كۆمەڵانی ستەمدیدەی خەڵكی كوردستان!
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییە قارەمانەكان و تێكۆشەرانی دێرین و زیندانیانی سیاسی و كەمئەندامانی سەنگەر و رێكخستنە دێرینەكان، مامۆستایانی ئایینی و فەرمانبەران و مامۆستایان و مامۆستایانی زانكۆ و خانەنشینانی مافخوراو، خوێندكارانی رۆشنفكر، كرێكاران و جووتیارانی زەحمەتكێش، گوندنشینانی پەناگەی شۆڕش، ژنان و پیاوان و گەنجانی تێكۆشەر، رۆژنامەنووس و نووسەر و رۆشنبیرانی بەهەڵوێست، كاسبكاران و هەژارانی وڵاتەكەم، رێكخراوە خێرخوازەكان و سەرمایەدارانی نیشتمانپەروەر، ئەندازیاران و پزیشكان و كارمەندانی ماندونەناسی تەندروستی، پارێزەران و مافپەروەرانی هێژا، خاوەن پێداویستییە تایبەتە بەڕێزەكان، وەرزشكارانی ئازیز، كوردانی تاراوگەی نەهامەتچێژ، ئەی ئەوانەی لەدەستی نادادی و ناڕەشیدیی دەسەڵات، سەری خۆتان هەڵگرتووە.
دانیشتووانی ئازیزی هەولێری خۆڕاگر و هۆلاكۆ بەزێن، سلێمانی ئەی شاری رۆشنبیری و هەڵمەت و قوربانی، خەڵكی ستەمدیدەی سنووری پارێزگای كەركوكی قودسی كوردستان، دهۆكی مقاوەمەت و بێشەی شۆڕشی نوێ و هەڵەبجەی سیمبولی ئاشتی و مەزڵومیەتی كورد، دانیشتووانی تێكۆشەری ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان، سۆران، راپەڕین و زاخۆ.
ئازیزان، هەروەك چۆن لەڕابردوودا بەهەڵوێستی جوامێرانەتان و بەگیانی خۆتان داكۆكیتان لە قەوارەی هەرێم و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان كردووە، ئێستاش دەرفەتێكی زێڕین هاتووەتە پێشەوە دەتوانن بە دەنگەكانتان قەوارەی هەرێم بپارێزن و هاوسەنگی هێز لە هەرێم بگۆڕن و ئەو لادانەی لە شێوازی حوكمڕانیدا دروستبووە راستبكەنەوە، دەتوانن لەڕێی دەنگەكانتانەوە بەدەسەڵات بڵێن مانەوەتان لە دەسەڵاتدا یاخود لادانتان لەسەر كورسی دەسەڵات بەندە بە دەنگ و ئیرادەی گەلی كوردستانەوە، دەتوانن بە دەنگدان بە لیستی ١٢٩ی یەكێتی، یارمەتیدەر و بەشداربن لە پێكهێنانی حكومەتێك كە گوێ بەمەینەتی و داخوازییەكانتان بدات و كۆتایی بە سەردەمی قۆرخكاریی بهێنن.
داواتان لێدەكەم قۆڵی مەردایەتی لێ هەڵماڵن و خۆتان و كەسوكار و دراوسێ و هاوڕێكانتان بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بە دەنگدان بە كاندیدانی دڵسۆزی لیستی ١٢٩ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، داستانێكی دیموكراسی ئەوتۆ تۆماربكەن كە ببێتە پەند و وانە بۆ هەر دەسەڵاتدارێكی بێباك و خۆسەپێن.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی (ی.ن.ك)