هەولێر، تەها عەبدوڵڵا
حكومەتی هەرێمی كوردستان تەئكیددەكاتەوە كە «ئامادەیە بۆ رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و چارەسەری كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور»، ئاماژە بەوەش دەدات «وەفدی دانوستانكاری هەرێم ئامادەیە سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتوگۆ لەسەر كێشەكان».
لەوبارەیەوە، ئیمان ئامێدی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: بەردەوامبوونی گفتوگۆ لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵدا، خواستی هەموولایەكە، لە پێناوی كۆتاییهێنان بە كێشەكان، بۆ ئەمەش پێویستە دەستوور بكرێتە بنەما، وتیشی: پێویستە لایەنە كوردستانییەكان لەسەر بەرنامەیەكی هاوبەش رێكبكەون و لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیە گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا بكرێت، ئاماژەی بەوەش دا «یەكخستنی بۆچوونی هەرێم بەرامبەر بە گۆڕانكارییەكان و ئامادەبوون بۆ هەر ئەگەرێك، پێویستە و نابێت فەرامۆش بكرێت».
هەر لەوبارەیەوە، ئارەزوو مەحمود ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: پێویستە بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم چارەسەر بكرێن، وتیشی: پێویستە لە گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و هەرێمدا تەئكید بكرێتەوە لە جێبەجێكردنی مادەی 140 و كۆتاییهێنان بە بارودۆخی ئێستای ناوچە دابڕێنراوەكان، هەروەها دەستەبەركردنی بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.