قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، لەگەڵ ئەندامانی بازنەی وەرزشی کەمپینی هەڵبژاردنی یەکێتی لە ئیدارەی راپەڕین کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە بە وردی ئاگاداری کێشە و گرفتەکانی کەرتی وەرزش و وەرزشوانانن. وتیشی، سەرباری ئەوەی کە وەک حکومەت بە گشتی کەمتەرخەمی هەبووە بەرامبەر بە کەرتی وەرزش، بەڵام بەو حاڵەشەوە لەو یارمەتیدان و بودجە کەمەی بۆ وەرزش تەرخانکراوە، جیاکارییەکی زۆر کراوە لەنێوان شار و ناوچە جیاوازەکاندا و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان پەراوێزخراون.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد کە ئەم یەکێتییەی ئێستا جگە لەوەی دەیەوێت کۆتایی بەم جیاکارییە بهێنێت، بەرنامە و پلانیشی هەیە بۆ پێشخستنی کەرتی وەرزشی کوردستان.
روونیشی کردەوە پلانی یەکێتی بە پیشەیی کردنی وەرزش و بەهێزکردنی خولە وەرزشییەکانە.
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا چارەنووسسازە، چونکە کاتی گۆڕانکاریی ریشەیی لە شێوازی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان هاتووە و تەنها لایەنێکیش کە توانای راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی هەیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش دا کە یەکێتی بۆردێکی تایبەتی بۆ پشتیوانیکردن و پێشخستنی کەرتی وەرزش پێكهێناوە و خۆشی ئەندامی بۆردەکەیە. وتیشی، وەکچۆن لە رابردوودا بڕیاریاندا بڕی زیاتر لە سێ ملیارد دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگاکان و دابینکردنی پێداویستی بۆ یاریگاکان تەرخان بکەن، لە داهاتووشدا یەکێتی بە هەموو تواناوە بەردەوام دەبێت لە پێشخستنی کەرتی وەرزشی کوردستان.