژی كشتوكاڵ خوێندن تەواو دەكەن، ئێستاش زۆری ئەو كەسانە خزمەتی ژینگەی كوردستان دەكەن.

 

 


 

رۆڵی سەرۆك بافڵ لە پاراستنی ژینگەی كوردستاندا
بە هەمان رێچكەی سەرۆك مام جەلال سەرۆك بافڵ تاڵەبانی لە خەمی پاراستنی ژینگەدایە، لەساڵی 2022 بۆ 2023 لەسەر بڕیاری بەڕێزیان هەڵمەتێكی چڕ جێبەجێکرا بۆ ناشتنی نەمام و سەوزكردنی كوردستان لە سلێمانی و زۆنی سەوز تا ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیش لەو هەڵمەتدا سوودمەند بوون، ئەمەش جەخت لەوە دەكاتەوە كە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، رۆڵی كاریگەری هەیە لە پاراستنی ژینگە و دارستان و رووبەری سەوزایی و گرنگیی زۆری بە ژینگە داوە. 
سەبارەت بەو بابەتەش کامەران حەمە ساڵح (كارگه‌چی/ كامه‌رانی باخچه‌كان) به‌ڕێوەبه‌ری پێشووی باخچه‌كانی سلێمانی، باسی له‌و پرۆژه ‌و كارانه‌ كرد كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ‌ ژینگەی کردووە و وتی: ی.ن.ک لە دروستبوونییەوە یەکێک لە دروشمەکانی جوانکردن و پەرەپێدانی زیاتری ژینگە بووە، لە دەسەڵاتی ناوچەکانی زۆنی سەوزدا هەمیشە هەوڵی باش دراوە یەکێک لە هەرە کارە گرنگەکانی بۆ مێژوو پڕۆژەی ئاوی گوند و شار و شارۆچکەکانە کە بەرنامەی پڕۆژەی ئاو لە ناوەڕاستەکانی نەوەدەکاندا بە رێنمایی و بەدواداچوونی بەڕێز مام جەلال بوو، لەگەڵ رێکخراوە بیانییەکان بەتایبەت یونسێف دەستکرا بە پڕۆژەی ئاو، هەموو گوندەکانی ئەم سنورەی دەسەڵاتی یەکێتی سوودمەندبوون لەو پڕۆژانە، لەگەڵ پڕۆژەی ئاو دەستکرا بە دابەشکردنی کەرتی کشتوکاڵ بۆ زیاترکردنی بەروبوومی کشتوکاڵیی، چاندنی دار و درەخت و سەوزکردنی گرد و شاخ و شەقامەکانی سەر رێگەی هاووڵاتیان، بوژانەوەی شوێنە گەشیارییەکانیش نموونەیەکی دیارە بۆ سەوزکردنی ئەم ناوچانە.
سەوزکردن و دروستکردنی پارک و باخچەکان
هاوکات کامەران حەمە ساڵح باسی لەو پڕۆژە ژینگەییانە کرد کە لەماوەی 30 ساڵی رابردوودا بە هەوڵ و توانای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جێبەجێکراون وتی: بێگومان ئەو پڕۆژانەی کراون لەو ماوەیەدا زۆر زۆرن، بەڵام بۆ نموونە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیجییە گەورەکان هێنانی هێڵی دووەمی ئاوی سلێمانی بوو لە دوکانەوە کە شاری سلێمانی و چەمچەماڵ سوودمەندن بوون لەو پڕۆژەیە. لەگەڵ سەوزکردن و دروستکردنی پارک و باخچە و سەوزکردنی بلوارەکان لە شار و شارۆچکەکان نموونەیەکی دیکەن بۆ ئەو کارانە جگە لە دروستکردنی پارکی ئازادی و پارکی هەواری شار و چەندین پارک و باخچەی دیکە لە رانیە و هەڵەبجە و گەرمیان و چەمچەماڵ و زۆر شوێنی تر. 
لەبارەی ئەوەی ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان ژینگەی زۆنی سەوزی سەر بە دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ژینگەی زۆنی زەرد بەپێی ستانداردی جیهانیی بۆ ژینگە، کامەرانی باخچەکان وتی: شار و شارۆچکەکانی زۆنی سەوز زۆرترین سەوزایی و دارستانی هەیە، بۆ نموونە گەر بەراورد بکەین بۆماوەی 8 ساڵە شاری سلێمانی زۆرترین سەوزایی و باخچە و زۆرترین درەختی تێدا چێنراوە، چ لە شارەکانی کوردستان و لە عیراقیشدا، کە بەپێی راپۆرتی کەشناسیی کەمترین پلەی گەرما لە هاویندا لێرە تۆمارکراوە، ماوەی هەشت ساڵیشە زۆرترین باران لە سلێمانی دەبارێت لەچاو شارەکانی تردا، ئەوەش بەڵگەیە بۆئەوەی زۆرترین رێژەی سەوزایی لەم ناوچانە هەیە.
هەروەها باسی لەوەش کرد سلێمانی لەساڵی 2018 ەوە چۆتە نێو ستانداردی جیهانیی رێژەی سەوزایی کە 18.4ی تێپەڕاندووە، ئەوەش مژدەبەخشە و بەرەو هەڵکشان دەچێت لە داهاتوودا. 

 

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان