رەفعەت عەبدوڵڵا، لە دیدارێکی رۆژنامەنووسیدا، کە دوێنێ لە مەکتەبی رێکخستن بەڕێوەچوو، رۆشنایی خستە سەر بەرنامەی نوێی کارکردنی یەکێتی و پێگەی گرنگی ی.ن.ک-یشی روونکردەوە.
لەدیدارەکەدا، رەفعەت عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشیاری بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی روونیکردەوە: یەکێتی لە چەند ساڵی رابردوودا بە کۆمەڵێک هەوراز و نشێودا تێپەڕی، بەهۆیەوە جۆرێک لە فەرە خیتابی و فرە جەمسەریی دروستبوو کە ئەو حزبەیان بەرەو لاوازی دەبرد، بەڵام لە سێ ساڵی رابردوودا و بەتایبەتیش لەدوای پێنجەمین کۆنگرەوە یەکێتییەکی یەکڕیز و یەکگوتار هاتووەتە ئاراوە کە دەتوانێت لەئاستی تەحەدییەکانی بەردەمیدا بێت و ئەوەشی بە کردەوە سەلماندووە.
وتیشی: ئێستا یەکێتی لەسەر ئاستی ناوخۆ و عیراق و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش هێزێکی کارا و گوێلێگیراوە و دوو ساڵی رابردوو لە بابەتەکانی پێکهێنانی حکومەتی عیراقدا سەنگی ئەم حزبەی ئێمە بەتەواوەتی بۆ لایەنەکانی بەغداش روونبووەوە. لەئاستی ناوخۆشدا ئەو یەکڕیزیی و یەکگوتارییەی یەکێتی و روئیا نوێیەکەی بۆ حوکمڕانی، ئەو شێوازی خۆسەپێنییەی لایەنێک بەسەر کۆی جومگە سەرەکییەکانی حوکمڕانیدا رەتدەکاتەوە و کە دروشمی دەیڕوخێنین و کۆتایی پێدەهێنین-ی لەم بانگەشەیەدا بەرزکردووەتەوە، مەبەستی یەکێتی ئەزموونەکە و حکومەتەکەمان نییە کە خۆی خەباتی لەپێناودا کردووە و خوێنی بۆ بەخشیوە، بەڵکو مەبەستی لە رووخاندنی ئەو دیدگا و تێڕوانینەیە کە هەنووکە حوکمڕانیی پێ دەکرێت و لایەنێک بە ئاشکرا سیاسەتی برسیکردنی هەموو خەڵک و خوڵقاندنی قەیران لەدوای قەیران و سزادان و جیاوازیکردن لەنێوان خەڵک و ناوچە جیاجیاکاندا پەیڕەو دەکات، یەکێتیش دەیەوێت ئەو تێز و تێڕوانینە بڕوخێنێت.
ئەوەشی روونکردەوە کە دەوترێت ئێستا یەکێتی یەک دیدگا و یەک گوتار و سیاسەتی هەیە، مانای ئەوە نییە کە یەکێتی بیروڕای جیاوازی تێدانییە، بەڵام وتی: «هەموو بیروڕاکان دەخرێنەڕوو و بە دیالۆگ و موناقەشە لەسەر سیاسەتێکی یەکگرتووانە ساغ دەبێتەوە و ئەوە دەبێتە بڕیاری سەرۆک و سەرکردایەتی و هەمووانیش ئەوە جێبەجێ دەکەین و دەبێتە نەخشەڕێگەی کارکردنمان».
رەفعەت عەبدوڵڵا وتیشی: رابردووی دوو سێ ساڵی رابردووی یەکێتی لە بەغدا و هەڵبژاردنی پارێزگاکان و ئەو بەڵێنانەی کە داوێتی و جێبەجێی کردوون، رۆڵی هەبووە لەو متمانەیەی کە خەڵک بە یەکێتیی پەیدا کردووەتەوە و وتی: ئێستا ئیتر یەکێتی روو لە هەورازە و زۆربەی قەیرانەکانی تێپەڕاندووە.
لەبارەی 16ی ئۆکتۆبەریشەوە ئەوەی روونکردەوە کە ئەو سەردەمە دۆخی یەکێتی لە قۆناغی نشێوییەکەدا بوو، بۆیە نەیارەکانی ئۆباڵەکەیان خستەسەر یەکێتی، بەڵام کوردی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان لە هەرسێ هەڵبژاردنی 2018 و 2021 و 2023 دا بە دەنگەکانیان وەڵامی نەیارەکانیان دایەوە و یەکێتییان بردە پلەی یەکەمەوە و خیانەتکاری راستەقینەیان ئاشکراکرد.